نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئەوەی کەلەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا بە کۆنترۆڵکردنی شارێکی گەورەی وەکو مووسڵ کە ناوەندی سێ یەم پارێزگای عێراقە دوای پارێزگاکانی بەغداد و بەسرە و ژمارەی دانیشتوانەکەی چوار ملیون کەسە شتێک بوو دوور لە ھەموو بۆچوون و خەمڵاندنە سیاسی و
سەربازیەکان بەو پێیەی دوو فرقەی ھێزی سەربازی لە ھەردوو بەری شارەکەدا بوون جگە لە فرقەیەکی پۆلیسی ئیتیحادی و جگە لە سەرکردایەتی ئۆپەراسێۆنەکانی نەینەوا و زیاتر لە ٦٠ دەبابەو دەیان مودەڕەعەو ھەروەھا فڕۆکەخانەی موسڵ کە کەدەڵین دوو فڕۆکەشی تێدایە بە ساغی دەستی ھێزەکانی داعش کەوتوون ,ئەمانەو ھەروەھا باس لەوە دەکرێت کە بڕی زیاتر لە ٤٥٠ ملێۆن دۆلار لە بانکەکانی ئەو شارەدان کەئەمەش سەرمایەیەکی گەورەو بەکەڵکە بۆ درێژەدان بە ماکینەی جەنگی و بەڕێوەبردنی شارەکە ,ھەروەھا کەباسی شاری موسڵ بکەین ناکرێت باسی پاشخان و پێکھاتەو باکگراوندی ئەو شارە نەکرێت لە ڕابردوودا کەبە بڕبڕەی پشتی سوپای پێشووی عێراق ناودەبراو بە جۆرێک کەزۆربەی زۆری ئەفسەرو سەربازەکانی خەڵکی ئەم شارە بوون و لە پێکھاتەی عەرەبی سوونە بوون وسەدام حسینی سەرۆکی ڕژێمی پێشوو بە شاری ڕمەکان ناوی دەبرد , بەڵێ ئەمە چ ئابڕوچوونێکە کە ھێزەکانی سووپاو پۆلیسی ئیتیحادی عێراق لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە بەردەم یەک دوو ھەزار چەکدارێکی داعشدا خۆیان پێ ڕانەگیرێت و ھەڵبێن ئایا لە سەرەوە فەرمانیان پێ کراوە ؟ یان لە ترس و ھەستکردن بەلاوازی ؟ یان چۆن ئەو داواییەی مالیکی لێک بدەینەوە ئەمڕۆ داوای چەکدارکردنی گشتی خێڵەکان و خەڵکی دەکرد ئایا ئەمان لە سوپا ملێۆنیەکەی مالکی بە ھێزتر دەبن ؟
ئەمانە ھەمووی لەلایەک لەلایەکی ترەوە ھەروەکو ئەمڕۆ لە چاودێرێکی سیاسیەوە بیستم موسڵ وەکو شانەیەکی نووستووی پێکھاتەی عەرەبی سوونە وابووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەرکات و ساتێک بیانوویستایە دەستیان بە سەریدا دەگرت بەڵام ئەوەیان نەکرد تا ئەم کاتە کە پێ دەچێت ئێستا گونجاوترین بێت بۆیان , دوای ئەوەی لە دووساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەو ناڕەزایەتیەکانی عەرەبی سوونە لە ھەموو مەیدانەکانی شارەکانی موسڵ و ڕومادی و سامەڕاو فەلووجەو حەویجە شکستی ھێنا و مالیکی ھیچ کام لە داخوازییەکانیانی بە جێ نەھێنا و بەزۆری چەک بڵاوەی پێکردن , ئێستاش لە دوای ھەڵبژاردنە گشتیەکانی ٣٠ نیسانی ٢٠١٤ کە جارێکی تر لیستەکەی مالیکی دەوڵەتی یاسا وەکو یەکەمی ھەڵبژاردنەکان وەدەرکەوتووە و کاندید کراوەتەوە لەلایەن لیستەکەیەوە بۆ ولایەتی سێ یەم ئیتر عەرەبی سوونە ھیچ ئومێد ێک لە ئاسۆوە نابینن بۆ بەشداریپێکردنی ڕاستەقینەیان لە دەستەڵات و بە دەستھێنانی خواست و ئارەزوو مافە زەوتکراوەکانیان بە قەولی خۆیان , بۆیە لەم کاتەدا کە خوولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماوەیاساییەکەی تەواو دەبێت و ئەنجامە کۆتاییەکانیش ڕادەگەینرێن پێ ناچێت کۆبوونەوەی خوولی سێ یەمی ئەنجومەن و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو و ڕاسپاردنی کاندیدی لیستی براوەی یەکەم بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ کارێکی ھێندە ئاسان بێت لەوەیە بگاتە بنبەست و تونێلێکی تاریک و درێژ کە دەرچوون لێ ی زۆر زەحمەت بێت و مانەوەی عێراق وەکو ووڵاتێکی یەکگرتوو ئاستەم بێت .
لە کۆتاییدا ئەوەی زیاتر مەبەستمەو دەمەوێت ھەڵوەستەی لە ئاستدا بکەم ڕۆڵی کورد لەم قەیرانەدا چیە ؟ و ئەی کورد چی بکات ئایا وەکو تەماشاکەر بمێنێتەوە ؟ لە کاتێکدا داعش و بەعسیەکان و سوپای تەریقەتی نەقشبەندی و ھەموو گروپ و تاقمە چەکدارەکان لەموسڵو ناوچە دابڕاوەکانی تری کوردستان بە ھەموو تواناکانیانەوە ھاتونەتە مەیدان , یان کاتی ئەوە ھاتووەو ھەلێکی مێژوویش بۆسەرکردایەتی سیاسی کوردبە ھەموو لایەنەکانیەوە ھەڵکەوتووە ھەنگاوێکی ئازایانە بنێن و ھێزەکانی پێشمەرگە ڕەوانەی ھەموو ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بکەن و بە سەروماڵ بیانپارێزێن لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لەبەردەم ڕووخان و مایە پوچ بووندایە بە دەست قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و گەندەڵی و شەڕی تائیفی .