زیاتر لە حەوت مانگە شەڕ و هەڕەشەی داعش ڕاستەوخۆ بەرۆکی خەڵکی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستانی گرتووە. سەرەڕای کێشەی ئاوارەیی و وێرانکاری و خوێنڕشتنی زۆر، کێشەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی قووڵتر کردۆتەوە.
داعش هێزێکی پڕمەترسی و مایەفیتنەی شەڕێکی خوێناوی درێژخایەنە. ئەمە شەڕێکی سەپێنراوە و بەردەرگای لێگرتووین و هێزێکی دروستکراوی دڕندە خزێنراوەتە ناوچەکەمان. ڕاستە ئێمە بووین بە سەری ڕمەکە و لەبری هێزە دیمۆکراتخوازەکانی جیهان شەڕئەکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە شەڕی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمانە و ئەرکی هەموو لایەن و هێزە سیاسیەکانی کوردستانە بەشداری جددی تیا بکەن.
داعش هێزێک نیە دیالۆگ و دانوستانی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو تەنها دوو مەژار هەیە یان ڕێپێگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوە یان تەسلیم بوون بە ئیرادەی نەخۆش و سەقەتی ئەوان. ئێستا داعش لێرەیە و شەڕمان ئەکات. ئیتر لێکدانەوە و شیکار لەسەر شێوازی هاتنیان یان راستتر بڵێین هێنانیان بۆ ناوچەکە لەم کاتەدا کەمتر قسە هەڵئەگرێت. ئەوەی هەنوکەییە و گرنگی هەیە چۆنیەتی مامەڵە کردنە لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێ یە. ڕوونتر بڵێین چۆن ئەتوانین خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ بکەین و سەرەداوەکان بدۆزینەوە و پێ بە پێی رووداوەکان و چالاکیە دیبلۆماسیەکانی دۆست و دوژمن ئێمەش هەنگاو هەڵگرین و ستراتیجی گونجاو دابڕێژین.
من پێم وانیە هیچ لایەنێکی دۆست و هاوپەیمانی دوور و نزیک بەبێ مەرامی تایبەت خۆی ئاوێزانی ئەم کێشە نێودەوڵەتیە بکات. واتە بەلای کەمی بەقەد ژمارەی ووڵاتانی بەشدار لە کێشەکە نیاز و مەرامی جۆراوجۆر هەیە. ئەوەی لێرەدا گرنگە بووترێت کە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێمەدایە. ئەمە لە کاتێکدا سۆز و ڕای گشتی جیهان بۆ بەهانا هاتن و هاوکاری خەڵکی کوردستان بەردەوام زیاتر و زیاتر ئەبێت. لەلایەکی تریشەوە سەرەڕای زیانی گیانی و ماڵی زۆر ئەنجامی شەڕەکانی پێشمەرگە لەگەڵ داعش هەتا ئێستا بە قازانجی هێزی پێشمەرگە دەرچووە.
ئەگەری گەورە هەیە نەخشەی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. پێشنیاری من بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەیە کۆمیتەیەکی هاوبەشی دیبلۆماسی پێکبهێنرێت بۆ دیالۆگ و دانوستان لەسەر داهاتووی ناوچەکە بە نوێنەرایەتی هەرچوارپارچەی کوردستان. کۆمیتەیەک لە خەڵکانی پسپۆڕ، ئەتوانێت نەخشە و ستراتیجی دروست و گونجاو داڕێژێت. ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە بەپێی پسپۆڕیان دابەش ئەکرێن، نەک ئینتیمای حزبی. چونکە مەرج نیە هەمیشە نوێنەرانی لایەن و پارتە سیاسیەکان شارەزاترین و دڵسۆزترین هەڵبژاردەی خەڵکی کوردستان بن. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەم کۆمیتەیە ئەتوانێت بوێرانە پێشنار و داواکاریەکان بخەنەڕوو، بێ لەبەر چاوگرتن و ئیعتیبار بۆ پەیوەندیە حزبیەکان یان ترسی ئیحراج بوون بەرامبەر دۆستەکانیان.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٤/١٢/٢٢