سیاسه‌ت له پێناوی چیدا؟…
م. عه‌ونی خۆشناو: متمانه له نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، لایه‌نێکی گرنگی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه، له پاڵ به‌هاو مۆراڵ و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، که کاریگه‌ری له‌سه‌ر گرێدانی په‌یوه‌ندی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگادا هه‌یه،
متمانه‌ی هاووڵاتی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌وه‌یه، کاتێک به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌داران به‌ڵێن ده‌ده‌ن، که پارێزگاری له شکۆی نیشتمان ده‌که‌ن، پرنسیپ و مۆڕال و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک خۆی جێبه‌جێ ده‌که‌ن، دادپه‌روه‌ری و ئازادی و یه‌کسانی له نێو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک یه‌ک په‌یڕه‌و ده‌که‌ن، سامانی نیشتمانی ببێته وێستگه‌یه‌کی گرنگ له په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی وڵات، له پێناوی ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی هاونیشتمانیان، هه‌رچه‌نده 22 ساڵه سه‌مفۆنیای ئه‌و به‌ڵێنانه هاش و هوشیانه، به‌ڵام له پڕاکتیکدا ئه‌مانه بوونیان نیه ، چونکه سه‌رمایه‌و داهاتی وڵات ته‌خشان و په‌خشان ده‌کرێت، بازرگانی له‌گه‌ل دوژمن و نه‌یاران ده‌کرێت، پاره‌ی دزراوی به‌رپرسان له‌ژێر زه‌مینه‌کان عه‌مبار ده‌کرێت، هاووڵاتی کوردستان برسی و هه‌راسان ده‌کرێت، قه‌یرانی به‌نزین و نه‌وت و غاز‌و کاره‌با و بێ مووچه‌یی و پێداویسته‌کانی ژیان رۆژانه باس ده‌کرێت!!
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان کاتێک به‌شداریان له شۆڕش و بهرخودانکرد، تاکو به داگیرکه‌ران بلێن نه‌خێر بۆ داگیرکاری و کاوڵکاری و به‌تالان بردنی سه‌رمایه و سووتماککردنی کوردستان، به‌ڵێ بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و ئاوه‌دانی و ئاشتی و ته‌بایی و پێکه‌وه ژیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ ئێوه‌ی پاڵه‌وانانی درامای شانۆی سیاسی دوێنێ و بارزگانانی ئه‌مرۆ، له‌یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌ی حوکمڕانی کوردستان لاواز ده‌رچوون، له جیاتی پاداشت و خزمه‌تکردنی خه‌ڵک، هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان و خۆ دهوڵهمهندکردنتاندا، له جیاتی خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی!! گومرگه‌کانیان کۆنترۆڵکردو شه‌ڕی نه‌گریسی براکوژیان کرده دیاری کۆمه‌لانی خه‌ڵکی کوردستان، به‌و هۆیه‌وه چرای ئومێدی کوردایه‌تیان خامۆشکرد، سه‌دان کچ و دایک و خوشکیان ڕه‌شپۆشکرد، هه‌زاران ئاواره و سه‌رگه‌ردانکرد، ده‌ستیان له‌گه‌ل داگیرکه‌ران تێکه‌ڵاوکرد، له گۆشه‌نیگای چاوچنۆکی و خۆپه‌رستیان کوردستانتان هه‌ڕاج و هه‌رزانفرۆشکرد و داگیرکه‌رانیش سوودمه‌ند!!
هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێویستیان به‌ده‌سته‌به‌رکردنی بژێوی ژیانه، ئه‌گه‌ر تاکێک نه‌توانیت پێداویسته‌کانی ژیان ده‌سته‌به‌ر بکات، به هۆی نه‌بوونی کار بیر له کاره نا یاساییه‌کان ده‌کاته‌وه، هه‌رچه‌ند باش ده‌زانێت، دزیکردن یه‌کێکه له دیارده و خوڕه‌وشته خراپ و ناشیرینه‌کانی کۆمه‌ڵگا، دزه بچووکه‌کان له پێناوی په‌یداکردنی بژێوی ژیانیان دزی له تاک ده‌که‌ن و پۆلیسی تاوان به ئاسانی و به‌زوویی ده‌ستگیریان ده‌کات، به‌ڵام به قودره‌تی قادر دزه گه‌وره‌کان، ئه‌وانه‌ی له په‌نای سیاسه‌ت دزی له گه‌ل و نیشتمان ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک سزا نادرێن، به‌ڵکو رۆژانه ده‌بێ به چه‌پله ڕێزان و فه‌رشی سوور پێشوازیان لێ بکرێ.
ئه‌گه‌ر چی زه‌مه‌نی سیاسه‌تی ساخته‌کاری و به کۆیله‌کردنی کۆمه‌ڵگا و فهرامنڕهوایی بنه‌ماڵه‌یی و دیکتاتۆری به‌سه‌رچووه، به‌ڵام له ڕێگای پاشکۆبوون و هاوپه‌یمانی و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی، ده‌یانه‌ویت کورسی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆیان توندتر و قایمتر بکه‌ن!! ده‌کرێت هه‌موو که‌س به ناوی کوردایه‌تی له خشته ببرێت و هه‌ندێک بۆ ماوەیه‌ک فریو بدرێت، به‌ڵام ناکرێ هه‌موو خه‌ڵکی بۆ هه‌میشه‌ی فریو بدرێت!!
ئایا سیاسه‌تکردن له پێناوی کوردایه‌تی و خزمه‌تکردنی گه‌ل و نیشتمانه، یاخود بۆ مه‌به‌ستی کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌و سه‌روه‌ت و سامانه؟! ئایا قه‌رزکردنی حکومه‌ت بۆ سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌کانه، یاخود بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیانه؟؟ ئه‌و 5 سیاسه‌تمه‌داره کورده کێن که خاوه‌نی ئه‌و 200 ملیار دۆلاره دزراوه‌ی کوردستانن؟؟ کێن ئه‌و 10 سه‌رکرده‌ی که خاوه‌نی زیاتر 100 ملیار دۆلارن؟؟ سه‌دانی تریش خاوه‌نی سه‌دان ملیۆن دۆلارن!! کام فه‌رمانده‌و کام بازرگان به رۆژ پاڵه‌وان و به‌شه‌و شه‌ریکه به‌شی داعشه‌کانه؟؟ ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه بودجه‌ی 15 ساڵی کوردستانه؟ له سایه‌ی ئه‌و سیاسییانه کوردستان هه‌میشه له قه‌یرانه!!
ئه‌و پرسیارانه‌و ده‌یان پرسیاری تر وه‌ڵامه‌کان لای کامیانه؟ داواکاری گشتی له کوێی کێشه‌کانه؟
ئێستا کاروانی خه‌بات له وێستگه‌یه‌کی گرنگی کوردایه‌تی گوزه‌ر ده‌کات، پێشمه‌رگه له به‌رخودان و تێکۆشان و به‌رگریدان له کورد‌و کوردستان، ئه‌رکی سه‌رشانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه، له لایه‌ک له خه‌می پێشمه‌رگه‌و کوردستان بن و له لایه‌کی تریش هه‌وڵی سزادنی ئه‌و گه‌نده‌ل و مشه‌خۆرانه بدرێت و پاره‌ی دزراوی گه‌ل بۆ گه‌ل بگه‌رێته‌وه، نه‌که‌ونه ژێر ڕکێڤی هیچ ته‌وژمێک که زیان به پرۆسه‌ی دیموکراسی و کوردستان بگه‌یه‌نێت، ئه‌رکی ڕووناکبیرو نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسانه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته بکه‌ن و ڕاستیه‌کان بۆ کوردستانییان ڕوونبکه‌نه‌وه، تاوانبارانیش به سزای خۆیان بگه‌یێنن، چاوه‌ڕێێ هه‌وڵ و کۆششی دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمانین.. ئه‌مه‌ش لینکی زانیاریه‌کانه:
http://www.lvinpress.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=12743&Jor=1
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای