مەریوان جەلال- لەنـــدەن ٢٠١٣
بە شێوەیەکی گشتی لەمڕۆدا ھونەر بە بەشێکی گرنگی ژیان دادەنرێت وە تێکەڵاوی ھەموو باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابوریی بووە, لە ھەمان کاتدا بۆتە ڕەنگدانەوەی ھەموو بوارەکانی ژیانمان وە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. جا ئەگەرئەم ھونەرە لە ناو گەلەرییەکاندا بێت یان لە مۆزەخانەکان وە یاخوود لە ماڵ و شەقام و بازاڕەکان وەیان لەنەخۆشخانەکاندا بێت.
لێرەدا دەمەوێت تایبەتی گرنگی (ھونەری گشتی – ھونەری جەماوەر- Public art) لە ناو خەستەخانەکاندا وە چ کایگەریەکی دەبێت لەسەر باری دەروونی نەخۆش و وە ژینگەی نەخۆشخانە و کارمەند و ھەموو ئەوانەی پەیوەندیان ھەیە بەم شوێنەوە.
(ھونەری گشتی-ھونەری جەماوەر- Public art) دەکرێت ھەموو بەشەکانی ھونەر بەشداری پێبکەین- پەیکەر, فۆتۆگراف, رووناکی, وێنەکێشان, وێنەی جووڵاو و بڕۆجێکشن, بیناسازی کاری شووشە, کاری بەئاسن بکرێت, نوسین یان دەق, چنین,
(ھونەری گشتی-ھونەری جەماوەر- Public art) دەکرێت کە شێوەی گەورە یان پچووک بێت, لەسەر دیوار بێت یان بە پێوانەی گەورە بێت کە شێوێنیکی گەورە داپۆشێت. دەکرێت لە دەرەوە بێت یان لە ناوەوە, وە ھەرووەھا دەکرێت کارێکی کاتی بێت یان ھونەرمەند تەنھا بۆ چەندا کاتێک نمایشی بکات و وە بیگۆازێتەوە شوێنێکی تر. دەکرێت کە کارە ھونەرییەکە پەیوەندی بە کەلتوور و کەلەپووری و خواستی کۆمەڵگا و ناوچەکەوە بێت یان بە ڕەنگ و ماددەی ئەو شوێنەوە بێت.
ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام بۆ نووسینی ئەم بابەتە کردنەوەی ئەو پیشانگەیەیە کە ئەمرۆ لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بە تایبەتی ئەکرێتەوەو وە پاش تەواو بوونی پیشانگەکە کارەکان کۆدەکرێتەوە دەگەرێنەوە بۆ ناو ماڵی ھونەرمەند و دەبێتە خۆراکی تۆز و خۆڵ. لەولاشەوە کە زۆر لە دیواری شوێنەگشتیەکان بەتاڵن. وە ئەگەر لەو شێونانەش تابلۆیەک یان کارێکی ھونەری ھەبێت ئەوە بە ھەوڵی تاکە کەسێک کراوەو نەبۆتە پڕۆژە و خەمی گەورەی دەسەڵاتداران و تەنانەت دەزگا ھونەرییەکانیش وە چۆن ھونەر بخەنە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە. کردنەوەی پیشانگە و پڕکردنی ھۆڵ و گەلەرییەکان تەنھا ڕێگا نین بۆ پیشاندانی کاری ھونەری کە بە بڕوای من دەکرێت ھونەرمەند لە ھەرچ بوارێکدا بێت دەکرێت بەشداری ھەبێت لە ھونەری جەماوەری دا.
گەورەبوونی شار و وە دوور کەوتنەوەی خەڵک لە ناو شارو وە دروست بوونی گۆمەڵگا گشتیەکان لە خانوو و بازاڕ تەنانەت لە ئێستادا ھەندێک لە بەرێوبەرایتیەکانیش کەوتونەتە دەرەوەی شار, کە ناکرێت ھونەرمەند ئەمانە بێبەش بکات لە بینینی کاری ھونەری نمایشە ھونەرییکانی خۆی. وە لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبوونی خەڵک لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیاندا ڕوو لە زیادبوونە بەڵام ناکرێت بڵێن کاریگەری ھونەر کەم دەبێتەوە بەڵکو بەڕای من ئێستا زۆر لە جاران بە گرنگ تری دەزانم وە ئەگەر واش نیە کەواتە کردنەوەی ئەم ھەموو پەیمانگە و کۆلێژە ھونەریانە بۆچی؟ وە کاریگەریان چیە لەسەر پێکشەوتنی ھونەر؟
شوێنەگشتیەکان وە باتیبەتی نەخۆشخانەکان کە رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن تائێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان لای لێ نەکراوەتەوە, ھەروەک لەسەروە باسم کرد ھەوڵە تاکەکان ھەمیشە بەردەوامن و وە کاریگەری کاتی لای بینەر درووست دەکات, بەڵام نەبووەتە کارێکی بەردەوام و بەردەوامی وەربگرێت وەک کردنەوەی پیشانگە لە ناو خەستەخانەکاندا چ لە بەشی منداڵان یان گەورە, دانانی کاری ھونەری لەناو باخچەو دەورووپشتی ئەم شوێنانە.
گرنگی پێدانی ئەم پڕۆژانە لە شۆێنێکی وەک نەخۆشخانەکان ژیان لەبەردەم کەسانی نەخۆشدا جوانتر کراوەتردەکات و ھیوای زیاتریان پێدەبەخشێت. بۆ چەند ساتێکیش بێت لەو ئازار و گرفتانەی ھەیەتی دووریان دەخاتەوە.
ئامانجی سەرەکی ھونەری گشتی دروستکردنی ژینگەیکی چاککەرەوەیە کە دڵخۆشی و حەوانەوە دەبێتە لەبیربردنەوەی ئازار لەلای نەخۆش, ژینگەیەکە کە نەخۆش وەڵامی خۆی تیادا وەردەگرێت, دەبێتە ھۆی سەرنجڕاکێشان و جووڵەو خۆشی بۆ نەخۆش و کارمەندان و وە ھەرووەھا ئەوانەی سەردانی خەستەخانە دەکەن. دەبێتە ناسنامەیەکی بەھێز بۆ خەستەخانەکەو ڕەنگدانەوەی کەلتوور و ناسنامەی ئەو کۆمەڵگایە. دروستکردنی ژینگەیەکی نایاب لەکارکردن بۆ کارمەندان. بەشداریکردن لەگەڵ کەرتی گەشت وگوزاری بۆ ئەو ژینگەیە. دەبێتە ھۆی لەدایکبوونی ھەستی شانازیکردن بە شارستانیەتیەوە وە دەبێتە ھۆی کارئاسانی بۆ دۆزینەوەی ئەو شوێنە. ھەرروەھا دەکرێت ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی زۆر سەنگین کاری بۆ بکرێت و ھونەرمەندان و پیشەوەرانیش ببنە بەشێک لەم پرۆژەیە.
کاری بە کۆمەڵ یان دەکرێت سەرەتا بە ھەندێک کاری کاتی دەست پی َبکرێت تا جەماوەر یش ببێتە بەشێک لەم پرۆژەیە, ئەگەر چی ئێمە مێژوویەکمان لەم کارانەدا نیە و وە ئەوەشی کراوە نازانین چییە و لە کۆی کراوە, وە ئەمرۆشی لەسەر بێت چۆن ئەو ھەموو پیشانگە ھونەرییانە دەکرێنەوە بە تەنھا بە ھەواڵێک لە بەرنامەکی تەلەفزێون یان رۆژنامەیەکدا دەیان بینیت وە لە ماوەیەکی کەمدا لە بیری بینەردا دەسڕێتەوە.
دەکرێت دەزگا ھونەرییەکان خۆیان ڕاستەوخۆ ئەوپەیوەندییە لەگەل َنەخۆشخانەکاندا دروست بکەن کارووچالاکییەکانیان بگۆێزنەوە بۆ بەردەمی بینەر لەو شوێنە گشتاینە بەمەش پەیوەندیەکی رۆحی لەلای بینەر دروست دەبێت بەرامبەر بە ھونەرمەند. دەکرێت کاری زۆر تایبەت بەو شوێنانە بکەن نموونەی کاری ھونەریش زۆرن کە ھونەرمەندان تایبەت بە خەستەخانەکان کردوویانەو لە رێگای کارەکانیشیانەوە پەیامە مرۆڤایتەکانی خۆیانیان گەیاندووە وەک کاری ھونەرمەند
( Tom Otterness) کە کارەکانی لە زۆربەی شوێنەگشتیەکاندا دەبینرێت بە شێوەیکی زۆر سادە گوزارشت لە پەیامەکانی دەکات وە ھەندێک لە کارەکانی بوونەتە بەشێک لەو یاریانەی کە لەناو پارکی نەخۆشخانەکاندا دانراون بۆ منداڵان. بۆ ئەم کارانەش ماتریاڵی جیاواز و رەنگی کراوە بەکار ھاتوون تا دڵتەنگی و ناخۆشی لای نەخۆش وکەسی نەخۆش کەم کاتەوە.
وە دەکرێت ئێمەش چاو لەو بابەتانە بکەین و کاری ھونەرمەندانی ئێمەش ببێتە بەشێک لە ھەڵمەتی ووشیاری و ڕازاندنەوەو بەگەرخستی ئەو شوێنە گشتیانە. بە سوود وەرگرتن لە ئەزممونی یەکتری و وە ئەزموونی کارە جیھانیەکان, وە ئەمەش دەبێتە یاردەدەرێکی گیانی بۆ پزیشک و کارمەندەکانی ناو نەخۆشخانەکان وە ھێوەرکردنەوەیەکی دەروونیش دەداتە نەخۆش وە ھەرووەھا بوونی چەند تابلۆیەک یان ھەرکارێکی ھونەری لە ژووری چاوەروانیدا دەبێتە جێی سەرنج ڕاکێشانی ئەو کەسانەی لەوێدان و وە بێزاری چاوەروانکردنیان ناھێڵت و وە ھەرووەھا ئەمە بۆ نەخۆشخانەکانی منداڵان زۆر گرنگە بە تایبەتی کە منداڵ تۆیژێکی ناسکەو بەتایبەتیش لە کاتی نەخۆشیدا زۆر نائارام دەبێت وە لەم ڕێگایەوە کەش و ھەوایکی جیاوازی بۆ دەخوڵقینرێت دەکرێت کەمێک ئارامی پێببەخشرێت وە ھەرووەھا کەش و ھوای ناو نەخۆشخانەکەی لا خۆشەویست تر دەکەیت وە ترسەکانی لە نەخۆشخانە ئەڕوێنیتەوە.
مەریوان جەلال