هیوا سهرههنگ / هۆڵهندا : بە پێێ هەموو ئەو راگەیاندن و پەیامانە بێت گروپی داعش بڵاوی دەکەنەوە و هەوڵی بۆ دەدەن و بە ئاشکرا بێ پەردە خاڵ لەسەر پیتەکان دادەنێن و بەناو ستراتیژیەتی خۆیان ئاشکرا دەکەن بۆ هەموو لایەک بێ سڵەمینەوە و لە کەس و هێزێک و دەوڵەتێک،بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی،
ئا لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە چرکردنەوەی ئەم دواییەی هێرش و پەلامارەکانیان بەرامبەر ناوچە سنووریەکانی کوردستان و بە تایبەت ئەو ناوچانەی ساڵانێکی زۆرە کورد هیچ رێکەوتنێک بە کۆتا دانانێت دوور لە ئاماژە بۆ گەراندنەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەدان هەزار قوربانیشی داوە ئا لەو پێناوەدا و ئێستاش لە شەری سەختی ململانێدایە لەگەڵ گروپی داعش، دژ بە پەلامارەکانیان بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان .. ئەوەی جێێ سەرنجیشە بەر لە چەند مانگێک لە هێرشێکی بەرنامە بۆ دارێژراوی کوت و پڕدا دووەم گەورەترین شاری عێراقیان داگیر کرد و بەهێزترین و پڕ چەکترین بنکەی سەربازی عێراقی لێبوو بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووکەوە و هەر هەموویان رادەستی ئەم گروپە کرد. ئەوە ماوەی چەند مانگێکیشە دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامیان تیا دامەزراندووە و هەڕەشە دەبەشنەوە بۆسەر زۆربەی ووڵاتە ئیسلامیەکان..! بە تایبەت سوریا و عێراق و لوبنان و ئەردەن و کوێت و سعودیە، کەچی ئەوەی جێێ سەرنجە لە دەستدرێژیەکانی ئەم دواییەی بۆسەر ناوچە کوردستانیەکان و بە تایبەت ناوچەکانی شنگال و کوشتنی هەزاران کوردی رەسەنی ئێزیدی و فڕاندنی زۆرتر لە ٥٠٠ ژنی پاکیزەی ئێزیدی و فرۆشتنیان وەک کۆیلەکانی چاخی کۆیلایەتی، ئەو میدیا پڕ هاوارانەی بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی مێش میوانیان نیە و جووڵەیەکی چالاکیان تیا بەدی ناکرێت دژ بەم گروپە هەڵتۆقیوە. سەدان هێندەی ژمارەی وڵاتە عەرەبیەکان رێکخراوی مرۆیی و مافەکانی ژنانیان هەیە، سەدان و هەزاران رووناکبیر و چالاکەوانیان لە بوارەکانی مافەکانی ژناندا هەیە کە ساڵانە بەردەم و سەرسهکۆی گۆنگرە و کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکان بەر نادەن دژ بە ژن کوشتن و ئازاردانی ژنان و چەوساندنەوەیان لە جیهاندا هاوار دەکەن داوای هاریکاری و کۆمەك دەکەن، چما ژنانی کوردی ئێزیدی ژن نین لە سەدەی بیست و یەکدا سەدەی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تەوژمە بەهێزەکانی دیموکراسی بە زۆر بەسەر پیاوانی داعشدا دابەشدەکرێن و کرین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت .
ئەوەتا بە تەنیا لەم بار و دۆخەدا وڵاتانی جیهانی عیلمانی هاتوونەته سەر هێلی یارمەتی و هەموو جۆرە هاریکارییەکی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی عێراق دەکەن دژ بە هێرش و پەلامارەکانی داعش، لە کاتێکدا ئەم گروپە تیرۆرستییە هەرەشەی بۆسەر ئەم وڵاتانە دروست نەکردووە هێندەی کە یەکسەری هەرەشەی لەناوبردن و هێرش و پەلامار بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و شوێنە پیرەوهکانی ئیسلام دەکەن .. دەبوو تەنانەت بۆ دوور خستنەوەی شەری داعشیش بوایە لە خۆیان بەر لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا لە نزیکەوە هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی سەربازی خەڵکی کوردستانیان بکردایە، کەچی لە بری هاوکاری و سوپاس گوزاری بۆ پێشمەرگە و خۆبەخشان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لێرە و لەوێ رەخنە لە هەڵوێستەکانی ئەو وڵاتانە دەگرن کە خەڵکی کوردستان پڕ چەک دەکەن دژ بە داعش، بڵێی راسیسزمێکی عەرەبی لە دوورترین وڵاتی عەرەبی خۆی بە خاوەنی خاکی کوردستان بزانێت، یان راسیزمێیەکەیان بەو ئەندازەیەیە بەرامبەر بە کورد ئامادەن یەکە یەکە داعش لەناویان بەرێت و سەریان لە لاشەیان جوێ بکاتەوە باشتر بێ لەوەی کە کورد خاوەنی کیانی خۆی بێت و بەهێز بێت بەرامبەر بە چاوچنۆکییەکانیان.