یادگار عەلی خەیات
خەرمانان ٢٠١٣
لێدوان لەسەر بابەتی خوێندن لە بواری هونەردا بۆ پلەیەکی بەرزتر و بە تایبەتی لە خوێندنگەی باڵای ووڵاتی (شانشینە یەکگرتوەکان- بەریتانیا) کە خوێندکاران بە شێوەیەکی فراوان هەموو بابەتە زانستی و بەهرە ییەکان لە ئاستێکی یەکساندا دەخوێندن و فیردەکرێن،
وە ئەم بەهرەمەندییە کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ بە دەست هێنانی پلەیەکی باشی کارکردنی ماددی، هەڵبەتە ئەمە پاش بە دەست هینانی ئامادەباشی و بوونی مەرجەکان تیایدا، خوێندنگای باڵا گرنگی زۆر دەدات بە گەشە کردن و پێشکەوتنی هوشیاری قوتابی لە سەرو ئەو توانا زانستییەوە کە لە خۆیاندا بە دی دەکریت، وە چیتر پێویست بکات وەك – هزری ڕەخنە گری، توانای گەڕان و توێژینەوە، گفتوگۆو ئاخاوتن لە ئاست و پلەیەکی بەرزتر و گرنگی دان بە پێناسین و بەکار هێنانی سکێچ بووك (Sketch Book) کە هەموو ئەمانە هەر لە سەرەتای خولەکاندا دەخرێنە بەر دەست و فێری خوێندکار دەکرێن .
لە شوێنێکی وەك برادفۆرد کۆلیج (Bradford College) بەشی قوتابخانەی هونەر و دیزاین، وانەکانی هونەر و دیزاین دەوترێتەوە لەگەڵ دەرئەنجامێکی زۆر ڕۆشن لە ئاستی فێربوون، کە ئەمانە دووبارە دەخرێتە بەر دەم خویندکار هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی کۆرس یان خولەکانیانەوە، وە بابەتە تیۆرییەکانیشبە مەبەستی فراوان و گەشە پێدانی توانای خویندکاران بۆ بەیەك گەیاندنی ئە و پەیوەندیانەی لە نێوان بەهرەی سۆراغ و لێکۆڵینەوە کەلتورییەکان لەگەڵ ئەو نوسراوانە و گفتو گۆ زارەکیانە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی.
(Bradford College, Theoretical Studies Handbook) .
بۆ بەدیهێنانی ئەمانە دەبێت خوێندکار بە ٣ سێ قۆناغدا بڕوات:-
١- پێشخستن و گەشەپێدانێکی باش لە بواری گەڕان و توێژینەوە Research (بحث)، تۆژینەوە و توانای Presentation پێشکەشکردن.
٢- گەشە پێدان بە توانای دروست کردنی پرسیاری (چۆن و بۆ) بە شێوەیەکی تیۆری و ئەکادیمی لە بابەتەکاندا، بۆ دروست کردنی بناغەی بۆچوونی تیۆری، بیر و بۆچوونی ڕەخنەیی لە گەڵ ڕەچاوکردنی ئێتنیکی پیشەییدا، کە ئەمەش لە خۆیدا زەمینەیەکی تایبەتە بۆ کارە تیۆری و ڕاهێنانەکان Practice (مەشق).
٣- گەیاندنی پەیوەندی بابەتە تیۆریەکان لەگەڵ کارە کردەییەکان بۆ گەشەپێدان بە توانای داهێنانی چەمکی هاوکاری لە نێوان هەموو کارەکاندا، وە لەم ئاستەدا کە لە ڕێ ی (کۆتانامە-أطروحة)ی خوێندکارانەوەدەبێت بە بەڵگە بۆ بەدی هێنانی ئەو هێڵە پەیوەندیە.
خوێندنی باڵا و بەدەست هێنانی ناسنامەی بەکالۆریۆس یان ماستەر ئەمە بە تەنها بۆ مەبەستی گەشە پێدان و پێشخستنی توانای بەهرەیی تەکنیکییەکی پتەو نی یە ، یان بە مەبەستی بەرهەم هێنانی کارێکی هونەری جوان،(هەرچ هونەرمەندێك کاری جوان بکات مەرج نییە بێتە ئەزموونێکی ستاتیکی (وەهبی ڕەسول،بەرنامەی مەگەزین،کوردسات تی ڤی ٦/٨/٢٠١٣ ))، هونەر مەرج نیە (جوان بێت) یان(تەواو بووبێت) یاخود تەنها بۆ مەبەستی جوانکاری و ڕازاندنەوەی شوێنێك دروست کرابێت، بەڵکو زیاتر تایبەتە بە گەشە پێدانی توانای هوشیاری ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و پرسیار لە مەڕ بەرهەمەکانی خود، وە شناسنامە کردنی گوزەران و تێ پەڕراندنی تێمای هونەرمەند بە ناو هەموو کارە هونەرییەکانیدا وە بە بەڵگەی ڕەنگدانەوە و نمایشکردنی هەمان تێما لە بابەتی نوسین و تیۆریەکاندا.
هونەر هەندێ جار پەیوەستە بە گەشە پێدانی زمانی تێگەیشتن و گفتو گۆ (قووڵ بوونەوە لە بابەتەکان) و هەندێ جار بیرۆکەی ئەبستراکت، وە لە هەمانکاتدا دنیایەکی فراوان و ڕێڕەوێکی زمانی نێودەوڵەتی بەر بڵاوە بۆ ئاخاوتن و گفتوگۆ و دەربڕین یان گەیاندی پەیامەکانی هونەرمەند بۆ جەماوەرەکەی لە ڕێی کارەکانیانەوە، ئەمانەش دەکرێت کە لە چەند بەشێك یان تەکنیك و مەیدانی جیاوازەوە بەرجەستە بکرێت و بخرێتە بەر دەست و چاو و زەینی بینەر بۆ کاتێکی کەم یان درێژخایەن بێت، ئیتر ئایا بە هەرچ شێوەو ڕێگەیەك بێت و لە هەر شوێنێك بێت، کە نمونەی ئەمانەش زۆرە و لەوانە:-
هێڵکاری، گرافیك، سیرامیك، پەیکەر، پرۆجێکشن، وێنە کێشان، فۆتۆگراف، ئینستڵێیشن، پێرفۆرمەنس و پاشان کتێبی هونەری (Artist Book) و هەر فۆرمێکی دی.
گرنگی ڕۆڵی مامۆستا
مامۆستا یان سەرپەرشتیاران لەم پرۆسێسەدا تەنها هاوکار و فێرکەری پرۆسەکانی فێربوون و پەروەردەی لایەنی تەکنیكی نین، بەڵکو پاڵپشت و پێشنیاری بیرۆکەی جیاواز جیاواز بۆ چاكسازی بەرهەمی خوێندکارەکە دەخاتە بەردەست و ئاماژە پێ دەکات، هەروەها هاندەرە بۆ خۆدۆزینەوە و هاوکاریکردنی لە دۆزینەوەیزمانی دەربڕین و بەرجەستەکردنی ڕۆڵی لە نێو کۆمەڵگادا. خوێندکار سەربەستە و خودموختارە لە هەڵبژاردنی ڕێگا و ڕێڕەوەی کارە هونەرییەکەیان بەرەو کوێی بەرێ و کۆتایی پێ بێنێ و بەرهەمەکانی ئەو کاتە بخاتە بەرگومانی هەر مەترسی و پرسیارێکەوە . ئەم جۆرە ستایلە لە سیستمی خوێندن و فێرکارییە هونەریی و کۆلیج و دانیشتگاکاندا زۆر بە شێوەیەکی فراوان و هاوسەنگ باوە لەسەرتاپای بەریتانیادا، وە بەرپرسیارێتی خوێندکار خۆیەتی بۆ هەموو هەوڵ و تەقەلا و کۆششێکی لەم خولەداو مامۆستاش یان فێرکەر هەموو پشتگیرییەك دەخەنە بەر دەستییان و پێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکەن.وە خوێندکار مافی و موڵکی سەرەکی خۆیەتی بۆ هەڵبژاردن و بەخشین و فرۆشتنی کارەکەی خۆی بە دوور لە ڕۆڵی مامۆستا و خوێندنگە، وە هەر کارێك ئەنجام بدات موڵکی خوێندکارە و بە بایەخێکی گەورەوە دەمێنێتەوە و دەپاررێزرێت، ئیتر ئەگەر چی و چەند هاوکاری کرابێت لە ڕووی تەکنیکیەوە یان یارمەتی دان بۆ توێژینەوە و گەڕان لە لایەن مامۆستا یان پراکتشنەکانەوە و مافی قوتابی پارێزرراوە و بەمە کارەکە بە ناوی مامۆستاوە ناکرێت یان هەر کەس و لایەنێکی تر، هەر بۆیە ماددەی چوتۆریاڵ Tutorial بە بابەتیکی سەرەکی گرنگ دەبینرێت، کە ئەم ماددەیەش پێکهاتووە لە هەر چەند هەفتە جارێك لە کۆبوونەوە و دانیشتنی قوتابیان و مامۆستایان لە ناو پرۆسێسی کارەکاندا، ئەویش بە مەبەستی بینینی گەیشتنی ئاست و پلەی کاری یەکتر و باسکردن و ئاماژە و پێشنیاری بیرۆکەی باشتر لەسەر کاری یەکتر و سوود وەرگرتن لە ڕەخنەو بۆچوونی یەکتر بۆ مەبەستی هاوکاری و بە ئەنجام هێنانی بەرهەمێکی باش و سەکەوتوو تر.
ئامانجی سەرەکی بۆ ئەم مەبەستە دەکریت ئاماژە کردن بە بەراوورد کردن و جیاوازی چۆنیێتی داڕشتنی سیستمی خوێندنی هونەر و چاندنی نەمامەکانی هەستی خۆشەویستی و بەهای هونەری کوردی، وە پێزانین و ڕێزلێگرتنیان بەتایبەتی، وە فێربوونی وەرگێڕان و خوێندنەوە و تێگەیشتنی زمانی هونەر بە گشتی لە شوێنێکی وەکو کوردوستان و سەرجەم لە ڕێ ی بنکەو خوێندنگا و گەلەرییە هونەرییەکانەوە و هەروەها قوتابخانەکانیش، بەرامبەر ئەو ووڵاتانەی کە مێژووی خوێندنی بزوتنەوەی هوونەریان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا و گرنگی دان بە سوود وەرگرتن لە دەوڵەمەندی ئەزمونەکانیان.
لەسەر بنەمای رەنگدانەوەی ئەزمونەکانم و بە باوەڕی من کە ئەم ڕەوشتی فێرکردنە زۆر گاریگەرە بۆ بەهێز و زیادبوونی بە خۆ باوەڕی خوێندکاری بواری هونەر، وە بەگەڕخستن و پراکتیزەکردنی ئەم جۆرە ستایلە بۆ بەرزبونەوەی ئاڕاستەی توانا خۆماڵییەکانی خۆمان و بەرهەم هێنانی میراتییەکی کەلتوری هونەری فرەڕەهەندی باشتر لە ڕوی گەشە پێدانی هونەرمەندان بە توانای دروست کردنی پرسیاری ڕەخنەیی بە شێوەیەکی تیۆری و ئەکادیمی لە بەرهەمەکانیاندا و بۆچوونی بناغەیەکی تیۆری و بیر و بۆچوونی ڕەخنەیی لەگەڵ چوارچێوەی پەروەردەی ئێتنیکی پیشەیی و بەکاربردنیبە پێویست دەزانم بۆ پڕکردنەوەی ئەو دەلاقە پاشخانە مەعریفی یەی هەندێ هونەرمەندانی ووڵات.