راپۆرتی: پشتیوان عەبدوڵڵا و زانا دزەیی
لێدوانەکەی ھونەرمەند سەعدون یونس بەس نییە، کە لەژمارەی پێشووی گۆڤاری (سڤیل) رایگەیاند “سەندیکای ھونەرمەندان تەواو حیزبیە”. چونکە ھەفتەیەکی نەخایاند چەند ھونەرمەندێکی تریشی ھاتەپاڵ، بەڵام سەندیکا بە”نەخێر” وەڵامی سەعدون یونس و ئەوانی تر دەداتەوە.
ساڵی ٢٠٠٦ (یەکێتی ھونەرمەندان) سەر بە یەکێتی لەگەڵ (سەندیکای ھونەرمەندان) سەر بەپارتی گۆنگرەی یەکبوونیان بەست و رێکخراوی ھونەرمەندانیان راگەیاند، بەڵام رێکخراوێک بوو پڕاوپڕ لەکێشەی ناوخۆیی، لەسەر مەسەلەی ئەندام وەرگرتن و زەوی وەرگرتن بۆ ھونەرمەندان، دەرئەنجام چەند ھونەرمەندێک لەحیزب تووڕەبوون بەشداریان لەگۆنگرەی ساڵی ٢٠١٠ نەکردەوە، کە لەکۆنگرەدا ناوی رێکخراو گۆڕا بۆ سەندیکای ھونەرمەندان.
ھونەرمەند سەعدون یونس لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (سڤیل) کە لەژمارەی پێشوودا بڵاوکرایەوە دەڵێ ھەردوو حیزبی باڵادەست پارتی و یەکێتی راستەوخۆ دەست لەکاروباری ناو سەندیکای ھونەرمەندان وەردەدات و تەواو حیزبییە، بۆیە ئەو نەیویستووە لەم رێکخراوەدا ببێتە ئەندام. ئەم لێدوانە بەشێک لەم ھونەرمەندانەی تووڕە کرد، کە لەناو سەندیکای ھونەرمەندان کار دەکەن و پێیان وایە ناحەقییە بەسەندیکا دەکرێ.
خۆشەوی عەزیز، سکرتێری لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندان بە(سڤیل)ـی گوت “بەداخەوە لێرە و لەوێ زۆرجار دەبینین قسەی سەیر و سەمەرە لەبارەی سەندیکای ھونەرمەندانەوە دەبیستین، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا پێم وایە ناحەقیەکە بەرامبەر بە سەندیکا دەکرێ، ئەو کەسانەی کە قسە دەکەن بابێن لەنزیکەوە چاودێری کارەکانی ئێمە بکەن بزانن تاچەند حیزب تەداخولی کاروباری ھونەرمەندان دەکات، بۆیە من دووبارەی دەکەوە زۆر بەداخەوە ئەمجۆرە لێدوانە ناحەقی تێدایە، بە تەحەداوە دەڵێم نەمبیستووە و گوێم لێ نەبووە حیزب چاودێری کاروباری ناو سەندیکا بکات”. بەبڕوای خۆشەوی ھەموو کەسێک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە و لەگەڵ کام حیزب دایە و ئاشکراشی دەکات، تەواوی لیستی ئەو ھونەرمەندانەی کە لەسەندیکادا ئەندامن لەلای ئەودایە، کە یەکگرتوو و گۆڕان و کۆمەڵیشی تێدایە.
“مامۆستا سەعدون خۆی داوایکرد ببێتە ئەندام لەسەندیکای ھونەرمەندان، داوای فۆرمیشی کرد، بۆ ئێمە شانازییە ھونەرمەندێکی ئەم شارە کە خزمەتێکی زۆری بەھونەر کردووە ببێتە ئەندام لەسەندیکای ھونەرمەندان، ئەمجۆرە کەسانە ئەگەر فۆرمیش پڕنەکەنەوە ئێمە بەئەندامی شانازیان دەزانین، بەڵام بوون بەئەندام یاخود نەبوون بەئەندام بۆ ھونەرمەندێکی وەکو سەعدون یونس ھیچ لەپێکەوە ھونەریەکە ناگۆڕێت، بەڵام ئەگەر لەلامان بیێتە ئەندام پاڵپشتێکە بۆ خۆی و بۆ ئێمەش”. ئەوە قسەی ھونەرمەند ھیوا سوعاد سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانە، کە تەواو پێچەوانەی قسەی سەعدون یونسە! ھەروەھا سەرۆکی لقی ھەولێر دەڵێت “نەمزانیووە رۆژێک لەرۆژان مامۆستا سەعدون یونس بۆچوونی لەگەڵ سەندیکا پێچەوانە بێت، ھەمیشە حەزی کردووە لەگەڵمان بێت، بەڵکو پێشنیاریشی کردووە بۆئەوەی ھەیئەکی باڵا پێک بھێنرێت، کە خۆی و خەڵکی تریشی تێدا بێت بەناوی سەندیکا پاڵپشتی و داکۆکی لەھونەرمەندان بکەین”.
ھەروەھا ھونەرمەند غازی غەفور، رەتی دەکاتەوە حیزب تەداخولی سەندیکای ھونەرمەندان بکات، ئەو دەزگاکە دەبەستێتەوە نەک حیزب دەڵێت “ئێرە دەزگایەکە سەر بەحکومەتی کوردستانە نەک حیزب، بەھیچ شێیوەیەک حیزب تەداخول لەکاروباری ناو سەندیکا ناکات،من لێژنەی وەرگرتنی ئەندامانی بەشی شانۆم، ھەتا ئێستا رۆژێک لەرۆژان نەمانگوتووە ئەم ئەندامە سەر بەچ حیزبێکە”.
غازی غەفور ئەوەشی ئاشکرا کرد “سەرقاڵی ئەوەین خانەنیشنی بۆ ھونەرمەندانی بەتەمەن گەورە وەربگرین. لێرەوە داوا لەکاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم داواکەی ئێمەی ھونەرمەندان قبوڵ بکات، ئەوە شتێکی زۆر پێویست و خزمەتێکی گەورەیە بە ھونەرمەندان”.
بەڵام سینەماکار کەریمۆک، پێی وایە پارتی و یەکێتی تەدخول لەھەموو رێکخراو و سەندیکاکان دەکات و حیزب کەسەکان دیاری دەکات و گوتی “ھەموومان دەزانین رێکخستنی ئەو سەندیکا و رێکخراو و گروپە ھونەرییانەی لەکوردستان ھەن بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئەساسی حزبییە بەتایبەت ھەردوو حیزبی باڵادەست پارتی و یەکێتی، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئایا حزب کێ دادەنێ ئایا حیزب کەسێک دادەنێ دوورە لەبواری ھونەری یاخود ھونەرمەندێک دادەنێت، بێگومان ئەگەر تەمەشا بکەین ناوەندی فیلمسازانی ھەولێر دوو کەس دانراون راستە بەحیزب دایناون، بەڵام ھەردووکیان ھونەرمەندن”. ھەروەھا کەریمۆک گوتیشی “لەھەمووی باشتر ئەوەیە ھونەرمەندان لەکۆنگرەیەکدا کە خەڵک تێیدا ئازاد بێت، ئەوکات سەندیکا و رێکخراوەکان رۆڵی گاریگەرتر دەبینن، چونکە ئەگەر کەسێک ھونەرمەندیش حیزب داینا ھەمیشە حیزب دەبێتە چاودێری و حیزب بەرنامەی بۆ دادەنێت”.
ھونەرمەند تەحسین فایەق، ھاوڕایە لەگەڵ بەشێک لەقسەکانی سەعدون یونس، چونکە ئەو دەڵێت “بەگشتی دەسەڵاتی سیاسی ئەم وڵاتە پێکدێ لەدوو حیزبی باڵا زۆربەی زۆری شتەکان ئەوان وێنای بۆ دەکێشن، دەتوانین بڵێین ئەوان ناراستەوخۆ چەترێکن بەسەر ھەموو رێکخراو و سەندیکاکان”.
ھونەرمەند عەلی ئەحمەد کە لەسەر لیستی یەکێتی چوار ساڵ لەناو رێکخراوی ھونەرمەندان مایەوە، بەڵام بەھۆی تووڕەبوونی لەحیزب بەشداری لەکۆنگرەی داھاتوو نەکردەوە، بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ئەوە راستە حیزب دەیەوێ ناراستەوخۆ تەداخول لەھەمو شتێکی ناو سەندیکا و رێکخراو بکات و لەناو سەندیکای ھونەرمەندان ئەوەی کرد، ئینجا کەم تا زۆر ئەوەیان لەسەر ئەو ھونەرمەندانە دەوستێت کە سەندیکاکە بەڕێوە دەبەن، تاچەند ھەموو شتێکی حیزب قبوڵ دەکەن”.