نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
دوای ئەوەی کتێبی کورد لۆجیام خوێندەوە ٤٢١ لاپەڕە چاپی یەکەم ٢٠١٤ لە نووسین وەرگێڕانی نووسەرجەلال زەنگابادی بە زمانی عەرەبی کە ھەوڵێکی باشە بۆ ئاشناکردنی خوێنەرانی عەرەب بە کوردلۆجیا ,
بە شێوەیەکی گشتی کتێبەکە پێک ھاتووە لەسەرەتایەک لە کوردلۆجیاو چۆنیەتی سەرھەڵدانو گەشەکردن و ڕۆڵ و ئاسۆکانی بەردەمی و کورتەیەک لە کوردلۆجی ئەڵمانی و ڕوسی و سۆڤیەتی و ئیتالی و پۆلەندی و تورکی و کازاخستانی و لە گەڵ چەند نمونەیەک لەکاری کوردلۆجیەکان و ھەروەھا چەند چاوپێکەوتن و ووتووێژێک لە گەڵ کوردلۆجیەکاندا و ئەلبومێکی وێنەو نەخشە و بەرگی کتێبەکان و وێنەی گشتی .
بەڵام لە گەڵ ڕێزو خۆشەویستیم بۆ ھەموو ئەو بەڕێزانەی کەناویان لەو ئینسکلۆپیدیاکورتە ی کوردلۆجیادا ھاتووە کەھەموویان خزمەتی گەورەیان بە مێژوو کەلتوری کورد کردووە لە ووتارێکی واکورتدا باس ناکرێت , بەڵام ئەوەی سەرنجی زیاتر ڕاکێشام و گەورەترین خزمەتی بە کوردو کێشە ڕەواکەی کردووە ھەوڵ و کۆشش و گیانفیداییە سەرسەخت و کۆڵنەدەریەکانی گەورە بیرمەندو زانای کۆمەڵناسی تورک دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی یە , ھەر لەوکاتەی کە بۆ یەکەم جار کوردی دی و کوردی ناسی لە ساڵی ١٩٦٢-١٩٦٤ لەکاتی بە جێھێنانی خزمەتی سەربازی لە ھەردوو ولایەتی بەدلیس و ھەکاری لە باکوری کوردستان کە لەڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی تورکیادا بە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئەنازۆڵ ناودەبرێت کاتێک گەیشتە ئەوێندەرێ واتە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئەنازۆڵ بینی گەلێک ھەیە زمان و مێژوو داب و نەریتیان جودایە لە تورک ھەتا ئەو ناوەشی کە پێ ی دەڵێن تورکی کێوی ناوی خۆیان نیە ئەوان کوردن ,
بەڵێ ناسینی کورد لەلایەن بێشکچیەوە وەکو دۆزینەوەی جیھانێکی وون بوو کە ھەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا ھەر لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیەوە و دواتریش بە تایبەتی لە سەردەمی کۆماری دا ھەموو ھەوڵ و تواناکانیان خستبووە کار بۆ توانەوەی کوردو نەھێشتنی ھیچ سیمایەکی نەتەوایەتیان و لەناوبردنی ھەرشتێک کە پەیوەندی بە مێژوو کەلتورو زمانی کوردیەوە ھەبێت , بەڵی بێشکچی لە ئاوا ژینگەو کەشێکدا وەدەرکەوت کە بیرو بۆچوونی شۆڤینی فاشیستی باڵی بەسەر تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا کێشابوو , ئەمیش بەتەنیا بە گژ ئایدیولوجیای فەرمی دەوڵەتدا چووەو و ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ ئابڕوبردن و ڕیسواکردنی ھەموو ئەو کردەوە ناھەقیانەی دژ بە کوردو ھەموو کەمە نەتەوە و ئاینەکانی تر لە تورکیادا دەکرا.
بەڵی لە بارودۆخێکدا کە ووشەی کوردو کوردستان قەدەغەبوو چ بە نووسین وچ بە ووتن لەوەتەی کۆماری تورکیای شۆڤێنی دامەزرابوو سەرپێچیکار( ھەڵبەتە لە دیدی حکومەتی تورکیاوە ) تووشی لێپێچینەوەی یاسایی و غەرامەو زیندانی دەبوو, بێشکچی لە ئاوا دۆخێکدا وەکو ڕۆشنبیرێکی بە ھەڵوێست و پەروەردەکراو وەکو لێکۆڵیارێکی پاک و بێگەرد بەتەنھا بەرەنگاری بیری شۆڤێنی تورکی بووەوە و لایەنگری لە بوونی گەلی کوردو ھەسەلە ڕەواکەی دەکرد بە ئیرادەو عەزمێکی پۆڵایینەوە کە کاربەدەستانی تورک نەیان توانی پەشیمانی بکەنەوە سەرەڕای ڕاوەدوونان ولێپێچینەوەو برسی کردن و دەربەدەری وزیندانیکردنی دەجار زیاتر بە شێوەیەک کە ١٧ ساڵی تەمەنی لە زینداندا بردەسەر تا بووە یەکێک لە سمبوولە ھەردیارەکانی زیندان و ڕای ئازاد لە تورکیاو جیھانیشدا . بەڵێ بێشکچی سەلماندی لە چەند دەیەی ڕابردوودا چ دڵسۆزێکی زانست وڕاستیە وئامادەیی بێسنوورو لە ڕادەبەدەری ھەیە بۆ ئەوەی قوربانی بدات لە پێناویدا ھەر ئەو بوو ووتی (( چ شتێک جوانترە لەوەی لە پێناوی زانست و ڕاستیدا تێبکۆشیت و قوربانی بدەیت لە پێناوی سەروەریاندا ))تاوەکو جارێکیان لە وەڵامی ڕۆژنامە نووسێکدا ووتی(( تورکیا زیندانێکی گەورەیە :جیاوازی چیە لەیەکێ لە ژووری زیندانەکاندا بیت یان لە دەرەوەی ))ھەتاوەکو کاربەدەستانی تورک ناچاربوون مل کەچی ئیرادەو عەزمی پۆلایینی بێشکچی ببن و ئازادی بکەن کەھاتە دەرەوە لە وەڵامی ڕۆژنامە نووساندا ووتی بەرنامەو پڕۆگرامم ھەرئەوەیە بەرگری و داکۆکی و نووسین لەسەر کوردو کێشە ڕەواکەی دەکەم , پارێزەرەکەی ویستی قایلی بکات کە ئەو لێدوانە نەدات لەبەردەم دادگادا کە ھەر ئەو کاتە دەرچووبوو لە زیندان پێ ی ووت ئەزیزم ھیچ ھەڵەیەکم کردووە ؟؟ ووتی من تابمێنم داکۆکی لە ڕاستی دەکەم و ھیچ شتێک لەوە جوانتر نیە و کاردەکەم لە پێناو بەدی ھاتنیا .
خاڵێکی تری لێکچوون لە نێوان ماندێلا و بێشکچی دا ھەیە ئەگەر نیلسۆن ماندێلا خەڵاتی ئەتاتورکی رەتکردەوە لەبەرئەوەی لە تورکیادا مافەکانی گەلی کورد زەوتکراوە , ئەوا بێشکچیش خەڵاتی دامەزراووەی وەقفی ڕادەربڕینی ئازادی ئەمریکی رەتکردەوە کە بەھاکەی ١٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی بوو لە کاتێکدا لە زیندانی بەیرەم پاشای ئەستەمبوڵ بوو بۆ جاری دووەم خەڵاتەکەیان بۆ ناردەوە قایل نەبوو وەری بگرێت بە نامەیەکی درێژ وەڵامی دانەوە کە ھەوڵدەدەم چەند پەرەگرافێکی پوخت و جوان وپرواتای لێرادە بنوسم کەنامەکەی بۆ بەڕێز گارا لاماراش نوسیوە وادیارە سەرۆکی وەقفەکەیە دەڵێت : کێشەی کورد مەسەلی ئازادی نوسەرێک یان کتێبێک نیە مەسەلەی نەتەوەیەکە کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەسە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕستدا مەسەلەی گەلێکی گەورەیە ,مەسەلەی گەلێکە کە بەشبەش کراوەو ھەموومافە دیموکراتیەکانی لێزەوتکراوە بۆیە بەم حاڵەوە کێشەی کورد کێشەی ھەموو مرۆڤایەتیە بەتەنھا کێشەی کورد نیە , کورد ئێستە بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی قڕ دەکرێن , کوردناچاردەکرێن بە زۆر پیسایی (گوو) بخۆن ,مرۆڤ لە ھیچ کوێ ی ئەم جیھانەدا بەم شێوە دڕندانەو وەحشیانە ڕەفتاری لە گەڵدا نەکراوە نە لە تورکیا نەلە ترکستان نە عەرەبستان ونە لە ئەفریقیای باشور ونەلە تشیلی بۆیە پێویستە مرۆڤ ڕووبەڕووی ئاوا ستەمێک ببێتەوە , کورد ھەمیشە بەر شاڵاوو سزای وادەکەون کە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی , بۆیە ئەگەر ئەمریکا پشتیوانی ئەو حکومەتو ڕژێمانە دەکات کە ڕەفتاری وا لە گەل خەڵکیدا دەکەن پێویستە گەلی ئەمریکا ھەست بە شەرمەزاری بکات .
من ویستم بەکورتی بوارەکانی ھاوکاری نێوان ھەردوو حکومەتی تورکیاو ئەمریکا ت بۆ باس بکەم لە پێناو ھێشتنەوەی دۆخی ئێستای کوردستان وەکو خۆی , ھەرچەندە من باش دەزانم ئێوە حکومەتی ئەمریکا نین بەڵکو ئێوە ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستی کاران لەھەمان کاتیشدا چاودێری پێشێلکاریەکانی مافی میلەتان دەکەن لە ھەموو جیھاندا ,ھەروەھا ڕادەی یارمەتیەکانتان دەزانم بۆ ئەو نووسەرانەی کە لەژێر ھەڕەشەی تیرۆرو تۆقاندندان بە ھۆی بیروڕاکانیانەوە بەھەر ھۆیەکەوە ھەبێت ,ھەروەھا دەزانم دامەزراوەکەتان چەند ڕاسگۆو کاریگەرە لەو بوارانەدا بۆیە دەخوازم ببینم ئەو کاریگەری و ڕاستگۆییە بەکاربھێنن بۆ ڕەخنە گرتن لە سیاسەتی ئەمریکا ی یارمەتیدەر ی کۆلۆنیالیستی و کۆنەپەرستی و ڕەگەزپەرستی .
بەڕێز گارا لاماراش
لەبەر ھەموو ئەو ھۆیانەی کەلەسەرەوە بەکورتی باسمکردن زۆر ھەست بە سەربەرزی وشانازی دەکەم بەو پشتیوانی و ھەست و سۆزەتان بەرامبەرم , بەڵام بەھۆی پشتگیری حکومەتەکەتان لە حکومەتی کۆلۆنیالیست و ڕەگەزپەرستی تورکیا کە زوڵم وزۆر لە کورد دەکات ناتوانم خەڵاتە ماڵیە کەتان وەربگرم .
وە دەتوانن ئەم نامەیەو ئەو نامەیەش کە بۆ منتان ناردووە بڵاوبکەنەوە و بەردەوام بین لە ووتوێژو چاوپێکەوتنەکانماندا .
ڕێزو سەڵاوم دەنێرم بۆ ئێوەو برادەرانتان لە The fund for free Expression وە ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم .
ئیسماعیل بێشکچی
٢١/٥ / ١٩٩١