ھەرمن ئەحمەد: یەخەی کێ بگرین، پارێزەرانی وڵات، یان کۆمەڵگە، رێکخراو و سەنتەرەکانی خانمان، یان پیاو سالارە بێ ھەستەکان. کوا ئەوانەی دەنگیان بەرزدەکەنەوە، ماف ناسەکان، دادوەرەو پارێزەرەکان. چاوەکانیان بۆ نابینین، زمانیان بۆ ڵاڵ بوەو ھیچ ناڵێن لە ئاست توندووتیژی و ژن کوژیدا .
یان تەنیا بۆ ئەوە خێران لە میدیاکان سەرنجی خەڵک بۆ خۆیان رابکێشن و بانگەشەی خۆش گوزەرانی و ئازادی بۆ ژنان بکەن. ئەگەر ئەمە خۆش گوزەرانی و ئازادی بێت کە خانمانی نیشتمان خۆیانی تیدا ئەدۆزنەوە ئەوە من یەکێکم لەوانەی ئەڵم ̎نەم گەڕەکە̎ ئەم خۆش گوزەرانیە.!
من ئەو خۆش گوزەرانیەم ئەوێت کە گشت خانمێک بوونی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، بەدوور بێت لە تەنگەژەی رەگەز پەرستی و دەمارگیری. ئەوکاتەی خانمانی نیشتمان سەرەبەست و ئازادانە لە شەقام و شارو وڵاتەکەمان گوزەر دەکەن بێ ئەوەی بترسین لە دەست درێژی سێکسی و توانجی دەروونی و توندووتیژی جەستەی، ئەودەمە ئەڵێین نەمانی ئازادی و یەکسانی رەگەز لەم نیشتمانەدا دەمی پەل و پۆی ھاوێشووە.
ئێستا شتێکی ئەوتۆ شک نابەم، لە وڵاتی ئێمە داکۆکیکار بێت بۆ بەرجەستەبوونی مافەکانی ژنان لەبەرامبەر ئەمەش شالاوی توندووتیژی رۆژ بەدوای رۆژ روو لەزیاد بوونە.
ئەم ھێرش و پەلاماردانە بۆتە دیاریدەیەکی دزێو بەئاشکرای ھەڕەشە لە ژنان و کچانی ئێمەدەکات، وێرای ئەوەی ناوبانگی ھەرێم و پیاوی کورد زۆر بە ناشیرینی نیشانی رای گشتی و دونیا دەدات، ئەوەی ئێمە بەچاوی خۆمان دەبینن، توندووتیژی و فشاری رەگەزی نێر گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک و دڕندانە، کەوایکردووە مێینەکان لە حاڵەتێکی نائارامدا بژین و دووبارە گۆشەگیر و ماڵ و چوار دیوار ھەڵبژێرن ببنە ژنە باشەکانی ماڵ بە گوتەی ھەندێک لە پیاوەکان.
زۆرێک لە پیاوانی کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی تێڕوانینیان بۆ ژنان جۆرێکە لە تێڕوانینی ئارەزوو و ھەوەس بازی و چێژی سێکسی، بترازێت ھیچی تر نییە، جەستەیان جێگای سەرنجە نەک بیرو ھزریان خۆ ئەگەر کولتور و ئایین ببێتە پێوەرو دادوەری بکات بۆ ئابڕو و تەکاندن و لە دەسدانی شەرەف ئەوا دەبێت، پێش مەڕەکان گورگەکان لە ناو ببرێت بە گووتنێکی تر ئەبێت ئەوانەی سنووری ئەخلاقیان بەزاندوە و ئارەزوەکانی خۆیان لە ژناندا بەتاڵ ئەکەنەوە بە کەسانی نامۆ و بێشەرەف ناو ببرێت وەک چۆن ئەم جۆرە مۆرکانە لە نێو چەوانی ژنان دەدرێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا .
زێدەڕۆی نییە، ئەگەر بڵێم ئەو دەمەی ویژدان لە ناخی مرۆڤەکاندا نەما دڕندەترین بونەوەر مرۆڤە بۆیە ئەگەر کۆمەڵگە لە لایەک و تاوانکاران تاوان باران لە لایەکی دیکە، ویژدانێکی ھەستیارانە بخەمڵێنن ھەرگیز رێگە بەم زوڵمە دڕندانەیە نادەن بەرامبەر بە خانمان بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ پیاوان و ژناندا بکەن .ئەوکاتەش بەھا بۆ مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە دەگەڕێتەوەو کوشتن و بڕین لە کۆمەڵگەی کوردی گەر بن بڕیش نەکرێت لانی کەم بەم شێوەیەی ئێستا بەرچاو ترسناک نابێت.!
ئەوەی منی توشی سەرسورمان و ھەراسانی کردوم ھەنگاوێکی کارا بە دی ناکەم,لە لایەن حکومەت و ڕێکخراوە خزبی و ناخزبیەکان , لە کاتێکدا ئەم فێنۆمێنە سگناڵیکی ترسناکە بۆ شێواندنی ئارامی کۆمەڵگا بۆیە دەبێت چی زووترە ھەوڵی مەیدانی لەم بوارەدا بدریت و ھەچی زووترە ھەوڵی ڕاگرتنی ئەم تاوانانە بدر
یت لە ژیانی واقعیدا ئەگەر نا ڕۆژێک درەنگ تر ژن کوژیەکی تر لە گەل خۆیدا ئەھێنیت .