نووسینی:بورھان شێخ رەئوف
وابزانم پێویست ناکات بە درێژی عەبدولباری عەتوان بە خوێنەرانی کورد بناسێنم چونکە زۆربەی زۆری نووسەرو چاودێران و ھەتاوەکو خوێنەرانی کوردیش ھەڵوێست وڕق و کینەو دوژمنایەتیەکانی ئەو نووسەرو ڕۆژنامە نووسە عەرەبە فەلەستینیە بەرامبەر بە کورد دەزانن ,
لە دوو دەیەی ڕابردوودا چی لە دەست ھاتبێت بۆ دژایەتی کوردو کێشە ڕەواکەی بێ سڵەمینەوە و دوودڵی کردوویەتی و ووتویەتی کە لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیای عوزما دادەنیشێت ,پشتیوانی خۆی لە پێشتر زۆر بە ئاشکرا بۆ ڕێکخراوی ئەلقاعیدەو و شەخسی ئەمیرەکەی ئوسامە بن لادن دەربڕیووە و کاتی خۆی لە شاخەکانی تۆرا بۆرا لە ئەفغانستان چووە لای و چاوپێکەوتنێکیشی لەگەڵدا سازدا , ئەمێستاش بە شێخ ئوسامە بن لادن ناوی دەبات .
لە کاتی ئێستاشدا لە ناو جەرگەی ئەوروپاوە ڕاوێژ و ئامۆژگاری و خۆشەویستی خۆی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام (داعش ) دەنێرێت و ھۆشدارییان دەداتێ کە لە تازەترین ووتاری کە لە ویبسایتی قورەیش دا بڵاوی کردۆتەوە پێیان دەڵێت ووریابن ترسناکترین شت بۆ پووکانەوەی دەوڵەتەکەتان ئەو ھەوڵە ھەواڵگریانەیە کە دەزگاکانی ھەواڵگری و دژە تیرۆری عێراق دەیانەوێت دزە بکەنە ناو ڕیزەکانتانەوەو لەو ڕێگەیەوە گورزی کوشندەتان لێبدەن و زاڵ بن بە سەرتاندا و درز بخەنە ناو ڕیزەکانتانەوە , ھەروەھا ترسی خۆی ناشارێتەوە کە ئەم جۆرە دزەکردن و خۆ خزاندنە ناو ڕیزەکانی دەوڵەتەکەتانەوە زیانی گەورەتان پێدەگەیەنێت , لە ھەمان کاتدا لە وەسفی ڕێکخراوەکەیاندا دەڵێت ڕێکخراوێکی ئاوەھا کە بە تەمەنێکی زۆر کورت ھێزەکانی چەندجار لە قەبارەی خۆی زیاد یان کردووەو ئەو ناوچانەش کە دەستیان بە سەردا گرتووە چەندین جار فراوانتر بووە لە کاتێکی پێوانەییدا بۆیە ھەموو ئەمانە وادەکات کە ببنە ئامانجی زۆر دەزگای ھەواڵگری جیھانی و ناوچەیی لە کاتێکدا دەوڵەتی ئیسلامی لە چەند بەرەیەکی جیاوە لە شەڕدایە کە ئەمەش تواناکانی کەمدەکاتەوە بۆ چڕکردنەوەی توانای خۆپارستنی خۆی بە گشتی .
ھەروەھا لە شوێنێکی تری وتارەکەیدا دەڵێت نازانین قەبارەی ئەو زیاننانەی بەر دەوڵەتی ئیسلامی کەوتووە چەندە لەلایەن دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکانی عێراقەوە , بەڵام ئەبو حەفسەی ئەلموھاجری کە گەورە بەرپرسێکی داعشە و دەستی بە خوێنی ھەزاران کەس لە عێراق و شام سوورە بە بەڕێز ناو دەبات و دەڵێت ووتویەتی کە ئیتر ھیچ کەسێکی عێراقی لە ڕیزەکانماندا وەرناگرین جگە لە خەڵکی بیانی بۆ جیھاد نەوەکو خەڵکی نێراویان تێدابێت بۆ خۆ خزاندنە ناو ریزەکانمان لەلایەن دەزگا ھەواڵگریەکانی عێراقەوە .بۆیە لەوانەیە گورزی گەورەیان وەبەر کەوتبێت .
لەھەمان کاتدا عەبولباری عەتوان کورتەیەکی مێژوویی لەسەر کاری ھەواڵگری وناردنی خەڵکی بۆ ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوەکانی قاعیدە و ڕێکخراوە فەلەستینیەکان باس دەکات و ھۆشداریان دەداتێ لە مەترسی ئەو جۆرە کارانە, بەڵێ ئەمە نووسەرو ڕۆژنامە نووس عەبدولباری عەتوانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی تر ڕق و بێزاری خۆی دەربڕی لە ئاست بە ھاناوە چوونی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی و کۆمەلِگەی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی کۆبانێ .ھەروەکو ئەوەی بەڵێنی بیلفۆری دا و جێبەجێ ی کرد کورد بووبێت !!! ؟
لەھەمان کاتدا پیاوێکی تری ئایینی ئیسلامی تونسی عەرەب بەناوی شێخ حوسین عوبێدی ئیرەیی بە کور د دەبات کە چۆن توانیان یارمەتی بگەیەننە کۆبانێ دەڵێت ئێمەی عەرەب بە ٢٣ ووڵاتەوە نەمان توانی ئەوەندە یارمەتی بگەیەنینە غەزە . ھەروەھا رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیاش لە میانی سەردانەکە ئەم دواییەی بۆ فەرەنسا بێزاری و خۆی بەرامبەر کۆمەک وھاوکارییەکانی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بۆ کۆبانێ نەناردنی بۆ شوێنەکانی تری سوریا دەربڕی .
بۆیە لێرەوە داوا لە ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپاو ئەمریکا دەکەم ھەروەھا ھەموو ڕێکخراوو ھێزە دیموکراتخوازەکان دەکەم لە ڕێگەی داواکاری گشتیەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار بکەن ھەوڵی ئەوە بدەن لێپێچینەوەی لە گەڵدا بکرێت .