دیـــــدار نانەکەلی: خەونی دروستبوونی ناوبانگ ئاواتێکە کە ھەر تاکێکی نێو کۆمەڵگا لەھەر بوارێکی ژیان ھەوڵێکی لە ئارادابێت،مافێکە و دەکرێ لە خەونەوە بگۆڕێ بۆ راستی.
چونکە رۆژگار زۆر کەڕەت دەرفەت دەڕەخسێنێ و لێھاتویش بۆ ئەوکەسە جێدەھێڵێت کە پەڕە بە توانا شاراوەکانی دەدات.لە وەرزشدا زیاتر لەھەر بوارێکی دیکەی ژیان زەمەنی دروستبوونی ناوبانگ کورتە. دەکرێ بە ماوەیەکی کەم ئەو خەونە پێتە دی ، ھەربۆیەش زیاتر لەھەر کەسێکی دی یاریزانان لەو پلەیەدا جۆرە لەخۆبایبوون و غرورێک بە روویاندا دیارە.کە لە راستیدا مەترسیەکی زۆر دەخاتە سەر ئاستی یاریزانەکە و کاریگەری دەبێت بۆ لە دەستدانی خۆشەویستی جەماوەر.
بەجۆرێک کە ھیچ پاڵنەرێک ھێندەی لەخۆبایی بوون کارناکاتە سەر ئاست و ناوبانگی ھەر یاریزانێک. چونکە بەھۆیەوە سەرەتا یاریزان لە ئاستی یاریکردنی دەردەکەوێت . کاتێک لە یاریەک بۆ یاریەکی دی گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردادێت و ئاستی جێگیر نابێت. ئەمە سەڕڕای دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ یاریزانانی ھاوەڵی لە نێو تیپ و دروست بوونی جۆرە ململانێ و تێنەگەیشتنێک لەگەڵ کارگێڕی و راھێنەر کە بەرەو رووخان و لەناوبردنی ئاواتەکانی دەبات. ئاشکراشە کە لە خۆبایبون وەکو دەردێکی کوشندەی نێو یاریزانان جۆرە رکابەری و مللملانێیەک دروست دەکات کە ھیچ کات لە قازانجی تیپ و لە بەرژەوەندی یاریزان دانیــــە.
ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی وورد و خوێندنەوەیەکی زانستیانە بۆ ناکۆکیە ئاشکراکانی نێوان یاریزان و راھێنەر و تەنانەت کارگێڕیش بکەین، زۆر ئاشکرا و ڕوون بەدیاردەکەوێت کە زۆرینەیان ھۆکاری سەرەکی لە خۆبایی بوونی لایەنێکیانە بە تایبەت یاریزانان..بۆیە بە پێویست دەزانرێت کە یاریزانەکانی خۆمان ،ئەوانەی دەکرێ لە رێگەی دەرخستنی تواناکانیان لە داھاتوودا خۆشەویستی جەماوەر بەدەست بێنن ، بەوە بزانن کە تەنھا ھۆکارێک لە ھەموو ئەو ئاوات و خەونانەیان داببڕێنێت تەنھا لەخۆبایی بوون و غروورە.