بەو دواییە بۆ زیاتر شارەزابوون لە کۆمەڵگای جوو و وڵاتی ئیسڕائیل، چەند درامایەکی ئیسڕائیلیم سەیر کرد کە ئەوانە هەندێکیانن: Fauda, Unorthodox, Shtisel
لەو چەند درامایە بیرۆکەیەکی زۆر باشم وەرگرت دەربارەی کۆمەڵگای ئیسڕائیلی و جووە ئۆرتۆدۆکسە دیندارە تووندڕەوەکان، وداب ونەرێتی جووەکان بە گشتی.
بەڵام لە دوا درامادا بە ناونیشانی: Beauty Queen of Jerusalem
شاجوانی جیروسالم، تووشی شۆک هاتم لەبەر ئەو هەموو ڕق وقینەی لەو زنجیرە درامایە هەیە دژی کورد! بەڵێ کورد! من تا ئێستا نەمزانیوە جووەکانی کوردستان یان کوردە جووەکان هێندە وێنەیان شێواە بێ لە نەزەری کۆمەڵگای جووی ئیسڕائیلی! ئەمن زانیومە کە کوردە جووەکان ڕۆڵێکی بەرچاو وقارەمانانەیان هەیە لە بەرگری لە ئیسڕائیل، ودەیان کەسایەتی وەزیر وگەورەیان لەناو هەڵکەوتووە.
دراماکە باسی بارودۆخی کۆمەڵگای جووی فەڵەستین دەکات لە سەردەمی عوسمانییەکان و دوایش سەردەمی ماندەیتی یان ئینتیدابی بەریتانی.
هەموو درامایەکە لە ڕێگای ژیانی خێزانێکی بازرگانی جووی شەرقی یان سەفاردیم، نیشان دەدرێت، کە چۆن بیردەکەنەوە وچۆن هەوڵی دامەزراندنی ئیسڕائیل دەدەن تا ڕزگاربن لە جەوروستەمی عوسمانی و عەرەب و ئینگلیز!
دراماکە لەسەر ڕۆمانێکی بە هەمان ناوەوە بنیات نراوە: Beauty Queen of Jerusalem
لە نووسینی: Sarit Yishai Levy ئەگەر نەمزانیبا نووسەری ئەو درامایە جوێکی ئیسڕائیلیە، ڕەنگە بمگوتبا کە عەرەبێکی ئیسلامی ڕەگەزپەرستی دژی کورد نووسیبێتی!
ئەو خێزانە جووە پێکهاتووە لە دایک وباوکێک و کوڕێکیان، کە هەر لە سەرەتای دراماکە باوکەکە دەمرێت لە داخی ئەوەی کوڕەکەی حەز لە کچێکی جووی ئەشکنازی واتە جووەکانی ئەوروپا وڕووسیا دەکات!
یەکەم کەس کە ئەو پەیوەندیە ئاشکرا دەکات وەک کەسێکی پیس و دووزمان، کابرایەکی کورد دەبێت! دوایی گابرایل وەک بازرگانێک کوردێک دێتە لای ودەڵێ بۆچی ئەو کەل وپەلانە هاوردە دەکەیت، ئێمە کێڵگەمان هەیە خۆی بەرهەمیان دەهێنێ، و قۆڵی گابرایل دەبڕێ وسەحرای پێ دەفرۆشێ!
جارێکیتر کە خێزانی گابرایل بە دوای زاوایەک دەگەڕێن بۆ کچە هەڵەپاسەکەیان شاجوانی جیروسالیم، ژنێکی دەلال باسی چەندین کوڕە جووی ناودار و دەوڵەمەندیان بۆ دەکات، لە نێویاندا فلانی کوردی! باوکی کچەکە یەکسەر دەڵێ: نانانا، قەت نامەوێ تێکەڵاوی کورد بین!!!
کە گابرایل تووشی زیان و زەرەر دێت، ناچار قەرز بە سوو وەردەگرێت، لە ڕێگای کەسێکی ناوەندەوە، کە زوو زوو پێیدەڵێ: خاوەن قەرزەکە خەڵکێکی ئاسایی نین و زۆر تووندوتیژن، پارەکەیان لەکاتی خۆی نەدەیتەوە ڕەنگە بتکوژن!
دوایی دەردەچێ ساحێب قەرز مەردۆخی کوردییە! مەردۆک بەخۆیی سێ چوار چەورە هەموو جەستەی گابرایل دەشکێنن لەبری قەرزەکە، کە دوایی کوڕی خەزوری ئەفرایم کە تووندڕەوێکی ڕێکخراوی هاگانایە، تۆڵە لە مەردۆکی کوردی دەکاتەوە دوو قاچی سەقەت دەکات!
ئەخر ناکرێ لە یەک دراما چوار جار باسی کورد بکەیت، بۆ جارێکیش بە باش باس نەکرێ، هەر بۆ هاوسەنگی؟!
لە فیلمی ئەمریکی کە ڕەشێک سەرۆکی تاوانبار و دز و جەردەکانە، بۆ هاوسەنگی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە ڕەشپێست دەبێ، نەک ڕەشەکان هەمووی موجریم وپیاوکوژ و دز دەرکەن، هەتا واقیعیش وابڵێ!
تۆ بڕوانە چەتە عەرەبەکانی شێخ ئەمین حوسەینی هاوڕێی هیتلەر، دەیان جار بەسەر گەڕەکی جووان دادەدەن و دروشمی: فەڵەستین خاکی ئێمەیە، جووەکانیش سەگی ئێمەن! دەڵێنەوە
“Palestine is our land, the Jews are our dogs,”
دەیانکوژن و ژنیان لاقە دەکەن، ژنی خودی گابڕایل ڕۆزا لاقە دەکەن و منداڵێکی ئەسمەری عەرەبیشی دەبێ، کەچی کەس قسەیەکی ناشیرین بەرامبەر عەرەب ناکات و هەتا ئەو گابڕایلەی کە وا سووکایەتی بە کورد دەکات جارێکیان کە عەرەبێک دەکوژرێ دەڵێت: کەی ڕوویداوە ئێمە پیاوێک بکوژین تەنها لەبەرئەوەی عەرەبە؟!
“When did it happen that we kill a man just because he’s an Arab?”
کەچی دەڵێ: نا، نا، نا ماڵباتی ئێمە نامانەوێ قەت تێکەڵ بین بە تایبەتی لەگەڵ کورد!!!
ئەوەی من تێناگەم ئەوەیە، ئایا بڵێی جووەکوردەکانیش وەک کورد ناویان زڕێنرابێ، یان بەڕاستی باقی جووەکانی ئیسڕائیل وا بۆیان بڕوانن، یان ئەو نووسەر ئیسڕائیلیە ساریت یاشای لیڤی Sarit Yishai Levy خۆی لە ڕێگای عەرەب و تورکەوە ئەو حیقد و ڕقەی لە دژی کورد بۆ گواستراوەتەوە؟!
هیوادارم هەر کوردێک ئینگلیزی دەزانێ بچێتە سەر ویکپیدیا و لە ژێر ڕیڤیوی ئەو زنجیرەیە ئیدانەیەک بۆ نووسەرەکەی بنوسێت، من نووسیمە، زۆر سوودی دەبێت کوردێکی زۆر ڕەخنەیان لێبگرێت!
محەمەد هەریری
٤/٩/٢٠٢٢
Discussion about this post