توانا تەھا- کەمپی دومیز
ماڵە چادرینەکانیان سەرەنجی دانیشتووانی دەڤەرەکەیان رادەکێشا کە لەشوێنێک نیشتەجێبوونە کە ساڵانی رابردوو شوێنی کشتوکاڵکردن بووە.
یەکێیکان کە بینی ئێمە جل و بەرگی شارستانیمان پۆشیوە وای ھەستکرد کە ئێمە نێردراوی حکومەتین و بەدەنگێگی بەرزەوە ھاواری کرد “رەحمەتی خودا لە ئێوەبێت بۆ گواستنەوەمان لەوشوێنە!
کوردەکانی کەمپی دومیز کە کەوتۆتە خۆرئاوای شاری دھۆک، خەریکن ژیانی شارستانی پێشووتریان لەدەست دەدەن لەنێو قوڕو لیتە ژیان بەسەر دەبەن و ھیچ شتێکی دڵخۆشەر نییە پشتی پێببەستن، تا ئێستاش شتێکی وەھا لە ئارادا نەبوو تا بەو ھۆیەوە خەڵکەکەی سوپاسی حکومەت بکەن.
ھەوارگەی ئێستای ئەم خەڵکە کە سەردەمانێک گەورەترین زەوی دەڤەرەکە بوو کە دانیشتووانەکەی بەگەنم و جۆ کشتوکاڵیان تێدا دەکرد و بژێوی ژیانیان پێوە دابین دەکرد ئێستا شوێنەکە بۆتە ھەوارگەی ئاوارەکان و خەڵکەکە پێیان وایە شوێنی بەھەشتی قامیشلۆیە. لەماوەی ٣ مانگی رابردوودا ئەم ئاوارانە روویان لەم کەمپە کردووە، کە ھی شارەکانی کوردستانی رۆژ ئاوان و ناوچەکانی ئەوان بەھۆی جەنگی نێوان سوپای ئازادو لایەنگرانی بەشار ئەسەد لەژیان داماڵراوە، بەتایبەتی لەم دوایانەدا کە بەسەدان لەکوردەکان بەھۆی جەنگەوە بوونەتە قوربانی و لایەنگرانی ئەسەد لەتۆڵەی سوپای ئازاد ناوچەکانی ئەوانیشی بە فرۆکەو موشەک وێرانکردووە.
گەڕەکەکەی ئەوان بەتەواوی کاول بوون و نزیکەی سێ بەشی خەڵکەکەی کە نزیکەی ٥٥ ھەزار کەس دەبن بەرەو گەڕەکە پەڕپووتەکان و شارەکانی کوردستان کۆچیان کردووەو بەشێکی ھەرەزۆریان لەم کەمپەدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەم رێژەیە ئاماری کەمپەکە دەری خستووە.
دوای گۆڕانکاری بەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕەشەکانی بەھاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١، وڵاتی سووریاش ئەم ئاڵۆزیەی بەخۆیەوە بینی و تا ئێستاش جەنگ لەم شارە بەردەوامەو رۆژانە دەیان خەڵک دەکوژرێت و جەنگیش لەنێوان سوپای ئازاد و سوپای بەشار ئەسەد بەردەوامەو رۆژانەش نزیکەی ٥٠٠ کەس روودەکەنە کەمپی ئاوارەکانی دومیز- لەدھۆک.
محەمەد عەبدولڵا- بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک جەخت دەکاتەوە کە پێویستە کەمپێکی دیکە بکرێتەوە، چونکە رۆژانە رێژەی ئاوارەکان لەزیادبووندایە.
ھەندێ لەچاودێران پێیان وایە ئەم ئاوارانە لەخێزانە رەسەنەکانی سووریان ئەوان نەوەی شارستانین و بەخوێندن و کارکردن لەدامەزراوە حکومیەکان خەریکن و خەڵکەکەش بژێوی ژیانیان بەندە بووە بە فەرمانبەری حکومەتەوە لەدەوڵەتی سووریا.
تیمێکی رۆژنامەوانی ئازاد- لە لەسەردانێکی بەم دوایانەی بۆ کەمپەکە بۆیان دەرکەوتوە کە خەڵکەکەی لەناڕحەتیدان و بۆ دروستکردنی ژینگەیەک چاکبوونەوەی خەڵکەکە لەم دۆخە رەنگە بەئەستەم بکەوێتەوە.
کەمپی دومیز- نزیکەی چەند کیلۆمەترێک لە ناحیەی دومیز دوورەو نزیکەی ٥٥ ھەزار کەس ئاوارە کوردەکانی سووریای تێدا نیشتەجێین و رووبەرێکی گەورەی ھەیەو ھیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی وەکو رێگەو بان و بنکەی تەندروستی باش و قوتابخانە و مزگەوت و ئاو کارەبای ئەو تۆی پێشکەشنەکراوە.
حەنان مستۆ- خەڵکی کەمپەکەیە دەڵێت “لەدوای ١ ساڵ بەردەوام بوونی جەنگ و کوشتنی خەڵک، ژیانی ئێمەش کەوتە مەترسیەوە”. ئێمەش ناچار بووین بڕۆین”. مستۆ وتی.
مستۆ لە سەرەتایی پەنجاکانی تەمەنیەتی، بەڵام جوڵە خێراکانی و رەنگ و زەردەخەنەکانی بچووکتر دەری دەخەن. مستۆ ئاماژەی بۆ چەند پێویستیەکی کەمپەکە کردو گووتی “لێرە قوتابخانە و بنکەی تەندروستی وەک پێویست نین، ئێمە رۆژگارێک لە ژیانی خۆش و شارستانیدا دەژیان، ئێستا پەرتەوازە بووین و تەنیا چەند دراوسێیەکی خۆمان لێرە لەگەڵن ئەوانەی روودەکەنە ئێرەش پاشماوەی شەڕەکانن.
حەنان مستۆ – سۆزی ئەجوڵا لەکاتی بینینی ئەم منداڵانەی کە لەنێو قوڕو لیتەوە دەکەوت و بە بێ پەتی و جل و بەرگی دڕاوەوە سەسورانەوە.
کاتێک لەنێو خێزانەکان و کەمپەکە دەگەڕاین پیڵاوەکانمان بە ھۆی زۆری قوڕ و لیتەوە دەچوونە قولای زەوییەکەوە کە تاماوەیەک پێش ئێستا شوێنی کشتوکاڵ بوو. لەنێو خێزانەکاندا ئاسەواری جەنگەکەمان بینی. قوڕو لیتەی زۆر کەمپەکەی تەنیوەو مستۆ دەی گووت “ئەمە ژیانی راستە قینەی ئێمەیە داھاتوومان دیار نییەو ئەگەر یەک تۆز باران ببارێت ناتوانین لەکەمپەکانمان بێینە دەرەوە.
بەشار ئەسەد سەرپەرشتی دامرکاندنەوەی ھێزە رزگاری خوازەکانی سووریای کرد دوای کەوتنە مەترسی کورسیەکەی سەری ھەڵدا. یاخیبووانی سەربازو ھەڵاتوانی خزمەتی سەربازی پەنایان بردە بەر سووپای ئازاد و دارستانە چڕ و پڕەکانی قامیشەکانی زۆرنگاوەکان. وایان گێڕایەوە فرۆکەو ھەلیکۆپتەرەکان بۆمبی ناپاڵمیان بەکار ھێناوەو جیاوازیان نەکردووە لەنێوان سووپا و خەڵکی سڤیل و منداڵان.
کاتێک زیاتر چووینە نێو کەمپەکەوە، چادرەکان لەنێو قوڕدا رووچووبوون، چادرەکان رەنگیان سپی و قاوەی بوو دروستکراوی رێکخراوی یوئێن بوون، ھەندێک لە خێزانەکان بۆ بژێوی ژیانیان دوکانی بچووکیان لەبەردەم چادرەکان دانابوو منداڵەکانیان بەبێ پێڵاوی لەسەر دووکانەکان بوون. مستۆ وتی “ئەم ژیانە وادەخوازێت، چونکە ئێمە ماڵ و حاڵی خۆمان جێھێشتووەو ئیتر ناچارین بەھەموو شێوەکان ژیان تاقی بکەینەوەو بژین.
بەتەنیشت چادرێکەوە رەت بووین دووژنی گەنج کە پێستیان بەھۆی قوڕ و لیتەوە بۆر ھەڵگەرابوو بەتینەوە ئەڕۆیشتن. بەدەستێکیان دەبەی ئاویان لەسەر شان بوو دەستەکەی تریش خواردەمەنیان ھەڵگرتبوو. بژێوی ژیانیان بەندە بەو کۆمەکەی کە رۆژانە لەلایەن خەڵک و حکومەتەوە پێیان دەگا.
ئێستا کۆمەکی خەڵکی باشووری کوردستان سەرچاوەی بژێوی ژیانمانە. ئیبراھیم وەحید، گەنجێکی ئەم کەمپە بوو گووتی “ئێمە ناتوانین لێر کاربکەین کەس نا ناسین و تا کارمان پێبدات، لەدەرەوەی کەمپەکەش خانووی کرێمان دەست ناکەوێت تا بەدوای کار بگەرێین.
چاودێران پێیان وایە شوێنی کەمپەکە گونجاو نییەو بەکەڵکی ژیان نایەت، چونکە خزمەتگوزاری نییەو پیسەو بەکەڵکی ئەوە نایەت مرۆڤ تێیدا بژیت. بەبڕوای ئیبراھیم، ئەم کەمپە کە بەکەڵکی ژیان نایەت” نیشانەی سەرنەکەوتنی بەرپرسان و بێ پلانی لایەنی پەیوەندارە”. وەحید دەڵێت “رێگەو بانی باشترو تەزووی کارەبا و بنکەی تەندورستی و خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و ئاوی پاکی دەوێت.
وەحید بە توورەیەوە ھاواری کرد، “خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سەرچاوەی گشت نەھامەتییەکانن”.
تانکەرەکانی ئاو ناگەن بە ئێمە، کارەبامان نییە، گەنجەکانمان بەھۆی ھەژارییەوە بێ ھیوا بوون و منداڵەکانمان بە شپڕەزەی گەورە دەبن بێ ئەوەی بچنەقوتابخانە. کوردەکانی کەمپەکە دەڵێن ھەرگیز لەبەرامبەر لەدەستدانی سەروەت و سامان و ماڵەکەیان لەکاتی جەنگەکەدا قەرەبوو نەکراونەتەوەو لەلایەن حکومەتی ئەوێش ھاوکاری نەکراون کە شوێنەکەیان جێھێشتووە.
ئەبو شەھابی- پیاوێکی درێژ و رووخساری وەک ھەر دانیشتوویەکی کەمپەکە رەشەو کاری گەری ئاو ھەوای شوێنەکەی بەسەرەوە دیارە باس لەوەدەکات چۆن بەشار ئەسەد فەرمانی ئەوەی داوە شارەکەیان کاول بکەن.
“بەزۆر خۆمان پێ رزگار کرا. بەحاڵ توانیمان منداڵەکانمان و جلەکانیان رزگار بکەین،” شەھابی وتی. ناوبراو دەڵێت “لەوەتەی ھاتووینەتە ئەم کەمپە رۆژانە گرووپە مرۆیی و لایەنی حکومەت سەردانمان دەکەن، بەڵام سەبارەت بەو بەلێنانەی کە داویانە بۆ باشتر کردنی گوزەران و دروستکردنی خانوو بۆ ئێمە ھیچ شتێک لە ئارادانییە.
بە گوتەی محەمەد عەبدولڵا- بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دھۆک، ئاوارەکان رۆژانە زیاتر دەبن ئەمەش وادەکات نەتواندرێت شوێنی ھەموویان لەم کەمپە نەبێتەوە.” رێژەی دانیشتووانی کەمپەکە لەزیاد بوون دەچێت”. عەبدولڵا وتی “پێویستە کەمپی تر بکرێتەوە، چونکە زۆر زاحمەتە لەم کەمپە شوێنی ھەموویان ببێتەوە”.
چادرەکان زۆر لەیەک نزیکن، قوڕ لەسەر خوانی نانخواردنیشە، منداڵێکی ساوا، کەتەمەنی لە دووساڵ زیاتر نەدەبوو قژی رەش و بژو دانەھێراو بوو بەتەنیا لەنێو قوڕ درێژببوو کە تۆزێک لەچەند ئافرەتێکەوە دوور بوو. کاتێک بەلایدا رەت بووین، شەھابی بە نیگەرانییەوە وتی “ئەگەر بشخنێکت کێشە نییە، ئێمە خۆمان لەخۆمان بووینەتە بەڵا، ئێمە دەبێت خۆمان بگەڕێنینەوە سەر دۆخی جاران، ناتوانین چاوەڕێی یارمەتییەک بکەین کە لەوانەیە ھەرگیز نەیەتە دی”.
داھاتووی ئێمە نادیارە، نازانین چیمان بەسەر دێت و کەی لەم کەمپە رزگارمان دەبیت، ئێمە بەدیار ھیچەوە دانیشتووین و بیر لەھیچ دەکەینەوە. داھاتووی ئێمە لێڵە، شەھابی وای وت”.