دارا خونچە: بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، بیست و دوو ساڵ وەسەر میدیای حیزبیی کورستان رەت دەبی، خەباتی نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئازاد لە پێناو ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک هەر خەباتەکی دیکەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئازادییەکان – کە لە بەهاری ١٩٩١ هەموویان پێکەوە بە شێوەی تەقینەوەکی سەراسەریی خۆیان نواند و رژێمی بەعسیی فاشیستیان راماڵی – لە لایەن حیزب و لایەنە خێڵەکیی و میلیشیاییەکانی کوردستانەوە پووچەڵ کرایەوە و مۆدێلی بەحیزبییبوونی میدیای کوردییان وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپاند و بە هەزاران کەسیان لەسەر دەربڕینی وشەی ئازاد کارکەنار و نانبڕا و دەربەدەر و زیندان و فەلاقە و گوللەباران و تیرۆر کرد.
هەرچەندە هەر لە سەرەتاوە هێندەک دەستپێشخەریی لە پێناو دانانی بەردی بناغەی رۆژنامەگەریی ئازاد ئەنجام دران – کە ”رۆژنامەی ئەمڕۆ” رۆڵی یەکەمی لەو دەستپێشخەرییە دیت و چەند ژمارەیەکی لە ساڵی ١٩٩٤ و لە هەولێر بە شێوەی ناحیزبیی و ئازادانە دەرکرد – بەڵام ئەو کۆششانە وەک ئەزموونەکی زۆر قورس هەر زوو لە نێو هەژموونی میدیای حیزبیی و لە لایەن حیزبە بە هێزەکانەوە بەوپەڕی توندییەوە دژایەتیی کران، پاشانیش سیاسەتبازان بە هاوکاریی (بە ناو رۆشنبیران)ی سەر بە دەسەڵات و حیزبەکان بۆ ئەوەی بە تەواویی ئەو ئەزموونە پەک بخەن.. جگە لەوەی لە ژێر زەبری پەراوێزخستن و نابڕین و ترس و تۆقاندن بەشەکی زۆریان لە نووسەران و رۆژنامەنووسان کڕی چەند بڵاوکراوەیەکی وەک گوڵان و هاوڵاتی و ئاوێنە و… هتدیێشیان بە ناوی میدیای ئازاد و ئەهلیی دەرکرد و تا رادەکی زۆر نووسەران و رۆژنامەنووسان و تەنانەت خوێنەرانیشیان پێ لەخشتە بردن.. ئیدی کە ئەو پیلانە دژ بە ئازادییەیان سەریگرت ئەوە سەردەمانەکە زۆر بە بێ شەرمانە و هەر بە ناوی میدیا ئازاد و سەربەخۆوە چەندین کەناڵی میدییایی حیزبییان (وەک خەندان و هەولێر و رووداو و سبەی و ئەڤڕۆ و ”زاگرۆس” و ”کەی ئێن ئێن” و ”سپێدە” و ”ئێن ئاڕ تی” و… هتد) دامەزراندییە کە سەرلەبەریان لە سەر بودجەی دزیاریی میللەت بەڕێوەدەچن و راستەوخۆش لە لایەن حیزب و لایەنەکانەوە سەرپەشتیی دەکرێن!
بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، (١١٥) ساڵ وەسەر یەکەمین رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕی، رۆژنامەکانی کوردستان بە تێکڕای کەناڵە میدیاییەکانی دیکەشەوە لە باری هەنووکەیاندا هێندە حیزبیی و دوور لە راستیین بە هیچ جۆرەک جێگەی بڕوا نین لەکن خوێنەران تەنانەت سیاسەتبازە کۆلەوارەکانیش – کە هەر خۆیان خاوەن و هەڵسوڕێنەری سەرلەبەری کەناڵە میدیاییەکانن – کاتەک ناتوانن دان وە قسەیەکی راست دابنێن دەبێژن: ”ئەوە پڕوپاگەندەی میدیاییە”!!! لەبەرئەوە تا ئەو رۆژنامانە بەو جۆرەن.. زۆر باشترە لە یادی هەر ساڵەکی رۆژنامەگەریی کوردیدا ببێژین: (رۆژنامەگەریی کوردی کە بەو شێوەیە تەنیا لە بەرژەوەندیی تەسکی دەسەڵاتداران و حیزبەکان کار دەکەن؛ با بیگۆڕین و بیکەنە ”یادی رۆژنامەگەریی حیزبیی”)!
٢١\٤\٢٠١٣ – لەندەن