دیـــدار نانەکەلی : لەو رۆژانە ھەواڵێکم خوێندەوە کە زۆر بیردۆز و گریمانەی لە ژیانم رەش کردەوە و زۆریش بە ئارامی پێشبینی چەندین ساڵەمی سەلماند و دڵە راوکێمی نەھێشت.
ھەواڵەکە باس لەوە دەکات کە گەورە زانا و داھێنەری بلیمەتی جیھان ئەنشتاین کە تەواوی شارەزا و ئەزمووندارەکانی زانست و تەکنەلۆجیای سەرسام کردووە لەھەمبەر ھەموو ئەو سەلماندنانەی کە تائەمڕۆش نازانرێت چۆن درکی پێکراوە و مێشکی مرۆڤ چۆن دەرەقەتی ھاتووە. پاش مردنی لەلایەن گروپێکی پسپۆر لە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی مێشکی ئادەمیزاد ھەستاون بە لێکۆڵینەوە لە ئاستی تێگەیشتن و ھێز و بیرکردنەوەی مێشکی ئەو زانایە بلیمەتە و بۆیان دەرکەوتووە کە لەھەموو تەمەنی خۆیدا مێشکی ئەنشتاین تەنھا لە ١٤% ی بەکارھاتووە. ئەمە لە کاتێک کە ئەو زانایەی فیزیا لە تەمەنی ١٩ ساڵیەوە ھەموو گریمان و پێشبینیە زانستیەکانی لەلایەن گەورەترین دامەزراوە ئەکادیمیەکان پەسەند کراوە و کاری لەسەر کراوە. تەمەنی داھێنانە مەزنەکانی ئەنشتاین پتر لە نیو سەدەیە.
بەو پێوەرە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەگەر مێشکی ئەنشتاین دوای مردنی تەنھا ١٤% بەکارھاتبێت کەواتە بە بێ شک و گومان مێشکی زۆرینەی تاکی کورد ئێستا کیلۆمەتر سفڕە و بۆ تەنھا جارێکیش بەکارنەھاتووە. لەبەر ئەوەی ئێمە نەمان توانیووە ھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوون وەک خۆی ببڕین و بە بینایی چاوەکانی خۆمان ژیان ببینین. بەردەوام بە دوای ئەوەبووین کە خەڵکی دوورە دەست کەرەستە نوێیەکانی ژیانمان پێ بناسێنێت، ھەردەم لاسایی کەرەوە بووین و بۆ ساتیکیش لەخۆمان نەچووین.بەردەوام ئامۆژگاریکەری ژیان و گوێگرێکی سارد و سڕی سەردەمین. دڵنیام ناکرێت گۆڕانکاریە جەوھەریەکانی ژیان بە گوتاری بریقەدار دروست ببێت و بە ئاسانی تەپ و تۆزی نێو رەفەکانی بیرکردنەوەمان پاک بکەینەوە. بەڵکو ئەوە سیستەمێکی زۆر گونجاوی کۆمەڵایەتیە کە وامان لێدەکات ژمێرەری مێشکمان بەجولە بکەوێت. ناکرێت ئێمە داوای پێشکەوتن و داھێنان بکەین و چاومان لە دەرگا داخراوەکان بێت و زمانی ناخمان بۆ شکاندنی زنجیرە بەھێزەکان بەکار نەھێنین. ناکرێت تەنھا قسەمان ھەبێت و کردەوەمان بۆگەن و ناسازبێت. بۆ بەگەرخستنی بزوێنەری ئەو مێشکە لۆک و بەکارنەھاتوانە پێویستە رێگا کراوەبێت بۆ تاقیکردنەوەی ھەموو رێگا تاقی نەکراوەکان.بۆ لە دەرگادانی دەرگا داخراوەکان. بۆ شکاندنی نەریت و شەرم و پاداشتە بێ بنەماکان. بۆ رەشکردنەوەی ھەموو ئەو رۆژمێرانەی کە لەتەمەن بەھەدەر رۆیشتوون. بۆ رەتکردنەوەی رواڵەتە بێ ناوەرۆکەکان . بۆ رێگە گرتن لە سوکایەتیکردن بە ووشەی داھێنان. وەک چۆن وون کردنی ھەر کەرەستەیەکی ژیان جۆرێک کەلێن دروست دەکات، بەو شێوەیەش ئێمە نەمان توانیووە بۆ مانەوەمان رێز لەو گەنجینە دەوڵەمەندەی خۆمان بگرین و سودی لێ ببینین. بە داخەوە ھەر بەو ساغ و سەلامەتیە لەکاری دەخەین. چونکە ژیان بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوە و داھێنان و فەراھەمکردنی کەشی تازەیە، کە بەبێ بەگەرخستنی پێوەری مێشکمان ناتوانین بیخولقێنین. من بەر لە ئەمڕۆ پێشبینیم دەکرد کە بەکارھێنانی ئەو دیاریە مەزنەی خودا بۆ بەندەکانی وەک خۆی بەکار نەھاتووە، چونکە بەردەوام لە ململانێ بووە لەگەڵ ھەوەس و ئارەزووەکان و زۆر جاریش لەھەمبەر ئەو رکابەریە سەختەی بونیات و خەسڵەتی مرۆڤ مێشک دۆراندویەتی و دەستە وەستان بووە. چونکە خۆمان زۆر کەم ویستی بەکارخستنیمان ھەبووە. لەبەر ئەوەی بەگەر خستنی وەک چۆن گەردوونی خەیاڵت جێگۆرکێ پێدەکات. ھەر بەو شێوەیەش رێگات لێدەگرێت بۆ دەست بردن بۆ خاڵە لاواز و نەویستراوەکان. رێگات لێدەگرێت لە بەکارھێنانی زمانی جەنگ و خوێنڕێژی، لەبەھەدەردانی زەمەن. لە وون کردنی کەسایەتی .
داھێنان و کەرەستە و ئەرشیفی ھەر یەکێکمان ناسنامەی کەسایەتیمانە، تەمەنی بەکارھێنانی مێشک دەبێ ببێتە کەرەستەیەکی پێویست بۆ ھێنانە وجودی بەرھەمی جوان. بۆیە دەڵێن ژیانی ئینسانە مەزنەکان، دوای مردنیان دەست پێدەکات. چونکە ئەوان پاش ماڵئاوای کردنیشیان لەگەڵ بەرھەم و داھێنانەکانی ژیانیان دەژین و لەنێو کۆمەڵگادا ھەمیشە بە نەمری دەمێننەوە.