توانا تەھا: ھەرێمی کوردستان ئاڵۆگۆڕی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، تا رادەیەکی زۆر بەرەو دیموکراتی و کۆمەڵگەیەکی کراوە بە فرە حیزبی و لایەنی سیاسی، ھەر ئەمەشە وایکردووە گفتوگۆکانی ئەم لایەنانە لەبارەی گرنگی پەرلەمان و گەشەکردنی دیموکراتی و گرنگی زانیاریی و ھەماھەنگی لەبنەماکانی پەرلەمان زیادی کردووە. لەم ھەڵبژاردنە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کاری گەری پەرلەمان لەم گۆرانە جیاوازانەدا لایەنێکی جەوھەرییە، ھەمووشمان ئەو راستیەمان بۆ دەرکەوت کە
خودی پەرلەمان و کارەکتەرە جیاجیاکانی نێو پەرلەمان ئامرازی ئەو گۆڕانکارییەن و ھەرئەوانیش ئامانجن، واتا ھەر خۆی بکەرەو کارلێکراوە.
لە دوو خولی رابردووی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا لەنێو پەرلەمان تا ئاستێکی زۆر شەقامی کوردی ھۆشیار کردووەو زەنگێکی ھۆشیار کەرەوە بوو بۆ ھەندێک لایەنی سیاسی کە لەخولەکانی رابردوو بەتێکڕای ئەندام و لایەنگرانیان بە ھێواشی و لەبەرژەوەندی ئەوان لەپەرلەمان دەگوزەرا، بەڵام دوای دروست بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەھێز پەرلەمان رۆڵێکی دیکەی گیڕا لەنێو ئاڵوگۆڕەکاندا، لەھەمانکاتدا بوو بەئامانجێکی گرنک بۆ گشت لایەنەکان، ئەوە بوو دەرکەوت کە دیموکراسی و پێشکەوتن و بێ بوونی پەرلەمان ناتوانری بچەسپێت، چونکە پەرلەمان لەبنەڕەتدا نوێنەرایەتی ھاوڵاتییان دەکات و گوزارشت لەبەرژەوەندی داخوازییەکانی شەقام دەکات، ھەمان ئەو پەرلەمانەش نابێتە رەگەزو شوێنی ھیچ ھێزو لایەنێک بۆ دیموکراسی ئەگەر بەر ئەنجامی ھەڵبژاردنێکی دروست و سەردەمیانە نەبێت. لەدونیاشدا لەگەڵ دەرکەوتن و جێگیربوونی پەرلەمان، جیھان ئاشنابووە بە سیستەمێکی تازەی دەسەڵات کە ئەویش حکومەتە پەرلەمانیەکانە، شەمەندەفەری کاری پەرلەمان لەسەر رێگەی پرۆسەکانی دیموکراتی و بەشداری ھۆشیاری فرەیی و سیاسی و دەسەڵاتی زۆرینە بەردەوامە. دیرۆک نووسان ھێما بۆ ئەوەدەکەن کە ژیانی پەرلەمان لە ھەر دەوڵەت و ھەرێمێکدا وێنەیەکی روونە لە راستیەکانی خودی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە، بەدیوێکی دیکە پەرلەمان ئاویتەی باڵا بوونی کۆمەڵە، جا لە ھەر شوێنێک بێت، بەواتایەک کە زۆربەی رەوتی سیاسی و فیکری و بیرو باوەڕەو بۆچوونە بەھاکان لەکۆمەڵگەدا ھەیە، ئەوجا ئەم رۆڵە خراپ بێت یان چاک بەجۆرێک لەجۆرەکان رەنگدانەوەی ھەیە لەسەر چالاکییە زیندووەکانی پەرەلەمان. گوتەیەک ھەیە لە پەرلەمانی “بەریتانیا” دەبێژێت “پەرلەمان دەتوانێ ھەموو شتێک بکات جگەلەوەی ناتوانێت پیاو بکا بە ژن و ژنیش بە پیاو” واتا پەرلەمان ھێندە دەسەڵات و کاری گەری ھەیە لەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵ، کە زات بکات جێبەجێی بکات ئەوا دەبێتە نموونەیەکی باڵا، چونکە پەرلەمان نوێنەری راستەوخۆی جەماوەرەو لەھەمانکاتدا یاسا دادەنێ بۆ ئەوەی حوکمی کۆمەڵ بکات، ھەروەک چۆن چاودێری حکومەت دەکات لە ھەڵسوکەوتەکانی و رایکردنی داواکارییەکان، کە میللەت دەی خوازێت.
پەرلەمانی کوردستان دوای ئەم ھەموو ساڵە بەچەند قۆناغێکی جیاجیا تێپەڕیووە، لەنێو نوخبەی رۆشنبیری و کەسانی ھۆشیاری کوردی و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش، بۆچوونێک ھەیە لەسەر کارو چالاکی پەرلەمانی کوردستان وەک :دامەزراوەیەک کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات، بەڵام ئەرکەکانی خۆی بەتەواوی جێ بەجێنەکردوون کە پەرلەمان پێوەی دەناسرێتەوە وەکو:پاڵاوتنی پۆستی سەرۆکایەتی دەوڵەت، کاری گەری لەدروستکردنی بڕیاردان، بەجێ ھێنانی ئەرکی یاسادانان، دەسەڵاتی چاودێری، ئەرکی دارایی، کە ئەوانە ھەموو پەرلەمانێکی کارای پێوەدەناسرێتەوە، بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە و ھێنانەکایەی سسیستەمێکی دیموکراسی.