ئەو داوایەم بۆ ئەوانە نییە کە لە ئەساسەوە باوەڕیان بە چەمکی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی مافی مناڵ و ژنەوە نییە، چونکە ئەوان لە هەموو روادوەکانی پەیوەست بە مافی ژنان، قسەی زلی خۆیان هەیە. قسەکانیش ماوەکورتن و لە کەف و کوڵی سەر ئاو زیاتر،
هیچی دی نییە.
بەڵام روو دەکەمە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی هەر ماوەیەکی زۆر کەم لەمەوپێش، لەکاتی بانگێشی هەڵبژاردن، سەری زمان و بنی زمانیان، مافی مرۆڤ و مافی ژن و منداڵ بوو. بە تایبەتی ئەو ژنانەی ئێستا ئەندام پەرلەمانن! ئەو ژنانەی زوو زوو، بە جلی رازاوە و رەنگاوڕەنگ، دەچنە ناو خاڵك و چەند وێنەیەك دەچرکێنن، ئینجا دێنەوە میوانمان بۆ خۆبادانی ناو فەیسبووك بەو وێنانەوە!!
دەی، ها ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە جەسارەت و ڕاستگۆیی ئێوە، وەدەردێخێت. دەی با بزانین، چەندان لە ئێوەمانان بوێریی و تاوبەخۆدانتان تێدایە، چ لە بەیانی زووتر نییە، بڕۆنە ئەو ناوچەیەی روداوەکەی تێدا رویداوە. بڕۆن تۆزێك لەو موچە زەبەللاحەی وەریدەگرن، حەلال کەن.
بزانن، لەپێش هەموواندا ملی ئەو دایك و باوکە بێویژدانە بگرن، بڵێن نانێك نەبوو بیدەنە ئەو کیژۆڵەیە، ئاوا زوو داتان بەشو؟ بڕۆن بڵێن، ئەو مەلایە بێدەماغەمان نیشان دەن، کە مارەیی ئەو هاوسەرگیرییە قێزەوێنەی بڕیوە! بڕۆن بزانن، کامە دادگای باری کەسی، ئەو عقد زەواجەی لێدەرکراوە! بڕۆن، بزانن ئەو تاوانبارە نامرۆڤە، لە کوێ و دیوەخانی کام رەئیس عەشیرەتی ناوچەکە لێی پاڵداوەتەوە و دیشلەمە دەخواتەوە! دە بڕۆن، لەسەر چی دەوەستن!! کۆبوونەوەی بەیانیتان هیچ گرنگییەکی نییە، هەمووی دوو دەمە تەقێ و دوو رق و قینە بەباکردنە بەرامبەر بەیەكتری. ئەو پلانەی دارێژراوە، دارێژراوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، بە ویستی ئێوە نییە، بەڵکو بە ویستی ئاغاکانتانە. بۆیە بڕۆن فریای ئەو کێشەیە بکەون تا زووە، ئەگینا سولحی عەشایەری پێش ئێوە دەکەوێتەوە.
هۆگر
کۆپنهاگن
٢٠١٤/٥/٢٥