زانا دڵشاد دزەیی: زیاتر لە مانگێک ھەواڵی شانۆگەری (مەم و زین) بە گرنگیەوە لە رۆژنامە و ماڵپەڕەکان کرایەوە، کە لەلایەن ھونەرمەند ھیوا سوعاد کاری دەرھێنانی بۆ کرا و رۆژی ١٢/٥ لەنێو پارکی شانەدەر نمایشکرا،
بەڵام کارێکی زۆر پێچەوانەم لە توانا ھونەرییەکەی ھیوا سوعاد بینی، من حەقی خۆم بوو چاوەڕێی کارێکی زۆر باشم بکردایە، بەتایبەت کاتێک زانیم بۆ ئەم کارە گوایە پارێزگاری ھەولێر بڕی ٨٥ ملیۆن دینار خەرجکردووە، بەڵام دەرئەنجام کارێکی ھونەری جوانمان نەبینی.
ئەوەی جێی سەرنجی ھەمووان بوو ئەم شانۆییە پێچەوانەی نووسینەکەی ئەحمەدی خانی لە کۆتاییدا (مەم و زین) بە یەکتر دەگەن، ھەرچەندە پێشئەوەی دەست بە شانۆگەرییەکە بکرێ دەرھێنەر ئەو روونکردنەوەیدا “ئەوە پێچەوانەی دەقی داستانەکەی ئەحمەدی خانییە”، بەڵام مانای ئەوە نییە بەم روونکردنەوەیە ھەڵەیەکی وا گەورە تێپەڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرھێنەر لە کۆتاییدا نیشانی ئێمەی نەدا حیکمەتی بەیەک گەیشتنی مەم و زین لەم شانۆیەدا چی بوو.
لەلایەکی دیکەوە نمایشکردنی شانۆ لە نێو گۆڕەپانی پارک کە ھیچ سیفاتێکی مەسرحی تێدا نییە وا دەکات ھەر لە سەرەتاوە چاوەڕێی شانۆییەکی جدی و باش نەکەین، قیرە قیری بۆقەکانی ناو ئاوەکە بەرزتر بوو لە دەنگی ئەکتەرەکان، دەنگی مەم زیاد لە پێویست بەرز و دەنگی زین زیاد لە پێویست نزم بوو کەسیان باوەڕیان بەوی تریان نەبوو، ھەندێجار خۆزگەم بەوە دەخواست زوو تەواو بێت و دوورکەومەوە لە ھاتوھاواری ئەو گەنجانەی کە تەعلیقیان لە مەم و زین دەدا، بە مەمیان دەگوت “ئەی بێوەفا”. بە زینیشیان دەگوت “وەرە مەم لای ئێمەیە”. بەڵام لە ھەمووی ناخۆشتر خوا ئەمجارەش شانسی ھونەرمەند ئەیام ئەکرەمی نەدا، ساڵی پار لەشانۆگەری (پیاوە قرجۆکەکە) لەسەر مەسرەح تەنیا مایکرۆفۆنەکەی ئەو عەیبی ھەبوو، ئەمجارەش مایکرۆفۆنەکەی لەکار کەوت و زوو لە شوێنی خۆی دانیشتەوە، کەواتە حەقی خۆیەتی ئەگەر ئەیام ئەکرەم گومان بکات دەستێک لەپشت ئەمە دابێت!.
لە دوا دیمانەکاندا لێکدوورکەوتنەوە و دووبارە بەیەک گەیشتنەوەی مەم و زین جگە لە دەرھێنەر باوەڕ ناکەم کەس تێگەیشتبێت، چۆن یەکتریان بینیووە و بۆ کێ رۆیشتن و لە ماڵی باوکی زین چ باسە؟ بەڵام لە ھەمووی سەیرتر دوا دیمەنی شانۆیەکە بوو، بەبێ حیوار و ئەنجام، تەواوی ئەکتەرەکان ھاتنە سەر شانۆ چەپڵەی کۆتاییان لێدا، ئەمشەوە ھاوڕێیەکی کوردستانی باکورم لەگەڵدا بوو کەمێک پێکەنی و گوتی: ئەو شانۆگەریەیان لە باکور بکرایە ھەتا ھەولێر راویان دەنان.
دەزانم ھیوا سوعاد زۆر حەز بە شانۆی ئاھەنگ ئامێز دەکات و ئەمەش یەکەم تەجروبەی نەبوو، ساڵی پێرار و پاریش لەسەر ھەمان ستایل کاری کرد، بەڵام ئەمجارە دەرھێنەر کارێکی وایکرد دوو دەقیقە شانۆ بوو پێنج دەقیقەش دەھۆڵ و شایی و حەفلە بوو، بەجۆرێک زۆرجار بیرم دەچوویەوە ئەم شانۆگەرییە، لەکاتێکدا “شانۆی سەمائامێز” و “شانۆی ئاھەنگ ئامێز” نابێت سەماکە یاخود ئاھەنگەکە لە بایەخی شانۆیەکە کەم بکاتەوە، خۆ دەبوو ھیوا سوعاد ئەوە لەھەموومان باشتر بزانێ بە حوکمی ئەوەی پێشتر چەند کارێکی تری ئاھەنگ ئامێزی کردووە و تێیدا سەرکەوتوو بووە، بەڕاستی شیاوی ئەوەیە دەستخۆشی و ئافەرین لە تیپی ھەڵپەڕکێی ھونەرە میللییەکانی ھەولێر بکەین کە توانیان کۆمەڵێک “تابلۆ”ـی ھەڵپەڕکی زۆر جوان نمایش بکەن و سەرنجی تەواوی گەشتیاران بۆلای خۆیان رابکێشن و شانۆیی مەم و زین بمرێنن و خۆیان زیندوویانی سەر مەسرەحە بن.
بۆیە دەبووایە ھیوا سوعاد بەم بڕە پارەیە کارێکی گەورەتمان نیشان بدات، خۆزگە جەنابی پارێزگاری ھەولێر لەوێ ئامادە دەبوون و بببینن چ ھەڵەیەکی گەورەیان کردووە و کارەکە لەئاست بەو پارەیەدا نییە کە لێی خەرج کراوە.