توانا تەھا : یەکێک لە ناشرینترین وتەکان کە زۆرجار لە تیڤیەکان و چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکان ھەندێک لە بەرپرسەکان بەرووی گەنجانی دادەدەن ئەوەیە کە گەنجانی کورد کارناکەن و ناچاڕن پشت بە ھێنانی کرێکاری بیانیەوە ببەستن، ئەم وتەیە راستەوخۆ درێژەپێدانی ھێنانی کرێکارە، من پێم وایە ئەمە نەک تەنھا ناشرینە، بەڵکو دیاردەیەکی نامۆیە بە کۆمەڵگەکەمان و لە ھەمان کاتدا بارێکی قورسە بە سەر لاشەی عەدالەتی
کۆمەڵایەتی کە دەبێت ھەر لە ئێستاوە کە ھێشتا لە بێشەدایە بنبڕ بکرێت.!
دەگەڕێمەوە بۆ مەسەلەی کێک و شیرەکە ئەوە بۆتە شتێکی باو بۆ گێڕانەوەی، چونکە ئەوە لە بێئاگا بوونی دەسەڵاتداران لە دۆخی میللەت بۆتە نموونە، چونکە کاتێک خەڵکی فەڕەنسا لە برسانا چووبون بۆ ناڕەزایی دەربڕین، ھاواریان لێھەڵسا بوو لەبرسان، دەستیان کرد بە ھات و ھاوارو ھوتاف گووتنەوە، کاتێک یەکێک لە خانمەکانی کۆشک پرسیار دەکات ئەم ھات و ھاوارە چییە! پاسەوانەکان دەڵێن “خانم ئەوانە دەڵێن برسیمانە نان نییە بیخۆین؟ ئەویش بەبێ وەستان دەڵێت “دەباشە مادام نانیان نییە، با کێک و شیر بخۆن؟! خانم بێ ئاگایە لەوەی ئەوەی نانی نەبێت بۆ خواردن، شیرو کێک لەکوێ بینێت، لەکوردستانیش زۆر جار بەرپرسان ئەم وتەیە دووبارە دەکەنەوە کە گەنجان ھەموو کارێک ناکەن پاککەرەو رێستۆرانت و ھۆتێل، شاگردی وەکو نموونەیەک دێنەوە، بۆیە ناچارین کرێکاری بیانی بێنین و پەنا بۆ دەستی کاری بێگانە بەرین، بۆ تێکشکاندنی گەنجانیش ھێما بۆ ئامادەیی کرێکارەکانی فلیپینی، ئەسوپی، بەنگلادیشی و ھیندی دەکرێت، ئاخر ئەگەر ئەوەش ھەمان مەسەلەی خانمە نازدارەکەی کۆشکەکەی وڵاتی فەڕەنسا نەبێت، ئەم بەراوردکردنە چ عەقڵیەتێک لەدواوەیەتی، ئامادەبوونی گەنجان بۆ ھەمان کار لە ئەورووپا بەنموونە وەک بەرپرسانی کوردستان بەنموونە دەی ھێنەوە، بێئاگا لەوەی کە کاتێک گەنجانی کورد ئامادەبوون ئەم کارە بکەن لەوێدا. کوردستان لە چ دۆزەخێکی ئابووری و ئەمنی دابوو. لەبیریان چووە کە لەم ھەرێمەی ئێمە باروودۆخی ئابووری ئەمنی لە چ دۆخێکی ناھەموار دابوو، بێ ئاگان لەوەی دیناری عێراقی لە چ ئاستێکدا بوو، بەم بڕە پارەیەی بەدەستیان دەھێنا سەرەڕای خۆبەڕێوەبەردنی خێزانێک ئەوا چەند خێزانێکی دیکەشی بەو بڕە پارەیە دەژیاند و ھاوکاری بەسەر خێزانی دیکەو لێ قەوماوەکان دابەشدەکرد!
لێرە بە بەبیر ئەم کەسانە دەھێنمەوە کە “گەنجێک چۆن دەتوانێت لێرە کاربکات ئەگەر لە نێوان ٢٥٠$ بۆ ٣٥٠$ کەلەوەش کەمترە کاری پاککردنەوەو ریستۆرانت و ھوتێل بکات، چەند ساڵی پێویستە تا پارە کۆبکاتەوە بۆ پارەی کرێی خانوو، پێک ھێنانی ژیانی ھاوسەری، نەک شتیتر خۆ تەکوینکردنیش و ھاوکاری خێزان ئەوە لێدەگەڕێم بۆ ئەوەی بەکام فەلسەفەی ئابووری لەم وڵاتە دەی دۆزنەوە با بیدۆزنەوە ئێمەش ئاواتە خوازین”؟ بەداخەوە لە کوردستان کە ھیچ ھیوایەک بۆ گەنج نەماوەتەوە گەنج ھانی ئەوەش دەدرێت ھەر کارێک ھەبێت بە ھەرچەندەی ھەبێ بکرێت، من تێناگەم ئەمە چ ھزرێکە دەیەوێ گەنج لەقاڵبدات و ھیواو ئاواتی بخنکێندرێت، ئایا ئەمە دەبێتە بەدەست ھێنانی خۆشەویستی و ئینتیما لای ئەم گەنجانە!
خۆزگە ئەو پێشنیازەی من لێرەوە دەی کەم بە ھەند وەردەگیرا کە موچەی پاککەرەوە بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی ژیانێکی بە شکۆو کەرامەت بۆ خێزانێکی بەختەوەر، نەک ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن کۆمپانیا تایبەتییەکان بە کرێکارەکان دەدرێت کە دەبینین ئاستی ھۆشیاری لای تاک و پاکو خاوێنی ژینگەی شارو شەقام و کۆڵانەکانی ئێمە لە چ دژوارییەک دان، ئەوکاتە دەبینین ئێمە لە چ تارییەکیەکین و چۆن دڵی خۆمان بە رووکەش خۆش دەکەین و دەڵێین پێشکەوتووین، خۆزگە ئەمە دەکرا شارەوانییەکان لەو بڕە پارەیەی لەبەر دەستیان دایە لەبڕی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەی توانی خانووش بۆ ئەم کرێکارانە دابین بکات و ئەوانیش ببنە خاوەن ژیانێکی شایستە ئەوکاتە ھەستی پێدەکەین کە چۆن دەبینە خاوەنی ژینگەو سروشتێکی جوانترو چۆن گەنجەکانمان ئامادەی کارکردنیان تێدادەبێت.
کە گەنجان کار ناکەن، نەشەرمیان بە خۆیانە ئەوەن پێویست نەبن، بەڵکو ناتوانن ئەم کارە بکەن چونکە پێوەی ناژن، کەچی باس دەکرێت گەنجی ئێمە کەم تەرخەمەو کارناکات و فێری کار نییە و باروودۆخی ژیانی خەڵک باشە! من دەڵێم ئەگەر لەھەرێمێکدا رێژەی پارەدارو ملیاردێرەکانی لە رێزبەندی دەیەمەکانی جیھان بێت، بودجەی ھەرێم ساڵانە زێدەتر لە چەندین ملیار دۆلار بێ، ژمارەی سواڵکەرەکان رۆژ بەرۆژ زێدەتر بێ، کۆمەک بۆ خێزانە کەم دەرامەتەکان کۆبکرێتەوە، تێچووی چارەسەری پزیشکی کە رۆژانە لە تیڤیەکانی دەسەڵات سواڵی بۆ دەکرێت، بەخشبکرێت، جیاوازی ژیانی بەرپرسان و چینی خواروە ئاسمان و زەوی بەینی ھەبێت، ئەمە یانی چی!
وێرای داھاتی تاکەکەس لە بودجەی وڵات و بڕی نەوت ئەوداھاتەی دێتە ئەم وڵاتە چەند ھەزار دۆلارێکە کەچی ھیچی دیار نییە، ھەر دەبینین رێژەی تەڵاق، خۆکوشتن، توندووتیژی، کاری نەشیاو بەردەوام روو لەزیاد بوونە.