مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “ئاتابای” لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی “نیکی کەریمی” ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “ئاتابای” Atabai لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی “نیکی کەریمی” ئەستێرەی به ناوبانگی سینەمای ئێران، لە نووسینی “هادی حەجازی فەر” و “نیکی کەریمی” و بە ڕۆڵ بینینی هەندێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: هادی حەجازی فەر، سەحەر دەوڵەتشاهی، جەواد عیزەتی، دانیاڵ نوروش، یوسفعەلی دەریادڵ، مەهلەقا مەی نووش، مەعسوومە ڕەبانی نیا و میرمەجید حوسێنی لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
“ئاتابای” بەرهەمی ساڵی 2019 و بە بەرپرسیاری “محەمەد تۆریوەریان”، بە هەماهەنگی خاتوو “مێهری فەریقی” بەرپرسی کۆمپانیای کلاسی ڤیژن و بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم نزیکانە لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی، لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر و هەروەها لە سینەمای “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.
ئەم فیلمە کە یەکەمین جار، لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایشکرا و کاندیدی وەرگرتنی سیمورغی بلوورین لە 5 بەش و هەروەها فیلمی هەڵبژاردەی ڕخنەگران و نووسەرانی گۆڤاری مانگانەی “فیلم” لە ژمارەی ڕەشەمەی ساڵی 2019 بوو؛ لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: چلەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و کۆنی فیلمی “کەمبریج” لە وڵاتی بەریتانیا و باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای هونەرەکان و فیلم و تەلەڤیزیۆنی بەریتانیا “بەفتا” BAFTA، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئاسیا پەسیفیک” لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “داکا” لە وڵاتی بەنگڵادیش، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پۆنا” لە وڵاتی هیندستان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سۆفیەمنار” لە وڵاتی بوڵگاریا و چەندین فێستیڤاڵی دیکە بەشداریی کردووە.
فیلمی سینەمایی “ئاتابای” لە چواردەیەمین خولی جەژنی گەورەی ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمایی ئێرانیش توانی 5 خەڵاتی سەرەکی لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین دەرهێنان، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی تەواوکەری پیاو بۆ “جەواد عیزەتی” و هەروەها خەڵاتی باشترین موزیکی دەق بۆ موزیکزانی ناوداری ئێرانی مامۆستا “حوسێن عەلیزادە” بەدەست بێنێت.
“ئاتابای” سەرنجی نووسەران و ڕەخنەگرانی بەرچاویی نێودەوڵەتیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە؛ پڕۆفیسۆر “ژان میشێل فڕۆدۆن” Jean-Michel Frodon نووسەر و ڕەخنەگری ناوداری بڵاوکراوەکانی “لۆمۆند” Le Monde و “کایە دۆ سینەما” Cahiers du Cinéma و مامۆستای سینەما لە زانکۆی “سۆڕبۆن” La Sorbonne لە پاریس، دوای بینینی دوایین بەرهەمی سینەمایی “نیکی کەریمی” وتارێکی سەبارەت بەم بەرهەمە سینەماییە نووسیوە کە لە بەشێکیدا هاتووە: پێنجەمین فیلمی “نیکی کەریمی” ددان پێدانانێکی ڕاشکاوانەیە بە تواناکانی ئەو لە بواریی فیلمسازیدا. “ئاتابای” نە تەنیا پێداگرە لەسەر تواناکانی “نیکی کەریمی” لە بواری فیلمسازیدا، بەڵکوو شایەدییەکە بۆ ئازادیی ناخی کە ئەم تواناییەی لەودا بەدیهێناوە تا سنوورەکانی وێنەگرتنی چیرۆکێکی کاریگەی ببەزێنێت و سەرنجی هەر جۆرە بینەرێکیش بۆلای خۆی ڕابکێشێت.
لە پوختەی سیناریۆی فیلمی سینەمایی “ئاتابای”دا هاتووە: “کازم ئاتابای” تەمەن 40 ساڵ بە هاوڕێیەتی لەگەڵ باوک و خوشکەزاکەی لە پیرکەندی ژیان بەسەر دەبەن و … .
هەندێک لە ستافی ئامادەکردنی “ئاتابای” بریتین لە؛ دەرهێنەر: نیکی کەریمی، نووسەر: نیکی کەریمی و هادی حەجازی فەڕ، موزیک: مامۆستا حوسێن عەلیزادە، وێنەگر: سامان لوتفیان، مونتاژ: حوسێن جەمشیدی گەوهەری و بەرهەمهێنەر: نیکی کەریمی.
“نیکی کەریمی” ئەم ڕۆژانە ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بیست و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تڕابیکا” Tribeca لە ئەمەریکا بە بەرپرسیاریی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان “ڕۆبێرت دێنیرۆ”ی Robert De Niro لە ئەستۆ دایە.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://drive.google.com/drive/folders/1bS-EhlhXGzKSSS8q2eCIh6h83qHF2RHW