کازیوە ساڵح :لە مێژووی مرۆڤدا شار سەرچاوەی فۆرمیلاکردنی هەمەچەشنەی مەعریفە ، سیاسەت ، ئابوری ، کلتوری ، یەکسانی و دادوەری و نۆرمەکانی ئازادی تاک و شوناسی هاوڵاتیبوون و ئەرک و مافەکانی بووە.
لە بەر ئەمەیە فەلسەفە لە شارەوە دەستی پێکردوە و ئەفلاتۆن و ئەرستۆ شارنشین بوون و هەر ئەم گرنگیەی شاریش وای کردوە نووسەران و فەیلەسوفەکانی جیهان لە پەیوەندی مرۆڤ و شار؛ پویەندی فەیلەسوف و شار و شار و فەلسەفە دوواون و تیوریان داڕشتووە. ئەم نووسینە نە باسە لە شارە ئادیاڵەکەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆیە و نە دیدگە ڕەخنەگریەکەی هیگلیش لە مەڕ شار . بەڵکو خوێندنەوەیەکی خێرایە بۆ دیاردەی کورتکردنەوەی شوناسی شار بۆ وشە و پلانی بینا لە شارەکانی کوردستاندا. کورتکردنەوەی ماف بۆ ئەرک و هەژاری تیگەشتنی پێداویستیە کانی تاک لە پرۆگرامی پەڕلەمانتارانی کوردستاندا . .
پاش ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٣٠ پێنج (٥) بیلێون خەڵک لە شاردا ئەژی لە بری ٣.٦ بلێون .مەکنەزی کە سەنتەرێکی تۆژینەوەی زانستی و لێکۆڵینەوەی باويڕپێکراوی ئەمەرێکی یە، لە ماوەی ساڵێکدا هەستا بە چاوپێکەوتنی (٣٠) سی مەیەر و قایمقامی چوار وڵاتدا ، گەشتووە بەو دەرئەنجامەی لە ساڵی ٢٠٣٠ ، شەست دەر سەدی ٦٠% دانیشتتوان ئەگۆزینەوە بۆ شارەکان و لە شاردا دەژین . بۆیە لە ئێستاوە حکومەتەکان کەوتوونەتە هەوڵی ئەوەی چۆن شوناسی شار بگۆڕن بۆ شوناسێکی مەزنتر بە شێوەیەک شار بتوانێت هەموو پێداویستیەکانی ئەو هەڵایسانە گەورەیە بە بێ کێشە بەڕیوەبەرێت . دیسان چەقی زۆر خراوەتە سەر دۆزینەوەی تەکنەلۆژی دروست بۆ دوزینەوەی ڕیگەیەک کە حکومەت بتوانێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژییەوە لە ناو هەموو ماڵێکدا بێت.
دیارە ئەم گفتوگانە کاریگرەی بۆ سەر کوردستانیش هەبووە یان بیستراوە ، هەر بۆیە گفتووگۆ لە سەر شار لە جاران گەرمترە ، بەڵام لە فۆرمی هۆزدا. شارەکانی ئەم بەشەی کوردستان ڕۆژانە ناوی جیاواز لە خۆیان ئەنێن وەکو پایتەختی بازرگانی وپایتەختی ڕۆشنبیری و تد ، ئەمانە کە زۆر دڵخۆشکەرن ئەگەر بە ڕاستی و دروستی جێ بە جێ بکرێن. نەک ئەوەی بە جاریەک ستایلی ژیان و ڕۆشنبیری کلتوری و شوناسی شار کورت بکرێتەوە بۆ ناو ، تەنها ناو بە بێ ناوەڕۆکێک لە گەڵ ئەو ناوەدا گونجابێت. هەر وەکو چۆن سەدان ساڵە لە ناو کورددا شوناس تاک و کەسیەتی مرۆڤ کورتکراوەتەوە بۆ ناوی عەشیرەت و لە ڕاپەڕینیشەوە بۆ ناوی حزبەکەی . بە هەمان شیوە لە جیهانی کوردیدا ئەمڕۆ داتاشین و دابڕینی ناو بۆ شار بووە بە قوتی سایکۆلۆژی تاکی کورد کە بەرانبەر بە خەڵک نا بەڵکو بەرابەر بە خودی کورد یان شاریەکی دی خۆی بە شاریتر یان باڵاتر ببینێت. لە کاتێکدا ئەم شارانە لە دۆخێکی ئەوەندە پرەمەتیڤ و دوو لە شارستانیەت ژیان بە ڕێ ئەکەن ، واتای شاریشیان شەرمەزار کردووە. بە ئاستێک تاکی کورد هەتا ئێستاش سەرەتاییانە پێداویستیەکانی بۆ فەراهەم هێنراوە و بە کار ئەهێنێت . لە وتارێکدا ناتوانیت هەموو ئەو کارەکتەرانە دەست نیشان بکەین کە شوناسی شارت لێ وەرئەگرێتەوە ، تەنها باس لە مەترسیدارتینیان ئەکەین، ئەوەی لە هەموو ماڵێکدا چەندین دوژمنی سەرسەخت هەیە مامەڵەی لە گەڵ بکرێت. بۆ نموونە غاز ، نەوت ، کارەبا، ئاو ، لە دەرەوەی ماڵەکەشت هەموو شمەکە ساکارەکانی تر دیارترینیان شەقام.
لە هەموو ماڵێکدا جەند بتڵە غازێک هەیە ، بوونی ئەم غازەش وەکو بوونی بۆمبێکی ئەتۆمی یە ،. لە هەموو ماڵێکدا جەند بەرمیل نەوت هەیە ، لە هەندێکدا بەرمێلە گاز دانراوە کە لە کاتی هەرزانیا بە دەست هێنراوە بۆ ئۆتۆمبیل. . ئەم شمەکانە و بەرمیلە نەوتانە بەر لەوەی پێت بڵێت ئەکرێت لە هەر ساتێکدا جینۆسیادی مالەکەت بکەم ، هێمایە بۆ نەبوونی ئاسایش تەنانەت لە ماڵەکەی خۆشتدا، پێشت ئەلێت ژنێک لەم دەڤەرە پاسیڤەدا بە بێ لانی کەم پیاوێک لە ماڵەکەیدا ناتوانێت بژی. لێرەدا مەبەست ئەو دڕندەییە نیە کە کەرامەتی ژنێکی تەنیا لە کۆمەڵگای هەمەجیدا لاقە ئەکرێت، ئەوەش نا کە ژمارەیەکی زۆری ژنان پیاوێک هەڵئەبژێرین بۆ دەم کوتی کۆمەڵایەتی نەک بۆ بوونی ڕەگەزەکەی تر لە ژیانیاندا ، بەڵکو ئەو ڕاستیەی کە هەر ژنێک پیاوێکی ئەوێت پاڵ بە بەرمیلە نەوت بنێت و شەڕی سەرەی نەوت و غازی بۆ بکات. .
لە دنیای مۆدێرن ئەرکەکانی پەڕلەمانتاران یەکەم گەلە ، هاوڵاتیان ( گەل بە گشتی نەک گروپێکی دیاریکراوی کۆمەڵ) دووەم بۆ ئەو ئەنجومەنە دروستکراوانەی خزمەتی خەڵک ئەکەن ، سێهەم ئەو حزبەی لە ڕێگەیەوە خۆی هەڵبژاردوە. هەر لە بەر ئەمەش پەڕلەمانتاران بە سەر گەڕەکەکاندا دابەش ئەکرێن و پێیان ئەوترێت ئەندام پەڕلەمانی فڵان گەڕەک ،ساڵی دوای ئەوە ئەگەر ئەو گەڕەکەی سکاڵایان هەبووبەرانبەر ئەو هەڵبژێردراوە دەسنیشانکراوە ،هەڵینابژێرێتەوە ناتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت وەکو پەڕلەمانتار. لای پەڕلەمانتارانی کوردستان ئەرکی یەکم حزبە ، دووەم حزبە و سێهەمیش هەر حزبە، جگە لەوەی لە ئەلفەوە بۆ یا بانگەشە بۆ حزب ئەکەن، بە ئاستێک ئەندام پەڕلەمان هەیە لە بری ناوی خۆی تەنها ناو و ڕەنگ و لۆگۆی حزبەکەی داناوە، تەنانەت حکومەتەکەشمان بانگەشە بۆ حزب ئەکات، ئەمەش جگە لەوەی تێنەگەشتن لە وەزیفە حکومەت ئەگەیەنێت بەرانبەر ئەرک و مافی گشتی ،نەبوونی میکانیزمی کارکردن بە ئاقاری نەشکاندنی ڕۆحی گروپەکانی دی کۆمەڵ ، . ئەم کردارە نایاسایانە و یاسایەکانیش هەر بە ناوی خەڵکی کوردستان و مافی خوراوی تاکی کورد ئەکرێت. ئەندام پەڕلەمان ئەبینیت سەرتاپای پرۆگرامی بانگەشەکردنی پەیوەندی بە کاری پەڕلەمانتارەوە نیە و ئەوەی ئەو بانگەشەی بۆ ئەکات کاری لیژەنی پسپۆڕی ئەو بوارەیە، کە جەنابی پەڕلەمانتار هیچ پسپۆڕیکی لەو بوارەدا نیە و باسکرنەکەشی ناپسۆڕانەیە . ئەمەش هەر بە ناوی خەڵکەوە.
هەموو باس لەوە ئەکەن ژیانی خەڵکی کوردستان خۆشترئەکەن و پارە زیاتر ئەدەن؛ پارە زیاد ئەکەن؛ پارەی بە هەدەر چوو ئەگەڕێننەوە؛ پارە بۆ خەڵک ئەبڕننەوە وپارە…. لەم مەملەکەتی پارەپەرست و پارە عەقڵەدا کەس باس لە ژیانی ناشارستانی و پرەمەتیڤی کورد ناکات ، کەس باسی کلتور ناکات، باسی لایەنی سایکۆلۆژی کۆمەڵگای دوا شەڕ و داگیرکاری و کێشەکانی ئەمڕۆمان ناکات ، کەس باسی ناشارستانیەت لە چۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن کە خۆی بەشێکە لەو ناشارستانیەتە ناکات ، کێشەی ژنکوشتن نەبووە بە غەمی کەس ، ئەو جۆرە مەترسیانە ناکات کە لە هەموو ماڵێکدا هەیە ، ەموو زایاتر باس لەو فاکتەرانە ئەکەن کە لە عاتیفەی تاکی ناهۆشیاری کورددان نەک چینە هۆشیارەکەی، هەموو یاری لە گەڵ عاتیفەی کورد ئەکەن نەک مامەڵە لە گەڵ کێشەکانی. سەیرە کاتێک کۆمەڵێ خوێندکار بە هۆی کارەباوە ئەسوتێن ؛ کە هەموو ڕۆژێک دەیان ئامێری کارەبایی ماڵان بە هۆی نامۆدێرنی گەیاندنی کارەباو ناتەندروستی ئاست و بەستنی کارەبا و کەم تەرخمیەوە ئەسوتێت ، ڕۆژنامەکان ڕۆژانە هەواڵی گیان لە دەستدانی هاولاتیان بە هۆی ئەم ئامێرە ترسناکانەی ناوماڵ بڵاو ئەکەنەوە . ڕۆژانە چەندین کەس بە هۆی روداوەکانی هاتوو چۆوە گیان لە دەست ئەدەن و زۆرینەی ئەم کێشەیەش پەیوەندی بە سەقەتی نەخشە ی شەقامەکانەوەیە بە ڕادەی یەکەم و پاشان بێ بایەخی شۆفێر، بە هۆی نەبوونی یاسایەکی سزادانی بتەو . ئەم هەموو جۆری مەرگە کە ڕۆژانە هاوڵاتی کورد ڕووبەڕووی ئەبێتەوە نەبووە بە غەمی پەڕلەمانتار ، کەسی پرۆگرامێکی تۆکمەی لە سەر چۆنیەتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان نیە، سەلامەتی گیانی باسی، سیستمی سەلامەت باسی ڕۆژ نیە .
من دڵنیام لەوەی لە لایەک سیاستمەداران وئەوانەش ئەخوازن ببن بە بەشێک لێیان ڕۆڵەی ئەم کلتور و ژینگەیەن و مەرج نیە ئاگایان لە پێشکەوتنی دنیا بێت لە ڕووی دابەشکردن و گەیاندنی ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانە بە شیوەیەکی کەمترین مەترسی لێ چاوەڕوان بکرێت لە کاتی کارەساتەکاندا. بەڵام ئەوەی خەڵکی خۆش بوێت هەست بە ئازارەکان و مەترسیەکانی ئەمڕۆ و داهاتوویان ئەکات ، ئەو هەستەش دەرگای خەیالەکانی پاراستن ومەعریفەی چارەسەرکردنی بە روودا ئەکاتەوە. مەحاڵە بە بێ هەستکردن بە ئازار و سۆز بۆ سڕنیەوەی ، عەقڵ ببێت بە ڕیبەر. ئەم پەڕلەمانتارانە لە گەڵ ئەوەی زۆربەیان لاون و دەبێت مایەی خۆشحاڵی بێت ، لە گەڵ ئەوەشدا لە عەقڵی باوکە ترادیشناڵەکان ناچنە دەرەوە بۆ بازنەی تێگەشتن لە ئازارە ورد و باسنەکراوەکانی خەڵک ، ئەو ئازارانەی لیستی مردنێکی ڕێگە پێدراوی درێژ کردوەتەوە. لە لایەکی دی دڵنیاین لەوەی لە ناو میللەتێکدا ئەژین کە یەک بە عاتیفە بیر ئەکەنەوە نەک بە عەقڵ، وە پارەی لە لا گرنگترە هەتا خزمەتگۆزاری ، بۆ نموونە ئەگەر بە تاکێک بڵێت پەنجا دۆلار بدەم بە خۆت یان چەند خزمەتگوزاریەک پێشکەش بە گەڕەکەکەت بکەم ، گریمانەی بەهێز ئەوەیە کە یەکەم هەڵئەبژڕێت…بەڵام ئەمە ئەو کێشە کلتوریەیە کە جمگەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی لە یەکترازاندوە و پێویستی بە کار لە سەرکردنە بۆ چارەسەرکردن نەک شەرعیەتدان بە ئاساییکردنەوەی و بە پراکتیکردنی وەکو کلتوریەکی گستی. ئەکرێت ئەوەی لە دەرەوەی عاتیفەی کوردی پەیرەو پرۆگرام دابڕژێت سەرنەکەوێت و دەنگی پێ نەدرێت، بەڵام کەسی دڵسۆز ئەوەیە کە قوربانی ئەدات. نەوال سەعداوی کە خۆی هەڵبژارد ، خۆی پێشوەخت گووتی بۆ ئەوە خۆم هەڵنابژێم بۆ سەرۆکایەتی ببم بە سەرۆک ، ئەشزانم دەرناچم ، بەڵام ئامانجی من تەنها شکانی ئەو بەستەڵکی بێ دەنگی و ترسەیە کە دەیان ساڵە دستی بە سەر میسر و میسریەکاندا گرتووە. .
لە سەروو ئەمانەشەوە ، ئەگەر مەرجەکانی شوناسی شار تەنها ساختومان نەبێت لای کورد، ئەوا یەکەم مەرجی شارستانی ، بە تایبەختی بازرگانی و پایتەختی بە ڕۆشنبیری بوون پاراستنی گیانی تاک و سەلامەتی مرۆڤەکانە بە گشتی و بەرقەراربوونی و ئاسایشی گیانی و کلتوری ئەو کەسانەیە سەردان ئەکەن. ئەگەر شارێک یەکەم مەرج و گرنگترین مەرجی شاربوونی تیا نەبێت چاکترە یان بیر لە دابڕینی ناو نەکەنەوە ، چونکە کورتکردنەوەی شوناسی شار تەنها بۆ ناو، دابڕانی مرۆڤیشی بە ڕووی کاری باشتر و پێگەیاندنی خود و دەروروبەر ئەهێنێت ،. مرۆڤ کاتێک زۆر باوەڕی بە خۆ هەبوو ، رەخنەی لە خوی نەگرت ، چەق ئەبەستێ و لە یەک ئاستدا ئەمێنیەتوە وناتوانێت پێشبکەوێت. ساریش هەمان خەسڵەتی مرۆڤی هەیە ، جگە لەوەی پێشکەوتنی و پێگەیاندنی تاکەکانی شارێک ، پێگەو شوناسی ئەو شارە بەروە ئاسۆی شارستانیەت ئەبات. یاخود، بە شیوەیەکی ورد بانگەشەکاران و پپؤران پیویستە بکەونە ڕاڤەکردنی شار ،پڕکردنەوەی بۆشایی و کەمکوڕیەکان ، هەوڵدان بۆ گەیاندنی بە پێناسە و شوناسی شاری ڕاستەقینە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە لە سەروو هەمووشیانەوە سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و بە مۆدێرن کردنی خزمەتگوزاریەکان ، ڕێگە نەدرێت مەرگی ڕێگە پێدراوی ئەمڕۆیەکی کەوتوو وەکو پاڵەوان ، بە سەر جەستەی مردووی سار و شارستانیەتدا لە وێنەی پاڵەوانێکدا ڕێ بکات. چوون داهاتوو متمانە ئەخاتە سەر بارودۆخی ئەمڕۆ.