زۆربەی تاقیکردنەوە جیهانی و مرۆییەکان ئەیسەلمێنن کە یەکێک لە خەسڵەتە هاوبەشەکانی هێزی بەناو “شۆڕشگێڕ” لە کاتی سەرکەوتن و گەیشتنە دەسەڵات، بریتیە لە خۆ دزینەوە و جێ بە جێ نەکردنی ئەو پەیمان و دروشمانەی دەیکەنە کەرەستەی
هاندان و خرۆشاندنی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بەرگری و بەگژاچوونەوە. وا دیارە ئەو دروشم و پەیمانانەی هێزە “شۆڕشگێڕەکان” بەرزی ئەکەنەوە لە توانای ڕاستەقینەیان زیاترە. کورد ووتەنی دەستبردن بۆ بەردی گەورە نیشانەی هەڵنەدانە.
(ی ن ک) لەو قانونە جیهانی و مرۆییە بەدەر نیە و هەمان ڕێچکەی گرتووە. ئاشکرایە (ی ن ک) نە ئەوکاتەی کە گەورەترین هێزی بەرگری بوو لە شاخ، نە لەدوای ڕاپەڕین کە بووە خاوەنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن وە نە ئێستا کە گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی، نەیویستووە و نەیتوانیوە پەیمانەکانی بەرێتە سەر و بەئەنجامی بگەیەنێ. بەدەر لەوەش (ی ن ک) هیچ کاتێک پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای نەبووە. نەبوونی ڕوئیای ڕوون و دروست لە ئاکامی ئەو “پرنسیپە فکریە” لێڵ و نادیارەیان وایکردوە هەردەم لە پەت پەتی و ڕاڕاییدا گێژی خواردوە و لە زۆر کات و موناسەبەتدا نەفامانە ئاڕاستە و ڕووی شەنیان گۆڕیوە بەبێ گەڕانەوە بۆ شتێک بە ناوی بەرنامە. لەبەر ئەوەی شێواز و نەریتی کارکردنی سەرکردایەتی(ی ن ک) هەمیشە مەزاجیە نەک سیستێماتیک. ئەمە وایکردوە تێکڕای ئۆرگانەکانی ئەم هێزە گیرۆدەی کلتووری دەستەگەری و تەکەتوول ببێ وەکو دەردێکی موزمن پێوەی بناڵێ. زۆر لەوانەی دەرکەوتوون و بوونەتە لێپرسراو لە دەستە و دائیرەی سەرکردەکان خۆیان بوون. ئەوانە ئەگەر بە ڕەفتار کت و مت هاوشێوەی سەرکردەکانیان نەبووبن بێگومان جیاوازی زۆریان نەبووە. من بەشبەحاڵی خۆم لەم نەریتەی سەرکردەکان تێدەگەم چونکە خۆیان، هیچ کامیان، لە ئاستێکی واشایستەدا نەبوون تا بتوانن بە توانا و لێهاتوویی خۆیان بگەنە ئەو جێگا و مەقامە. بەو پێیە سەرکردایەتی (ی ن ک) هەر لە سەرەتاوە و بەردەوام تەنراوە بەخەڵکانی هەلپەرست و خەمسارد. زۆر کەمن ئەو سەرکردانەی کە ئەکرێت بە ڕادەیەکی ڕێژەیی کەمتر تاوانبار بکرێن. بۆیە لێرەدا بە پێویستی ئەزانم هەندێک زانیاری کۆکراوە بخەمە پێش چاو تەنها بۆ زانیاری.
(ی ن ک) لەماوەی دوای ڕاپەڕینەوە وەکو هێزێکی خاوەن دەسەڵاتی ئیداری زیاتر لە (١٥٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠$) سەدو پەنجا ملیار دۆلاری ئەمەریکی داهاتی هەبووە. واتە تێکڕا ساڵانە بەلانی کەمەوە زیاتر لە (٧٠٠٠٠٠٠٠٠٠$) حەوت ملیار دۆلاری ئەمەریکی داهاتی بووە. کۆی سەرجەم مووچە و پڕۆژە گشتی و تایبەتەکانی ناوچەی ئیدارەی سەوز ناگاتە دوو لەسەر سێی ئەو داهاتە. بە واتایەکی تر بڕی زیاتر لە (٥٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ $) پەنجا ملیار دۆلاری ئەمەریکی لە قوتی خەڵکی کوردستان لە زیمەتی ئەو هەڤاڵانەی سەرکردایەتی (ی ن ک) و لێپرسراوی ئیدارەی گشتی سەر بە (ی ن ک) دایە. بۆیە هیوادارم ئەم زانیاریانە بە هەند وەربگیرێن و لە کاتی خۆیدا لە دادگا بە بەڵگەوە لە دژیان بەکار بهێنرێت.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ١٨/٤/٢٠١٤