حەیدەر عەبدولڕەحمان :ھەندێ لە ھونەرمەندانی ئێمە گەورەن ، بەڵام مخابن ئەوان خۆیان متمانەیان بەو گەورەییەی خۆیانەوە نیە ھەمیشە خۆیان بە بچووکتر لە قەوارەی خۆیان دەبیینن ،بیانبینە کە چۆن ھەمیشە عەبداڵی ئەوەن خوا دەرفەتێکییان بۆ برەخسێنێ ، لە سوچێکا ، لە بۆنەیەکی سەرپێی دا ، بەرپرسێک لوتف بکاو وێنەیکیان لە گەڵدا بگرێت و ھەرچی زووە ئەو وێنەیە بە گەورەو بچووکی،لە دیوەخانەی ماڵ و لە ژووری نووستن و لە ئۆفیسی کار کردن و لە میدالی ئۆتۆمبیل ولە مۆبایل و فەیس بووک و گۆڤارو رۆژنامەکان و لە ھەواشدا پەخشی بکەن و تەباھی پێ بکەن .. بەو خەیاڵە نەخۆشەی کە وێنە گرتن لە گەڵ کەسێکی گەورە لە بچووکی کەسایەتی ئەواندا پڕ دەکاتەوە .
ئەم خۆ بە بچووک زانینەیە وا دەکات کە تێڕوانینی ھەندێ لەو بەڕێزانەش بگۆڕێت و بە ھەمان ئەو سەنگە ھەلسوو کەوت لە گەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە خۆیان بۆ خۆیانیان ھەڵ بژاردووە ، نەک خەڵکی تر ..
محەمەد حەسەنین ھەیکەلی گەورە رۆژنامەنووس قسەیەکی جوانی ھەیە کە دەڵێت : تەنھا خواو رموزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و ئەو کەسانە شایەنی مل بۆ کەچ کردنن کە داھێنەرن و شایەستەی شانازی پێکردنن ، چونکە ئەوان کە خزمەتکاری گەورەی مرۆڤن و بەخششێکییان پێش کەش بە مرۆڤایەتی کردووە ، کە بە من و تۆ ناکرێت
کەچی مخابن زۆر جاران ئەو ھاوکێشەیە بە سەرەو ژێری لە تێڕوانینی ھەندێ لە ئێمەدا ھەڵدەواسرێ ، تێڕوانین بە پێوەری پێگەو شێوەو پلەو پایەو ناونیشانی کاتی ، نەک لە سەر حیسابی ھەڵوێست و قوربانی دان و داھێنان و کاری مەزن ، ھەر ئەمەشە وای کردووە کە ھەمیشە سەروەرەکانی ئێمە لە دیدی ئەوانەدا مایە پووچ بن و مایە پووچەکانیش ببن بە سەروەر !
جارێکییان لە رۆژنامەیەکدا خوێندمەوە کە لە کاتی کردنەوەی پیشانگایەکدا بینەرێک بە بیکاسۆی نیگارکێشی گەورەی ئیسپانی گوت : تۆ نرخی تابلۆکانت ئەوەندە گران داناوە کە کەم کەس پێی بکڕدرێت ، کەچی لای من ھیچیان قرۆشێک ناھێنن ! بیکاسۆش بە زەردەخەنەیەکەوە پێی گوتبوو : من بۆیە تابلۆکانم بەو گرانبەھاییە نمایش کردووە بۆ ئەوەی کەسانی بێ ئاگا لە ھونەری وەک تۆ نرخی ھونەر بزانن . ..
ھونەرمەندەکان ، یان داھێنەرەکان لە گەورە دەوڵەمەندەکان دەست کورت تر نین ، لە سیاسەت مەدارەکانیش بچووکتر نین ، چونکە زۆر لەوانەی ناوم ھێنان خەون بە داھێنانەوە دەبینن , کەچی دەستییان نایگاتێ ، ئیدی نازانم چۆن داھێنەرێک ، یا ھونەرمەندێک لە سێبەری ئەواندا ھەست بە درێژبوونەوەی باڵای خۆی دەکات ؟