دارا خونچە
خواست و ئامانجەکانی گەل لە کن هەر کەسەک فرە فرە رۆشن و ئاشکران:
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی کەمکردنەوەی هەژاریی لە نێو ئەو سیستەمانەی ئێستا (ئی کوردستانیش هەر هەمان سیستەمە) ئەوەیە کە کەرتە گشتییەکانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێان پەرەیان پێ بدرێن و کەرتە تایبەتییەکانیش لە ژێر نەخشە و بەرنامەیەکی تۆکمە و وەهێزی مرۆڤدۆستانە و ژیانپەروەرانە بەرزەفت بکرێن و وە لایەنی کەم بیرۆکراسەکانی دەوڵەت و بازرگانانە چاوچنۆکەکان و سەرمایەدارە پارەپەرستەکان
نەتوانن یاری بە بژێوی خەڵک و ژیان و گوزەرانی میللەتەوە بکەن.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا ئاشتیی و ئارامیی و ئاسایشی ژیانی خەڵك لەو سەرەتایەوە دەستپێدەکەن کە دەستی حیزب و حیزبایەتی لە نێو دامودەزگە حکومییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی و رێکخراوە سڤیلەکان و لایەنە ئاسایشپارێزەکان و تەواوی هێزە چەکدارەکان لە بنەوەڕا ببڕدرێن و تەواوی ئەو بوارانە بخرێنە بەردەستی میللەت و بێلایەنانە و سەربەخۆییانە بەڕێوەببردرێن.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی گەیشتن وە ماف و ئازادییەکانی ژنان ئەوەیە کە یاسای فرەژنیی لە گۆڕ بندرێ و توندوتیژییەکانی دژ وە ژنان کە تا رادەی ژنکوژیی بەربڵاو و باون ریشەکێش بکرێن و جوایەزییەکانی نێوان ژنان و پیاوان کە تا رادەی وە مرۆڤ دانەنانی ژنان بەربڵاو و باون کۆتاییان پێ بهێندرێن.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی گەیشتن وە ئازادییەکان ئەوەیە کە (دین – وە تایبەتییش ئیسلام – و حیزب و نێرسالاریی و دابونەریتە داڕزا و پاشدامایەکان) نەتوانن دەست بخەنە نێو ئازادیی دەربڕین و ئازادییەکانی تاک و هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی کە تا ئێستا مرۆڤەکان لە سەرتاسەری جیهان لێیان بەهرەمەندن و یاسایە نێونەتەوەییەکان و جاڕنامە جیهانییەکان وە نووسین و دەق پشتگیرییان لێ دەکەن!
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا سەرەتاییترین رێی وەدەستهینانی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان ئەوەیە کە پێویستە هەر ئێستا وە پێی مافی رەوای خەڵکی کوردستان و دانپێدانانە نێونەتەوەییە جیهانییەکانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەنییەکانی هەر میللەتەک سەربەخۆی کوردستان رابگەیەندرێ و دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێندرێ.
هیچ کەس نییە نەزانی و هەستی پێ نەکا مافەکانی زارۆکان و لاوان و پیر و پەککەوتەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەهیدان و زیانمەندانی شەڕ و کارەساتەکان لەو سەرەتایەوە دەستپێدەکەن کە یاساگەلەکی شارستانییانە و مافپەروەرانە دابندرێن و بوار و دەرفەتی ئەوەیان لۆ بڕەخسێندرێ و هێزی ئەوەیان هەبی کە لە کرداردا جێبەجێ بکرێن.
لێ ئەو پالێوراوانەی ئێستا (ئی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگایەکان) وە هیچ جۆر و شێوەیەک هەرگیز وە لای ئەو داخوازیی و ئامانجانەی گەلەوەدا ناچن و هەر تەقەی سەریان دێ لەو بوارانەدا کە ئاماژەمان پێ دان! ئەوەش تەنێ لەبەرئەوەیە کە ئەوانە کۆیلەی حیزب و بەرژەوەندییە تەسک و خودپەرستییەکانی خۆیانن و تەنێ وەدووی ئەوەوەن کە بەشەک لەو گەندەڵییە باو و بێ وێنەیە بپچڕێنن کە حیزبەکان و دەسەڵاتدارانی کوردستان دایانهیناوە.. ئیدی هەر لەبەرئەوەشە کە ئەو پالێورانە و ئامانجەکانی گەل هێندەی زەوی و مەریخ لە یەک دوورن و وە هیچ جۆر و شێوەیەک نە دەتوانن نوێنەرایەتیی گەل بکەن نە دەشتوانن هیچ تشتەک بگۆڕن و بەرەو باشتری ببەن ئەگەر بەرەو خراپتری نەبەن و وە یەکجاریی کاولی نەکەن!