دارا خونچە: هیچ کەس لەو جیهانە پان و بەرینە نییە درک بەوە نەکا کە سەرجەمی سەرۆک و سەرکردە سیاسییە حیزبییەکانی تێکڕای جیهان درۆزنترین و هەلپەرستترین و رەگەزپەرستترین و نێرسالارترین و پاشاداماترین و بێ رەوشتترین و چەوسێنەرترین و نامرۆترین خەڵکی سەر ئەو گۆی زەوییەن، وەلی ئەفسووس لەبەرئەوەی هێشتا سەرجەمی توانستە زانستیی و مادییەکان لەبەردەستی ئەوان دان لە رێی هێز و بەوپەڕی دڕندەیی و مافیایی خۆیان وەسەر دەسەڵات دادەسەپێنن!!!:
ئۆباما شەکری شکاند کە گۆتی: دەیگۆڕین، شەڕ و هێرشی سەربازیی سەر وڵاتان رادەگرین، جوایەزیی نێوان سۆر و سپی و بۆر و رەش و ژنان و پیاوان و هەرچی رەگەزپەرستییە کۆتایی پێدەینین، بێکاریی و هەژاریی و برسیێتیی لەنێو دەبەین و… هتد، کەچی وەک دیتمان؛ سەت خۆزگە وە دەسەڵاتی شەلاتییانەی (دەبلیو بۆش) و ئەوانەی پێش ئەویش!!!
دێڤید کامیرۆنی دەرباری دیوەخانی شاژنی بەریتانیای (مەزن!) پەتکی پساند کە گۆتی: ئەز بەریتانیا لە قەیرانی ئابووریی رزگار دەکەم، کەچی وە هەموو هۆشە تەنک و ساویلکەییەکەی خۆی باشترین و نایابترین چارەسەری ئەوەبوو کە نەداران زەحمەتکێشانی خستە بن باری چەندین باجی قورس و و سەخت تەنانەت باجی شارەوانیی خستە سەر بێکاران و پەککەوتانیش، ئیدی لەو دەمەوە نەک هەر قەیرانەکان قۆڵتر و قۆڵتر دەبنەوە بەڵکە کرێکاران و نەداران و زەحمەتکێشان ماوە ماوە لە بەرانبەر پاشگەزبوونەوەی دەسەڵات لە ماف و ئازادییەکانیان سەر شەقامی شارەکان وە تایبەتییش لەندەنی دڵی دیموکراسییە پەڕپووتەکەیان دەگرن و رق و تووڕەییان دەڕژێننە سەر دەسەڵاتداران و سەرمایەداران!!!
سیاسەتبازە میرڕۆستەم و خاوەنشکۆیەکانی سوێد و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تەواوی دەسەڵاتدارە راستڕەو و چەپڕەوە عەنتیکەکانی ئەورپا سەرەڕای ئەوەی توانستی مادیی زۆریان لەبەردەست دایە و زانست و تەکنەلۆژیاش لەوێ بەردەوام لەگەشەکردن دان کەچی تا دێ لە دانی بیمەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پەژێوان دەبنەوە و ئاستی بێکاریی و ژیان و گوزەرانی خراپ بەرەو سەرێ دەچی و ئاستی مافی مرۆڤ و دیموکراسییەکەشیان بەردەوام لە دابەزین دایە!!!
جوولەکە رەگەزپەرستە تەپلەک وەسەرەکانی ئیسرائیل کە گوایە دیموکراسییترین وڵاتیان لە رۆژەڵاتی ناوەڕاست چێکردییە، کەچی تا ئێستا بەوپەڕی دڕندەیی لە بەرانبەر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆییەکانی خەڵکی فەلەستین راوەستانە و هیچ گیروگرفت و شەڕ و کارەساتەکی وڵاتانی رۆژەڵاتی ناوەراست و ئاسیا و ئەفەریقا و تەنانەت جیهانیش نییە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی پیسی ئەوانی تێدا نەبی!!!
یوئێن و ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ و دادگەی نێودەوڵەتیی و خاچی سۆر و رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی پاراستنی ژینگە و دژە چەکی کۆمەڵکوژ و نیوکلیاریی وە تێکڕای جاڕنامە و رێکەوتنامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانیانەوە لەوەتەی (یەکێتی سۆڤیەتی جاران) داڕووخایە وە تەوایی وەک کۆیلەگەلەکی فرە ملکەچی وڵاتە زلهێزە دڕندەکان خۆدەنوێن و نەک هەر ناتوانن گچکەترین چارەسەری شەڕ و ململانێیە کۆنەپەرستیی و رەگەزپەرستییەکانی نێوان وڵاتان و هیچ کێشەیەکی مرۆیی و ژینگەیی و سروشتیی بکەن بەڵکە خۆتێهەڵقورتاندن و خودی بڕیار و پڕۆژە و هەڵسوکەوتەکانیشیان کێشە و گرفتەکان پتر قۆڵ دەکەنەوە و وە قازانجی سیستەمی چەوسێنەری جیهانیی کۆتییان پێدەینن!!!
ئیدی باسکردن لە رژێمە کۆیلەکانی لای خۆمان وەک رژێمەکانی عێراق و لیبیا و تونس و ئێران و میسر و پاکستان و ئەفغانستان و سوریا و… هتد هەر فرە فرە کۆمیدییە! چونکە هەر هەموویان وە دەسیسەی زلهێزەکانی رۆژاوا هاتنە سەرکار و پاشانیش وە پێی سیاسەتەکانی رۆژ و بەرژەوەندییە نامرۆییەکانی خۆیان زۆربەیان رووخاندن و ئێستاش خەریکی رووخاندنی ئەوانی دیکەن، لێ چ رووخاندن و چ جێگرەوەیەک؟! تەنێ باسی یەک نموونەی دەکەین:
هەرچی رێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی جیهان هەیە وە ئیخوانەکانی میسریشەوە وە دەسیسەی زلهێزەکانی رۆژاوا دروست بوون و گەشەیان کرد، پتر لە نیو سەدەیە لە رێی ئیخوانەکان و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی میسر گەلانی میسریان تووشی چەندین شەڕ و ئاژاوە و زیندانکردن و ئازار و ئەشکەنجەی دڕندانە کردییە و باری ئابووریی وڵاتیشیان وە تەواویی داتەپاند، پاش ئەوەی لە بن گوشاری خەڵک (موبارەک)یان لادا و (مورسی)یان هینایە سەرکار لە ماوەی یەک ساڵ وڵاتیان دووچاری توندوتیژیی و زندییکردنەوەی خولیای رگەزپەرستیی و کۆنەپەرستیی دینیی کرد و وڵاتیان لە خین و رۆندک هەڵکێشا، ئێستاش لەگەڵ ئەوەی وە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک (مورسی)یان لادا و وە یاساش ئیخوانەکانیان قەدەغە کرد لێ هێشتا دەستبەرداریان نابن و ئەگەر نەتوانن لە ئایندەدا کارەساتی گەورەتریان وەسەربینن ئەوە ئەگەر لۆیان بلوێ سیستەمەکی وەهایان وەسەردا دەسەپێنن کە ماف و ئازادییەکانی خەڵک بەرتەسک و بەرتەسکتر بکاتەوە!!!
دەربارەی کوردستانیش؛ وەک دەیبینین لەبەرئەوەی سەرۆک و سەرکردە عەنتیکە و (نەدیی و بدیی)ەکانی خۆمان دەستی سێیەم و چارەمن لە سیاستبازیی – ئەگەر بیرە نەفتەکان نەبووایەن ئەوەشیان لێدەرنەدەچوو! – لە هەموو سەرۆک و سەرکردەیەکی جیهان درۆزنتر و چوختییتر دەرچوونە. جا ئەوە هەر دەسەڵاتدارەکان نا بەڵکە بەرهەڵستکارەکانیش هەر ئەوهان و ئەگەر بەشەکی باشی کێکەکەی دەسەڵاتیان بەربکەوی ئەوە بە هەر چار پەلان خۆیانی تێدەخەن، سیاسەتبازانی رۆژاوا و ناوچەکە هیچ تشتەک نەما پێیان نەکەن؛ (شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوخۆ، پەڕاوێزخستن و نابڕین و سەرکوتکردن و ئازار و ئەشکەنجەدان و گرتن و کوشتنی ئازادییخوازان، زندییکردنەوە و برەودان وە پیاوسالاریی و ژنکوشتن و فەرهەنگی دەرەبەگیی و خێڵەکیی و ئەفسانەی پووچ و کۆنەپەرستیی ئیسلامیی، پیشێلکردن و ناسەرەوەریی یاسا و رێسایەکان و برەودان وە چەک و توندوتیژیی و دانانی چەندین یاسای ناشارستانیی و دژەمرۆیی، تێکدان و کاوڵکردنی وڵات و لەنێوبردن و بنەبڕکردنی ئاژەڵ و بەروبووم و پیشەسازیی نێوخۆ و پیسکردنی ژینگە، برسییکردن و بێکارکردنی نەداران و زەحمەتکێشان و داگیرکردنی بژێوی ژیانیان، دزینی بودجە و سەروەت و سامانی خەڵک و نوقمکردنی وڵات لە نێو گەندەڵیی، و… هتد) تا وەیان لێکردن وەک ملکەچترین کۆیلەگەلەک کڕنووشیان لۆ ببەن و بێجگە لەوەی وە بێ بڕیاری ئەوان خاوەنی هیچ بڕیار و سەروەت و سامانەکی وڵات نین.. وە پێی گرێبەستەکانی وە ناو حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ کۆمپانیا نەفتییە جیهانییەکان لەو ٥٠ ملیار بەرمیلە نەفتەی کە لە کوردستان هەیە کۆمپانیا نەفتییەکان خاوەنی ١٢ ملیار بەرمیلن و هەروا بڕیاردەرن لەسەر چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردن وە ٣٨ میلیار بەرمیلەکەی دیکەش!!! واتە ئەو حکومەت و هەرێم و پەرلەمان و هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان و رێژەی دەنگ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و هەراوهۆریان لەسەری هەمووی درۆگەلەکی فرە گەورەن و لە (نەفتفرۆش) پتر بترازێ هیچ تشتەکی دیکە نین.
دەبی درۆ لەوە گەورۆنەتر چ بی کە لە کاتەکدا رێژەی دەنگەکان لەو هەڵبژاردنەدا وە پێی راگەندراوی رێکخراوی (شەمس) کە تا دوا کات لە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەدا بووە هەروا وە پێی دیتن و وەدووداچوونی خەڵک و هێندەک لایەنی دیکەش لە خوار (٥٠٪) بووە کەچی تێکڕای حیزب و لایەنە درۆزنە بەشداربووەکان و کۆمیسۆنی هەڵبژاردن کە فرە گومان لە (بێلایەنیی و راستگۆیی)ی دەکرێ دەبێژن رێژەی دەنگەکان (٧٣،٩٪) بووە!!!
دەبی درۆ لەوە گەورۆنەتر چ بی کە لە کاتەکدا ئەو کەسانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد ئەگەر بیاندوێنی و ترسیان نەبی ئەوە زۆربەی هەرە زۆریان وە راشکایی دەبێژن لە ترسی نابڕین و پەراوێزخستن و بێکارکردن و بێ پشتوپەنا مانەوە و لۆ خۆدانەپاڵ بەرپرسان وە مەبەستی خۆپارستن و (واسیتە)کردن و کارڕاییکردنی خۆمان دەنگمان دا، سەڕەڕای ئەوەش پڕ توندوتیژییترین و ناشارستانییترین هەڵبژاراردن بوو لەسەر رووی جیهان؛ پتر لە ٣٠ کەس تێیدا بریندارکران و کوژران و دارکاریی کران و ماوەی یەک مانگ کاتی خەڵکیان کوشت و بێزاریان کردن و مندڵانیان لە بانگەشەکان وەکاربردن و سامانەکی زۆری گەلیان وەفیڕۆ دا و لە کاریان دابڕین و سەرلەبەری ژیان و گوزەرانیان پەکخستن، کەچی تێکڕای حیزبەکان و کۆمیسیۆن و نوێنەرانی بەریتانیا و ئەمەریکا و تەنانەت نوێنەرانی یوئێن و چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیش وە بێ هیچ شەرم و چاوەڕووەک گۆتیان: هەڵبژاردنەکی فرە باش و هێمن و دیموکراسییانە بوو و وە شێوەیەکی فرە مەدەنییانە وەڕێوەچوو!!!!
ئیدی هەر ئەوە مایەوە بێژین ئەو وە ناو سەرۆک و سەرکردە و نوێنەرانە سیاسەت ناکەن و فڕیان وەسەر نوێنەرایەتییکردنی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیانەوە نییە بەڵکە تەنێ سیاسەتبازیی دەکەن.. سیاسەتبازییش لە درۆکردن و ئەوپەڕی بێ چاوەڕوویی پتر بترازێ هیچ واتایەکی دیکە ناگەینێ!