پێناسە، گەشەسەندن، ڕەنگدانەوەی لە کاری دانەراندا، لێکۆلەرەوانی فۆلکلۆر کێب
نووسینی/ توانا حەمە
سەرەتایەک / موزیکی فۆلکلۆری بە مانایی موزیکی ناوخۆی خەڵک، یان (موزیکی گوندنشینان ) دێت. کە بە شێوەی جۆراو جۆر و نە نوسراوە، لەلایەن خەڵک یان کۆمەڵگایەکی تایبەتەوە دروست دەبن. مۆسیقای فۆلکلۆری بە ئەندازەی ژمارەی کۆمەڵگا و نەتەوە جیاکان جۆری جیاوازی ھەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی کۆمەڵگە و نەتەوەکاندا پێکدێن
لە : گۆرانی دڵداری، گۆرانی کار، گۆرانی یاری کردن، گۆرانی کۆمەڵایەتی ، سیاسی، لای لایە ، ھاوسەرگیری و جەژنەکان …ھتد. جگە لەمانە، سەما کان (dance) و مارشەکان (march ) بە بەشێک لە موزیکی فۆلکلۆری ھەژمار دەکرێت. ئەگەر چی ووشەی فۆلکلۆر تا ڕادەیەک نوێیە، بەڵام دوو سەدە لەمەو بەر لە ئەلمانیادا زارەوەی (volk) کە ووشەیەکی ئەڵمانی یە بە مانای (میللەت- قەوم ) بەکاردەھات، دواتر ھەمان زارەوە بۆ خەڵکی گوندنشین (Village people) بەکار ھێنراوە (بابک،٢٠٠٦ ). لە ساڵی ١٨٤٦دا و بۆ یەکەمجار ووشەی فۆلکلۆر لەلایەن (ولیەم تۆمز)ەوە لە نامەیەکیدا بۆ گۆڤاری ئەتنیومی بەریتانی بەکار ھاتووە، کە ناوەرۆکی نامەکەیدا وەک زاراوەیەک بۆ فەرھەنگی زارەکی و نەنوسراوی خەڵکی ووشەی فۆلکلۆرى پێشنیار کردووە.
پێناسەکانی گۆرانی فۆلکلۆری
بەشێوەیەکی گشتی موزیکی فۆلکلۆری لە کەلتوریکەوە بۆ کەلتورێکی دی، لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی جیاوازە. ھەر بۆیە گشتاندنی تەنیا پێناسەیەک بۆ سەرجەم نەتەوەکان کارێکی دژوارە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تا ڕادەیەکی زۆر لەکن زۆرێک لە نەتەوە جیاکان ئەم سێ پێناسەی خوارەوە لە خۆ دەگرێت:
• پێک دێت لەو کۆمەڵە گۆرانی و موزیکەی کە خۆ بە خۆ یا (خۆڕسک) دروست بون و، ڕەسەنەکەیان لە بەین چووە، یا خود فەرامۆش کراوە و لە بیرچۆتەوە.
• ئەو کۆمەڵە موزیکەیە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی بە شێوەی زارەکی گواستراوەتەوە، (نۆتە) نوسی بۆ نەکراوە. (بە واتایەکی دی فەرھەنگی موزیکی زارەکییە) .
• ئەو کۆمەڵە موزیکەیە کە بە ھۆی گوێگران، موزیکژەنان و ووشەکانەوە پێکڕا دێتەپێشکەشکردن. ( مەبەست لێرەدا ئەو دانیشتنە فۆلکلۆرییانەیە، کە پێکرا گویگران و مۆسیقاژەنان و پێکەوە ووشەکانی دەڵینەوە).
• موزیکی فۆلکلۆری دەشێت تەنھا ئاوازێک بێت بە دەنگ بووترێت، یاخود ئاوازێک بێت بە ئامێرێک بژەنرێت، یان (دەنگ و ئامێر)ەکە پێکەوە بن. لەگەڵ ئەوەی کە موزیکی فۆلکلۆری بەشێوەیەکی گشتی نا ئاینییە، بەڵام دەشێت زۆر جار گوزارشتی ئاینی لە خۆ بگرێت.
گەشەسەندنی موزیکی فۆلکلۆری
ئەم جۆرە موزیکە لەسەردەمی ڕێنەیسانس تاکو سەدەی ھەژدەھەم موزیکی چینی خوارەوەی خەڵک بووە. ئەگەر گەرچی موزیکی ھەر میللەتێک تایبەتە مەندی خۆی ھەیە، بەڵام زۆر لێک چونی ھاوبەشی لە نێوان موزیکی فۆلکلۆری نەتەوە جیاوازەکاندا دەبینرێت. یەکێکی دی لەو تایبەتەمەندیە گشتیەکانی جۆرەکانی گۆرانی فۆلکلۆری ئەوەیە کە زۆرینەیان وابەستەیە بە کار وبار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە. ئەم جۆرە موزیکە لە ناوەراستی سەدەی حەڤدەھەمد ا ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لە کاری دانەرە موزیکی یەکاندا و دانەرەکان سوودیان لە مۆتیڤە فۆلکلۆری یەکان وەردەگرت. بە تایبەت موزیک دانەرانی فەرەنسی زۆرێک لە کارەکانیان لەسەر ڕیتم و گۆرانی و موزیکی و سەمای میللی یەکان وەردەگرت بە تایبەت لە کارە دانراوەکانیاندا. دواتر لە سەردەمی کلاسیکدا (مۆتسارت و بتھۆڤن) بناغەی ھەندێک لە کارەکانیان لە سەر ئاوازە فۆلکلۆری یەکان دادەنا. دواجار پاش پەرە سەندن و گەشە سەندنی شارەکان (موزیکی فۆلکلۆری ) لە نیو نەتەوەکاندا، شێوازی جۆراو جۆری بەخۆوە دی تا رادەیەک وەک: ناسنامەی نەتەوەی یان سەیر دەکرا.
بە ھۆکاری ئەوەی کە موزیکی فۆلکلۆری لە ڕێگای زارەکی یەوە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دی دەگویزارایەوە، تەنھا بیر و یادەوەری خەڵکی ھۆکاری پاراستنی بابەتە فۆلکلۆری یەکان بووە. ئەم ھۆکارەش وادەکات ھەمیشە لەژێر مەترسی بیرچونەوە و گۆڕانکاریدابن. لە سەدەی نۆزدەیەمدا بە ھۆی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپاوە، بەزۆرە ملێ خەڵکی گوندەکان ناچارکران بە چۆلکردنی گوندەکان و ڕادەگویزرانەوە بۆ شارە گەورەکان، بەم ھۆیەوە گورزێکی گەورە بەر موزیکی فۆلکلۆری کەوت.
لەگەڵ ئەم گورزە کوشندەیەدا کە بەھۆی گەشەسەندنی شار پێشەکەوتنەکانی ژیاری کۆمەڵایەتی و شۆڕشی پیشەسازییەوە بەر موزیکی فۆلکلۆری کەوت، بەڵام ھەوڵدان بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی بابەتە فۆلکلۆری یەکان بووە بە ئەرکی ھەندێک لە لێکۆلەوەکانی ئەم بوارەو، دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی بابەتە فۆلکلۆرییەکان .
لێکۆلەرەوانی فۆلکلۆری
لێکۆلەرەوەی ئەمریکی ( فەرەنسیس جەیمس francis james ١٨٢٥ – ١٨٩٦ ) ھەستا بە کۆکردنەوەی بابەتە فۆلکلۆری یەکان بە تایبەت چیرۆکە (ئینگلیزیەکان) و لە پیج بەرگدا بڵاوی کردەوە بە داخەوە لە رۆژگاری خۆیدا گرنگی پێ نەدرا ھەر ئەمە بوە ھۆی لە ناوچوون و وون بوونی ھەر پینج بەرگی ئەم کتێبە.
francis james
سەرچاوە : google.image
لێــکۆلەرەوەی ئینگلیزی (cecil sharp) ، لە سەرەتای ساڵی ١٨٩٩ ھەستا بە گەران بە ناو ووڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپادا، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری تەواو لە سەر موزیکی فۆلکلۆری، کە دواجار ئەم ھەوڵە بووە ھۆی پاراستی زۆریک لە موزیکی فۆلکلۆری ھەندێک لە ناوچەکانی ووڵاتانی ئەوروپا. ھەر ئەمە بووە خاڵێکی ئەرێنی بۆ دەسپێ کردن بە کۆکردنەوەی و پاراستی موزیکی فۆلکلۆری لەکۆتای سەدەی ھەژدەھەمدا.
سەرچاوە : google.image
cecil sharp
دەرکەوتنی گرامافۆن
ئامێری گرامافۆن لە ساڵی ١٨٧٧ لەلایەن زانای ناسراوی جیھانی بە ڕەگەز ئەمریکی (تۆماس ئەدیسۆن)ە و دروستکراوە، کە لەسەرەتادا بەناوی فۆنۆگرافەوە ھاتە نیو بازاڕەکانی جیھان و، دوای چەند ساڵێک لە ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕستدا بڵاوبۆتەوە. بە ھۆی دەرکەوتنی ئەم ئامێرەوە، شێوازی کۆکردنەوەی موزیک و بەرھەمە فۆلکلۆریەکان گۆڕا، ئیدی لە ڕێگای ئەم داھێنانەوە، دەستکرا بە تۆمار کردنی دەنگیان. ھەر بۆیە بە شۆڕەشی فۆنۆ گرافی ناوی دەرکرد. جگە لەوە ئیدی موزیک سنوورەکان تێ بپەڕاند و جۆر و شێوازە موزیکیەکان لەدنیادا گەشەیان سەندو زیاتر بڵاوبونەوە و کاریگەریان لەسەر یەک دروستکرد.
(ئالان لۆماکس )
گەورە فۆلکلۆریست ئەتنۆموزیکۆلۆجیست، ساڵانی ١٩٣٠ ھەستا بە تۆمارکردنی گۆرانی لە لای گۆرانی بێژە میللی یەکان و خستە ئەرشیفی کۆنگرێسە وە. دواتر لۆماکس لە ساڵانی ١٩٥٠ بە ھاوکاری پیتەر دۆگلاس و ھامیش ھاندریسون …ھتد ھەستان بە تۆمارکردنی گۆرانی فولکلوری ئیرلەندی بۆ بیبیسی تیڤی٦ .
بلا بارتوک
بیلا بارتوک ئاوازدانەی مەجەرستان (ھەنگاری) بەیەکێک لە گرنگترین موزیکدانەرانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، کە بە ھاوکاری زولتان کۆدایی، کاریان لە سەر بەنۆتەکردنی موزیکی فۆلکلۆری میللەتان دەکرد و سودی زۆریان لە موزیک و ئاواز و پەیژە جیاوازە میللییەکان و ریتمە میللی یەکان یان وەردەگرت. ھەر بۆیە زۆرینەی میژوو نووسان لە سەر ئەوە کۆکن کە کاتیک باس لە کۆکردنەوەی موزیکی فۆلکلۆر دەکەی بە بێ ناو ھینانی ئەم دوو موزسیانە باسەکە نا تەواو دەبێت. دوا بەدوای ئەم سەرتایە بۆ موزیکی فۆلکلۆری چەندین زانست و لێکۆڵینەوەی جۆراو جۆر لەسەر موزیکی فۆلکلۆری و فۆلکلۆر بەگشتی ھاتە کایەوە.
بلا بارتوک
سەرچاوە : google.image
سەرچاوەکان…
1. بابک ئەحمدی، موسیقی شناسی، چاپ: یەکەم، تھران، ل ٤١٧،٤١٨
2. جین فریس موسیقی ھنر شنیدن، و: کتایون صارمی چاپخانەی مشعل: ١٣٨٥، ل ٥١١،٥١٢،٥١٣.
3. سیدنی فیلکنشتاین، ئەنیشە دەربرین لە موزیکدا، و:ستار کریم، چاپ: چاپ و پەخشی سەردەم،٢٠٠٥، ل٥١٢،٥١٧ .
سەرچاوەی ئەنتەرنێتی
مقالە حاچر نوشتە پیتر ھاگس است دربارە بلا بارتوک ( آھنگساز بزرگ مجارستان ) http://www.harmonytalk.com/id/2283
٤. وێنەکان/ google:image .