زانا دڵشاد دزەیی: سێوەکەی ماھیر بۆمن جگە لەوەی یادگارییەکی جوانی ساڵی ١٩٩٩ـیە، کە گۆرانییەکە تێکستێکی ئێجگار ناسک و جوانی لەخۆگرتووە، دەنگە پڕھەستەکەی ماھیر بەلایەکی دیکەوە ئەوانە وایکرد لەم سەردەمەدا گۆرانییەکە ببێتە گۆرانی سەرزار. راستە
تەکنیک و کوالێتی گۆرانییەکە بۆ ئێستا لاوازە، بەڵام بۆ کاتی خۆی یەکێک بوو لە گۆرانییە جوانەکان و بووەتە یادگارییەکی شیرین، بە تایبەت ئەو گەنجانەی کە بە ناچاری وڵاتە شیرینەکەی خۆیان جێدەھێشت و روویان لە ھەندەران دەکرد.
من ھیچ گومانم لە توانا ھونەرییەکەی ماھیر نییە، ھونەرمەندێکی رۆشنبیر و خاوەن سەلیقەیەکی جوانە لە کاری ھونەریدا. بەڵام بەدەر نییە لە ھەڵەی ھونەری، یەکێک لەم ھەڵانەی دووبارە کردنەوەی گۆرانی “سێوەخان”ـە، کە بە شێوەیەکی تازە لە رووی موزیک و دەنگ نوێی کردۆتەوە. بەڵام سەختە بڕوا بە گوێگر بکەی گۆرانییەکەت بە جۆرێکی دیکە لێ وەربگرێتەوە، چونکە وەک ئاماژەم پێدا بووەتە بەشێک لە یادگاری. بەھەموو کەموکوڕییەکانییەوە وەرگیراوە و ھەر واش جوانە.
کاتێک من کارێکی دیکە پەیوەندیم بە ھونەرمەند ماھیر کرد، ئەو ھەوالێکی دیکەی پێدام کە گۆرانی “سێوەخان” دووبارە دەکاتەوە ھەر ئەوکات بە گرنگیەوە ھەواڵەکەم بۆ بڵاوکرەوە، بەڵام بەلامەوە ئاسایی نەبوو دەستکاری “سێوەخان” بکات. ھەفتەیەک بەسەر ھەواڵەکە تێپەڕبوو، کلیپەکەی “سێوەخان”ـم بە تەکنیکێکی زۆر بەرز و بە ئەرک و ماندووبوونێکی زۆرەوە بینی، کلیپێکی یەکجار جوانیشی بۆ کراوە، بەڵام ھیچ تاموچێژێکم لە گۆرانییەکەدا بۆ نەمایەوە، ئەوە بۆچوونی منە وەکو گوێگرێکی ئاسایی. بەڵام بۆچوونەکەم دوور نەبوو لە بۆچوونی چەندان ھونەرمەند و مۆسیقی دیکەدا. ئەو ھەستەی کە ئەوکات لە ماھیردا بوو نەیتوانیووە ھەمان ھەست بە گۆرانییەکە بداتەوە، ئەمەش جیاوازی سەردەمە ئاسان نییە، جگە لە گۆڕانکارییە دەنگیەکەی.
ھیوادارم ئەم ھەڵەیەی کە ماھیر لە “سێوەخان” کردی، ھونەرمەندانی دیکە دووبارەی نەکەنەوە و گۆرانییە کۆنەکانییەکانیان بھێڵنەوە و کاری تازە ئەنجام بدەن واز لەخۆ دووبارە کردنەوە بێنن. ھەرچەندە من بڕوام بەمە نییە ئەگەر بگوترێ “ماھیر ھیچی پێ نەماوە خۆی دووبارە دەکاتەوە”. بۆیە چاوەڕوانی کاری زۆر جوانتری لێ دەکەین.