حەیدەر عەبدولڕەحمان : لە غیابی داھێنانی شانۆیی و دەستەپاچەیی زۆر لە شانۆکارانی ئێمە بۆ بە فریا کەوتنی شانۆ لەو تەنگژەیەی تێی کەوتووە , کۆمەڵی تەوژمی ناوازە دزێویییان کردۆتە نێو رەوشی شانۆی کوردی , بۆ ئەوەی ببن بە ئەلتەرناتیفی شانۆی جاد.. بێگومان
ئەو تەوژمە دژە داھێنانەش زادەی زەمەنێکن کە تێیدا زۆرینەی رەوتەکان بە ئاراستەیەکی بازرگانی دەڕوات , کە تێیدا پاراستنو خستنە بەرچاوی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان دەبن بە پێوەر بۆ ھەر پرۆسەیەک .. ئەم جۆرە دیاردانەی سەرھەڵدانی شانۆی بازرگانی بە بێ بڕیار دێنە پێشەوە بەڵکو بە شێوازێکی سروشتی دروست دەبن بەھۆی نەبوونی ئەلتەرناتیفیش بەشێک لە کۆمەڵگا ناچاری ئەوە دەبێت کە وەری بگرێت ..دەکرێ بڵێین ئەزموونی ئێمەش لە گەڵ شانۆی بازرگانی ئەزموونێکی نوێ یە , لە بەر دوو ھۆ : یەکێکیان لە بەر ئەوەی پرۆسەی شانۆ لای ئێمە وێڕای دەست کورتیمان لە شانۆدا بەڵام بە گشتی پرۆسەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە , پارچەیەک بووە لە سیاسەتی گشتی کۆمەڵگا و ھەلو مەرجەکانی , بە ھەموو ستایل و شێوازەکانییەوە , بۆیە ھەمیشە شانۆ وەک دۆزێکی نەتەوەیی ھەڵسوو کەوتی لە گەڵدا کراوە , دووھەمییان : شانۆ فاکتەرێک نەبووە بۆ پەیدا کردنی بازاڕ , کە تێیدا کەرتی تایبەت بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی تێیدا رەچاو بکات و نەخشەی بۆ بکێشێ , بەڵکو گرنگتر لە بازاڕ گەیاندنی پەیامێکی نەتەوەیی بووە کە خۆی لە شانۆدا بەرجەستە کردووە …بە ھەند وەرگرتنی پەیامەکەش بووە وای کردووە کە بینەرو شانۆ ببن بە پێکھاتەیەک و ھۆڵەکانیش ھەمیشە تەژی بن لە بینەر , ئەم حاڵەتەش بە مانای نرخاندنی ئاستی ھونەری و ھزری شانۆگەرییەکان نەھاتووە ,بەڵکو بەر لەوە ئەو پەیامە بووە کە شانۆ ھەڵی گرتووەو بینەر لێی وەرگرتووە , ئەم پێوەرە رەنگە بۆ ئەو زەمەنە بۆتە زەرورەتێک , بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نیە کە شانۆ تا ئەبەد لە سەر ئەو ریتم و شێوازە بەردەوام بێت , مادام شانۆ وەک پارچەیەکە لە دیاردەکانی سەردەم و پێکھاتەکانی لە گۆڕان دایە , ھەموو دەرگاکان کراوە دەبن لە بەردەم شانۆدا ..
بە گشتی شانۆی بازرگانی لە زۆر وڵاتی جیھاندا سەر ھەڵدەدات , بەڵام زێتر لەو دەمانەدا کە شانۆی جاد دووچاری قەیران دەبێت و بۆشاییەک لە گۆڕەپانەکەدا جێ دێڵێ , بەڵام ئەو ھاوکێشەیەی کە لای ئێمە جۆرە تێکەڵاوییەک دروست دەکات ,تێکەڵ کردنی شانۆی تەھریجی یە , بە شانۆی کۆمێدی , شانۆی کۆمێدیش بە مانای رووت بوونەوە نیە لە ھونەری شانۆ , بەڵکو بەر لە دوو ھەزار ساڵ ئەرەستۆ کۆمێدیای بە ھونەرێکی سەخت ناوزەد کردووە نەک ئەو بە پێکەنین ھێنانەی کە بۆ ختۆکە دانی بینەر ئەنجام دەدرێت .. قسەو باس لەمەڕ شانۆی کۆمێدیی و شانۆی بازرگانی زۆر ھەڵدەگرێت , بەڵام ئەو پرسیارەی لەو نێوەندەدا دەبێت بکرێت ئەوەیە ئایا شانۆی تەھریجی وەک ئەوەی ئێستا ھەندێ گروپ لە شاری سلێمانی ئەنجامی دەدەن ئەگەر بینەریشی زۆر بێت و داھاتی باشیش بە دەست بێننێت دەبێتە ئەلتەرناتیفی شانۆی جاد ؟ یا دەتوانێت لە بڕی ھوشیاریی شانۆیی کۆمەڵگا زێدە کات , یان بە شێوەیەکی دیکە بڵێَین ئەو شانۆگەرییانە کە لاسایی کردنەوەیەکی ناڕاستەوخۆی ھەندێ شانۆگەری بازرگانییە دەتوانن ئەو چێژە شانۆییە بە بینەر ببەخشن کە کاریگەرییە ھزری و دەروونیی و رۆحییەکانی لە سەر ھزرو خەیاڵی بینەردا بە جێ بێڵێ ؟ یاخود بە پێچەوانەوە دەبن بە فاکتەرێکی نەگەتیفانە بۆ نزم بوونەوەی ئاستی ھوشیاریی شانۆیی و راماڵینی چێژی شانۆیی لای بینەر ؟
دەبێ بزانین کە بەرز بوونەوەی ئاستی ھوشیاریی شانۆیی لە بەرھەمھێنانی داھێنان و پێشکەش کردنی شانۆی جاد دایە , لەو پێو دانگەشەوە ئەرکی شانۆ نیە کە ئاستی خۆی بە شێوەیەک دابەزێنێ کە بگاتە نزمترین ئاستی تێگەیشتنی بینەر , ئەگەر وابێ شانۆ ھیچ ئەرکێکی نامێنێ لە زیندوو کردنەوەو تێر کردنی رۆحی بینەر , بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت شانۆ لە ئاستێکی باڵا تر لە ئاستی تێگەیشتنی بینەر بێت , بۆ ئەوەی ھەمیشە بینەر بە دوای ئەو فاکتەرانەدا بگەڕێت , کە دەیگەیەنێتە ئاستی شانۆ .. ئەمە لە رووی ھوشیارییەوە , لە رووی پەروەردەییشەوە ناکرێت شانۆ پەروەردەیەکی نادروستی بینەر بکات و وای لێ بکات کە بکەوێتە دەرەوەی شانۆو ئەرکی تەنھای بینینی دوور بە دووری شانۆ بێت و نەتوانێت ببێت بە پارچەیەک لە شانۆ , وەک بینەری ئەو شانۆگەرییە تەھریجیانەی کە بینەر بۆ کوشتنی کات دێنێتە ھۆڵی شانۆو بە دەست بە تاڵیش بە رێیان دەکاتە دەرەوەی ھۆڵ ..
لە قۆناغێکدا کە بینەر بەو شێوازە پەروەردە کرابێت , ئاستەمە بۆ ئەو بتوانێت ھەڵسوو کەوت لە گەڵ شانۆی نوێ دا بکات , بۆیە ھەمیشە کەمتر ئارەزووی نزیک بوونەوە لە شانۆی جاد , یا شانۆی نوێ دەکات , ئەو ژمارە زۆرەی بینەریش کە لە شانۆی تەھریجیدا لە شارێکی وەک شاری سلێمانی باسی لێوە دەکرێت ئاکامی ئەو پەروەردە نادروستەیە کە لێی راھاتووە ,
ئەم تەوژمە کاریگەری نەگەتیفانەی بە سەر شانۆکارە لاوەکانیشدا ھەیە , کە زۆربەیان بە دوای داھێناندا دەگەڕێن و دەیانەوێت شانۆ ھەیمەنەتی خۆی لە گۆڕەپانەکەدا بگێڕێتەوە , وایان لێ دەکات ھەندێکییان لە دەرەنجامی پەراوێز خستنیان لە لایەن دەزگا شانۆییەکان و ھان نەدانییان دووچاری جۆرێک لە سارد بوونەوە و داڕمان بووبن لە رووی دەروونییەوە , رەنگە ئەم نەخشەی پەراوێز خستنی شانۆکارە لاوەکان و دروست کردنی کۆسپوو تەگەرە لە رووی کارکردنییانەوە بە ئەنقەست بێت , بۆیە درک بەوە دەکرێت کە گڕو تینی چالاکییەکانی ئەوان بە گشتی لە نزم بوونەوە دایە .. .
ئەم نەخشەیە وای کردووە ھاوسەنگی لە نێوان ستایل و رێبازە شانۆییەکان سەقامگیر نەبێت و ھەلو مەرجەکە بە قازانجی شانۆی کوردی بە گشتی ھەڵنەکەوێتەوە , لە ھەمان کاتیشدا کەس لەو نا سەقامگیرییە خۆی بە بەرپرس نەزانێت و بە ھەدەر چوونی وزەو توانستی لاوە شانۆکارەکان بە ھەند وەر نەگرێت .. چەند ئەوەندەش لاوەکان خواست و ویستییان بۆ بەردەوام بوون ھەبێت و بیانەوێت لە رووی ئەو رەشەبا شانۆییانە بوەستن ناتوانن وەک پێویست خواستەکانیییان لە سەر ئەرزی واقیع دا جێ بە جێ بکەن , مادام ویستێک بۆ ھاندانی ئەو لاوانەو لە باوەش گرتنیان نییە .
پێوەربۆ بوون و نەبوون یا پیشکەوتن و دوا کەوتنی بزاڤی شانۆیی لای زۆرانێک لە خەڵکی بڕی بینەری شانۆییە , نەک داھێنانی شانۆیی , بۆیە ئەوانەی شانازی بە ژمارەی بینەرەوە دەکەن , ھەمیشە بەوە سەرکۆنەی شانۆکارە لاوەکان دەکەن , کە نەیانتوانییووە وەک پێویست بینەر راکێشی ھۆڵە شانۆییەکان بکەن و ئەوان ھۆکارن بۆ ئەو ساردو سڕیەی شانۆی کوردی تێی کەوتووە , بێ ئەوەی جۆری بینەر لەو نێوەندەدا لە بەرچاو بگیرێت .
بەڵام ئەگەر ئەو تەوژمە ناوازانە بە تەنیا لە گۆڕەپانەکەدا بمێننەوەو ھەر بەم شێوەی ئێستا شانۆی لاوەکان غائیب بن , ئەوە کاریگەرییەکانی ئەو تەوژمە ناوازانە قوڵتر دەبنەوە و خەڵکەکەش زێتر لە ھەمبەر گەڕانەوەی شانۆی جاد دووچاری بێ ئومێدی دەبن .. جێگەی داخە ئەو بێ ئومێدییە ھەندێک لە شانۆکارە بە تواناکانی ئێمەشی گرتۆتەوە و وای لێ کردوون گۆڕەپانەکە جێ بێڵن ..
ھەمیشە پرسیارێک لە پێودانگی باسو خواسی ئەمڕۆی شانۆی لاوانەوە دروست دەبێت , ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو تاک چالاکییانەی کە ناوە ناوە وەک گوڵەگەنم لە ھەلو مەرجی ئەمڕۆی شانۆی کوردی دا دەردەکەون دەتوانن ببن بە دیاردەیەکی شانۆیی ؟ یاخود دەکرێ ناونیشانێکی شانۆییان بۆ دابنێین و بیخەینە قالبی رەوتێکی دیاری کراوی شانۆیی چەشنی شانۆی ئەزموونگەری کە بوو بە تەوژمێکی بەھێزی ململانێ ی شانۆیی ئەو سەردەمە کە تا ئێستاکەش کاریگەرییەکانی بە سەر شانۆی کوردی دا ھەر ماوە , خۆ ژمارەی شانۆگەرییە ئەزموونگەرییەکانی ئەو کاتە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و شانۆکارە ئەزموونگەرەکانی کوردستان لەو دەمەدا بە قەد تیپێکی شانۆیی نەدەبوون , بەڵام بەرھەمە پڕ لە داھێنانەکانی ئەو سەردەمە بوونە خواستی قۆناغ و ویستی خەڵکی , لە بەر چەند ھۆیەک , بەر لە ھەمووشتێ تینوویەتی خەڵک بوو بۆ گۆڕان و دەرچوون لە قاوغی شانۆی واقیعی و شانۆی ئاھەنگ سازی , دووھەمییان : ئەو ھوشیارییە شانۆییە بوو کە شانۆکارە ئەزموونگەرەکان لە رێگەی شانۆی نوێوە بە خەڵکییان بەخشی ..
لێرەوە دەبێ بگەینە ئەو باوەڕە کەتەنھا بەرھەمی داھێنەرانەی لاوەکان دەتوانێ ئەو پەڵەھەورە چڵکنەی سەر ئاسمانی شانۆی کوردی بڕەوێنێتەوە و ئەو تەوژمە ناوازانەی سەر گۆڕەپانەکە ون بکات .