دیـــــدار نانەکەلی: لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا ، حکومەت زادە و سێبەری حیزبێکی باڵادەستی ووڵاتە ، حیزبێک کە دواجــار دەبێتە رەنگی حکومەت، ھەر خۆی پێ کوێخا و دەمراستی خەڵکە ، خەڵکیش جێبەجێکاری فەرمان.
ھەرگیز مەزەندەی ئەوە مەکەن ھیچ حکومەتێکی حیزبی بێ بەرھەم و پیشەسازی بێت ، بێدەسەڵات لەھەمبەر سیاسەت و نا ئاشنای سەردەم بێت ، لە حکومەتی حیزبیدا بەرھەم ھەیە، پیشەسازیش ھەروەھا
لە حکومەتێک کە یاسای تایبەتی بۆ ئەندامانی حیزب ھەبێت ،بۆ خەڵکی سادەش یاسای گشتی ، زۆرترین بەرھەمی نەوەیەکی نادروست و بێ خاوەنە، کارگە پیشەسازیەکانی حیزب گەنجێکی دەست ئاواڵا لە شکانی شکۆی خۆی ، رەتکردنەوەی رەسەنایەتی ، نغرۆکردنی نەریتی مرۆڤدۆستی ، بەھەوەس بۆ شکانی یاسا، پاڵەوانی سەر شەقامە وێرانەکان دەخولقێنێت ، نەوەیەک بێ ئاگا لە بوونی خۆی،دوور لە مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان، دوژمنی سەرسەختی ھەوڵدان ، باوە کوشتەی زانست و پەروەردە، بەرھەمی ئەو کارگانە رۆژ بە رۆژ کاڵاکانیان کرچ و کاڵتر دەبێت ، بەڵام فرۆشیان لەجاران زیاتر،
بەرھەمی ئەمرۆ شانازی بە شکاندنی یاسا ، مەبەست و بێ ھۆشی ، دوورکەوتنەوە لە مەعریفە ، خستنە ژێرپێی جوانیەکان دەکات
ھەموو لادانەکان بەجۆرێک لە پابەندبوون بە ریزەکانی حیزب ھەژمار دەکات
بۆ شکاندنی شکۆی یاسا، رەشکردنەوەی ھەقیقەت ھەمیشە دڵنیان لە پاڵپشتی ، لە بەردەوام بوون لە کردەوەیەک کە لاپەرەکانی مێژوو بۆگەن دەکەن ، ووڵات بەرەو ھەڵدێر، ئەزموون بەرەو قوربەسەربوون دەبەن