توانا تەھا : بێگومان کۆمەڵگەی کوردی، بە رۆژێک و دوو رۆژ نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئێستا، بەڵکو بەدرێژای دیرۆک، بەدەم ململانێوە ھاتووەو قۆناغە جیاجیاکانی بڕیوە، شارستانیەتی ڕۆناوە، ئاشتی سازداوە، دووژمن ناچار بەشەڕی کرووەو شەڕو شۆڕی خوێناوی بەرامبەر بەرپاکردووە، بڕیاری داوە، پەشیمان بۆتەوە، شارستانیەتی رووخاندووە، ژیانی تێکداوەو کۆمەڵگەی دامەزراندۆتەوە،
واتا ھەنگاو بەھەنگاو، بەرە بەرە ھاتووەو بەرگری لەخۆکردن و خۆبەڕێوەبردن بووە بە چارەنووسی و ھەرگیز لەخۆی رازی نەبووەو بەو قۆناغە قایل نەبووە کە تێیداو ھەر ھێندەش تەماشا رابردووی کردووە، کە رێگەی چوونە پێشەوە بۆ روونبکاتەوە، واتا کوردستان کە بۆتە کوردستان تەنیا رێگەی چوونە پێشی ھەبووەو ھەرگیز لەتوانایدا نەبووە بۆ دواوە بگەڕێتەوە.
وێرای ئەوەی میللەتی کورد ھیچ کات شەڕ خواز نەبووەو لە ھەموو ھەل و مەرجەکاندا دووژمن ناچار بەشەڕی کردووە، ئەی ئەوە نییە ئێمە بەکاری مەدەنی و پان و بەرینی شەقامەوە سەرقاڵ بووین دووژمن ناچار بەشەڕی کردینەوە، دیارە لەکەس شاراوە نییە کە ھەموو ئەوانە لەخۆڕا بەدی نەھاتوونەو سەرکردە گەلێک کە لەرابردوو و ئێستاش بە رۆڵی ھەرە گەورەی ئەوان ھاتۆتەدی.
ئێستا لە رۆژھەڵاتی ناڤین، جۆرێکی دیکە لە شۆڕەش دروستبووە، ھەروەک چۆن شۆڕەش یاساو رێسا کۆنەکان دادەڕمێنێت و ھی نوێ پڕ بە پێستی سەردەم بەرھەم دێنێ، رەنگە ئەوە رێک بۆ ئێستا کوردستان گونجاو بێت و ھاتبێتە دی، واتا وەکو چۆن مار ساڵانە کاژ فڕێ دەدات و کاژێکی تازە پڕ بە پێستی خۆی دێنێتەوە، تا لەگەڵ گەشەکردنی بەدنیا بگونجێت و پڕ بەبەری بێت و لە کاژە کۆنەکەدا نەگەنێ و نەمرێ. کۆمەڵگەی کوردی بە جۆرێکی دیکە، چونکە ئێستا خاوەنی یەک گوتارو یەک ھەڵوێستن، کوردستان خۆی تازە کردۆتەوە، بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ رەوتی پێداویستیەکانی سەردەم دیارە ئەو کێشمەکێشە بەئاسانی لەسەر کورد تێناپەڕێت، بەڵام گرنگە بە ئاڕاستەیەکی رێک و پێکدا ببرێت، کە دواجار بە قازانجی میللەتی کورد بکشێتەوە.
لەسەرمانە ھەوڵی یەکخستنی مێژووی گەلەکەمان بدەین، بیکەینە زامنی یەکبوونی نەتەوەیی و رێگە لە دووژمنان بگرین، کە ھەوڵی تێکدانی رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری نەتەوەکەمان دان، ناحەزان و دووژمنانی گەلی کورد، بە بەرنامە دەیانەوێ، ئەو شەڕو کوشتیارییەی لەنێوە خۆ دروستیان کردووە، درێژی بکەنەوەو بۆ ناو ئێمە قوڵی بکەنەوە. ئەمڕۆ کە لە سەردەمێکدا دەژین، کەبوونی نەتەوە بەندە بە بوونی دەوڵەت، ئەگەر ئێمە نەتەوەیەکی یەکگرو یەک دەنگ بین، ئەوا دەوڵەت دەخوڵقێت.
ئەم یەک گوتارییەی کوردو بەیەکەوە بوون و پێکەوە چوونە بەرەکانی جەنگ، دەورێکی گەلێک گرنگی دەبێت لە قوڵکردنەوەو چەسپاندنی لە ھزرو بیری خەڵکیدا و خۆی ھەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەرەو یەکخستنی دیرۆکمان، ئەم پڕۆسەیە ئەگەر بۆ خەڵکان و گەلانی دیکە گرنگ نەبێت ئەوا بۆ گەلی کورد لە قۆناغی دروستبوونی نەتەوەیدا، گەلەک پێوستە. ئەوەی مایەی دڵخۆشیە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان بەکۆی دەنگ کەسانی یەکبوونخوازن، واتا خەونی زۆربەی خەڵک سەربەخۆی و دەوڵەتی یەکگرتووی کوردستانە، ھەر وەک چۆن لە پەیامەکانی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بەڕوونی دیار دەکەوێت، کە میللەتی کورد بەرەو قۆناغێکی گەورە ھەنگاو دەنێت.