توانا تەھا : چەند رۆژێک لەمەو بەر لە فەیسبووک چەند دێرێکم نووسی بوو لەسەر سۆران، کە وتبووم ئەم شارەم چۆن خۆش ئەوێت، بەرێزێک بۆی نووسیبووم تۆ سۆرانت چۆن خۆش ئەوێت، بەڵێ من وەھا خۆشم ئەوێت ھەموو خێزانەکانی بە ئاسوودەی ماڵێکیان تێدا ھەبێت،
شانازی بەو شارەوە دەکەم کە قانوونی تێدا سەروەر بێت، شارێکم خۆش دەوێت لەرووی ھزر و بۆچوونی خەڵکەوە گەشەی کردبێت، کۆمەڵگەیەکم خۆش ئەوێت، وەزیرو پەرلەمانتار و دوکاندارو مامۆستا و قوتابی و کاسبکار پاسکیلسواری بکەن و لایان عەیبە نەبێت، من سۆرانم وا خۆش دەوێت دادپەروەری بۆ ھەموو خەڵک ھەبێت، قانوون تەنیا بۆ ھەژارەکان جێبەجێنەکرێت، بەڵێ ئێستاش دەڵێم شانازی بەو شارە دەکەم کە پەروەردەو تەندروستی و پارک و کتێبخانەو بەڕێوەبەرایەتییەکان لەخزمەتی خەڵک بن و لەم شوێنانە شکۆی مرۆڤ نەشکێندرێت، شانازی بەو شارەدەکەم کە گەنجەکان ھەست و دەروونیان تێدا ئاسوودەبێت و مرۆڤەکانی خاوەن خانووی خۆیان بن، من بەو شێوەیە ئەم شارەم خۆش ئەوێت.
ئەو شارەم خۆش دەوێت دەیان باڵەخانەی جوانی گەورەو گۆڕەپانی بەرین و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی ھەبێ، لەم شارە ماڵی بەرپرسەکان ھیچ جیاوازییەکی نەبێ لەگەڵ ماڵێکی ئاسایی، شانازی بەو شارە دەکەم لە خوێندنەگەو نۆرینگە تەندروستیەکان و بنکەی تەندروستیەکان رێزێکی زۆر لەمرۆڤ بگیرێت، ئا ئەو شارەم خۆش ئەوێت کامەباڵەخانەی باشە ئۆفیسی حزبەکانی تێدانەبێت و ھەر بۆ خۆشی چەک نیشانی رێبوار نەدرێت، شانازی بەو شارە دەکەم لە دام و دەزگاکانی حکومی مرۆڤی نرخی ھەبێ، شەقامەکانی بێ کشێەو قەرەباڵغ و پڕ تاسە نەبن!
بەڵێ ئەو شارەم خۆش ئەوێت کە کارەبا و ئاو و شەقام و دراوسێ و و منداڵ و گۆڕەپانی وەرزشی و بێ کێشەبن. شانازی بەو شارە دەکەم کە رۆژانە کارێکی تێدەکەم و مانگانە مووچەیەکی پەککەوتوانەی لێ وەردەگرم، کە دەچمە بانکەکە زۆر بەرێزەوە پێشوازیم لێدەکرێت، ھەر ئارەزوو دەکەم لەگەڵ خانەنشینەکانیش بچمەوە بانک و لەنزیکە ئەوانیشەوە بوەستم و گوێم لە قسەخۆشەکانیان بێت، شانازی بەو شارە دەکەم ھەموو شارنشینێک بەخۆشیەوە ماڵێکی لەو شارەدا ھەبێت و بە ئاسوودەی لەگەڵ خێزانەکەی ژیان بگوزەرینێت. ئەو شارەم خۆش دەوێت کە عارەبانچیەکان و بۆیاخچی و کاسبکارەکان لە شوێنەکانیان دەرنەکەن، رێگەیان بدەن کاسبی بکەن و خێزانەکانیان بژێنن. حەز دەکەم گەنجانی بێکار نەبن و دەیان کۆمپانیا ھەبن و خەڵک کاری تێدابکەن.
من خۆم وەک گەنجێک ھەست بەشەرمەزاری دەکەم کە دەبینم کە ھەندێک لەبەر پرسەکانی کورسیەکەیان داگیرکردووە، زۆر بێ شەرمانەش نکۆڵی لە بونیان دەکان، کەھیچ دەووریان نییە لە ھەڵکشانی بستێکی ئەم شارە، ئەوە بەجۆرێک ئازارم دەدات کەواھەست دەکەم ھەمیشە ھێزێک دەیەوێت بەناخی زەویدا شۆڕم بکاتەوە، ھەربۆیە ھاوشانی گەنجەکانی ھەمیشە لەخەبات دەبم بۆ رزگارکردنی شارەکەم بۆ ئەوەی بتوانم ئەو ئازارە بەژانە لەخۆم داتەکێنم .چونکە من کورسی نیم ئەگەر بووبام دەبووم بە دەرزی و بەجەستەیان ئەچوومە خوارەوەو کەمێک زیندووم دەکردنەوە.