لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەوەندەی هێزەکان هەڵایان دەکرد بۆ ڕەشکردنی لایەنی بەرامبەر، نەیانتوانی نیو ئەوەندە باسی بەرنامەی حزب و کاندیدەکانیان بکەن. هێزە سیاسیەکانی کوردستان هەردەم جەختیان
ئەکردەوە کە دەبیت هەڵبژاردن بە شەفافی بەڕێوە بچێت و دوور بێت لە دەست تێوەردان و تەزویر. بەو پێیەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن حزبەکانی دەسەڵاتیان تاوانبار ئەکرد بە ساختە و تەزویرکردن. ئەوانەی جاران ئۆپۆزیسیۆن بوون، ئەمڕۆ لەپاڵ نیوەی هەمان دەسەڵاتی پێشو خۆیان مەڵاسداوە و توانج و تانە ئەخەنە سەر نیوەکەی تری دەسەڵاتی پێشو، لە کاتێکدا ئەمان خۆیان دەیانگووت (پ د ک) ئەتوانێ هەڵبژردن لە ووڵاتی چین بەرێتەوە. هەر ئەو سەنگەر گۆڕینە خێرایەی ئۆپۆزیسیۆن خۆی لە خۆیدا جێگای گومانە لە بەرنامە و ئەدای حیزبیان.
چوار حزبی تازەهاوپەیمان لە بەیان نامەکەیاندا دەڵێن (ی ن ک) تەنها لە شاری سلێمانی زیاتر لە ٢٣٠٠ دەنگی پوچەڵی لەسەر ماڵە. گریمان ئەو ژمارەیە ڕاست نیە و بوختانە با نیوەشی ڕاست بێت، نەوەڵا نیوەی نیوەشی ڕاست بێت. نەخێر ئەگەر تەنها و تەنها یەک دەنگی پوچەڵیش بە ڕاست دەرچێت و ببێت بە ماڵ لەسەر (ی ن ک). ئەوە شەرمەزاریە و خیانەتە لە خوێنی هەزاران شەهید و ماندووبوونی سەدان هەزار ئەندام و کادری (ی ن ک). لە ڕاستیدا ئەم جۆرە ڕەفتارە تەنها لە خەڵکانی دۆڕاو و کورتبین ئەوەشێتەوە و ئەبێتە مایەی نەمانی متمانە لە ناو تۆڕی دەزگاکانی حزبدا. جگە لەوەی هەموو سەروەری و دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی ڕابردووشی ئەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئاخۆ سەرانی (ی ن ک) لە پێش هەمووانەوە مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەتوانن ئەو بوختان و پڕوپاگەندانە پوچەڵ بکەنەوە و بۆ خەڵکی بسەلمێنن ئەوانە درۆی بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی.
ئەگەرنا مەحاڵە (ی ن ک) بتوانێت پارێزگاری لە بوون و عەزەمەتی خۆی بکات. ڕۆل و ئیعتیباری جارانی لە دەست ئەدا و زیاتر لە مەرگی خۆی نزیک ئەبێتەوە. ئەمە لە فەرهەنگی سیاسیدا بە ئینتیحاری سیاسی ناسراوە. من بەش بە حاڵی خۆم نامەوێت باوەڕ بەو بوختان و پڕوپاگەندانە بێنم یان ڕەتیان بکەمەوە. بەڵام ئەگەر لە ڕاستیدا وا دەرچوو وەکو ئەوان دەڵێن. ئەوا لەجێی خۆیدایە بیشوبهێنین بە خوێندکارێک کە وا ناسراوە هەمیشە بە پلەی یەکەم و نایاب دەردەچێت تا ئەو کاتەی بە قۆپیەوە ئەگیرێت و دەستی کەشف ئەبێت. ئەو کاتە ئێمەش ئەپرسین
ئایا (ی ن ک) هەمیشە بەوجۆرە رەفتاری کردوە و هەر خەڵکی فریوداوە؟…….؟………؟………؟……….؟………؟
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ١٧/٥/٢٠١٤