دارا خونچە: بەرانگژبوونەوەی هەر جۆرە (تیرۆر و تیرۆرکاریی)ەک و لەنێوبردنی هۆیەکانی پەیدابوونیان تا وەیەکجاریی بنەبڕ دەبن کار و تێکۆشانەکی زۆر گرنگ و بایەخداری مرۆییانەیە جا هەر کەس و لایەنەک ئەنجامی دەدەن، راوەستان لە دژی ئەو کارە تیرۆریستییەی ئەو دواییەی فەرەنساش*
کە بەرئەنجامی راستەوخۆی جێێبەجێکردنی (ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام)ە و لە لایەن سێ کەسی موسڵمانەوە ئەنجام درا.. کار و ئەرکی سەرشانی تێکڕای ئەو مرۆڤە ئازادییخوازانەیە کە ئیدی دینەکان – وە تایبەتییش دینی ئیسلام – ناتوانن لەخشتەیان ببەن.
هەڵبەتە بێجگە لە تیرۆری ئیسلامیی تیرۆری دەولەتییشمان هەیە، لە راستییدا بەرانگژبوونەوە و دژ راوەستان لە بەرانبەر ئەو تیرۆر و تیرۆرکارییەی دووەم کە فرە فرە گشتگیرتر و گورچکبڕترە و بە شێوەیەکی لەسەرەخۆ و بێ دەنگ و بێ تەقە لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتی دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێ زۆر پێویستترە، ئەو تیرۆر و تیرۆرکارییە دەولەتییە لە ئەنجامی خراپیی و ستەمکاریی سیستەمی دەسەڵات و چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیایە ئابوورییەکان پەیدا دەبن.. ئەوانەی خوارێ هێندەک نموونەن لەو جۆرە تیرۆرە:
● رۆژانە خەڵکانەکی یەکجار زۆر وە هۆی برسیێتیی و خراپیی و وەسەرچوون و ژەهراوییبوونی خواردن و خواردنەوەکان گیان لەدەست دەدەن.. کەچی کۆمەڵە خەڵکەکی زۆر زۆر کەم لە هەر وڵاتەک و لە تێکڕای جیهان بانکەکانیان پڕ پڕن لە پارە و کۆگایەکانیان پڕ پڕن لە خواردن و خواردنەوەی چاک و کەلوپەلی پێویستی ژیان لێ نایدەن وە خەڵک و درێژە وە برسییبوونیان دەدەن و کەلوپەلە خراپەکانیانیان وەسەردا ساغ دکەنەوە!
● ئێستا زانستی پزیشکیی هێندە پێشکەتییە و داودەرمانی هێندە چاک هەن کە دەتواندرێ زۆر وە ئاسانی قەلاچۆی زۆربەی هەر زۆری نەخوشییەکان بکرێ.. کەچی رۆژانە خەڵکانەکی یەکجار زۆر وە هۆی نەبوون و خراپیی داودەرمان و خەستەخانەکان و دەستڕانەگەیشتن وە وەکاربردنی بەرهەمی زانستە پزیشکییەکان گیان لەدەست دەن و تەنێ خەڵکەکی کەم لە سەرمایەدارن و دەسەڵاتداران سوود لە باشترین چارەسەرە تەندروستییەکان دەبینن!
● زۆر لەمێژە مرۆڤ توانستی ئەوەی هەیە بڕواتە نێو بۆشایی ئاسمان و سەر مانگیش تەنانەت لە کۆششی ئەوە دایە بگاتە سەر ئەستێرەکانیش.. کەچی رۆژانە لەسەر زەوەی خەڵکانەکی یەکجار زۆر وە رووداوی فڕۆکە و کەشتی و ترومبێل و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە گیان لەدەست دەدەن یان کەلوکرۆم دەبن.. ئەوەش هەر دەسەڵاتداران لێیان بەرپرسن چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارەساتانە لە ئەنجامی خراپیی رێوبان و سیستەمی هاتوچۆ و گەندەڵکارییەکانی نێوی روودەدەن!
● رۆژانە وە هۆی گرنگیینەدان وە ئاسایشی ژیانی کرێکاران و فەرمانبەران لە (وەکاربردنی ئامێر و کەلوپەلی خراپ و مادەی زیانبەخش و سەختیی کار و خراپیی باری کار و هەبوونی مەترسیی لەسەر کارەکانیان) خەڵکانەکی یەکجار زۆر لە کرێکاران و فەرمانبەران گیانیان لەدەست دەدەن ئەوانەش هەمووی لە پێناو ئەوەی تا خاوەن کارەکان سەرمایەیەکی کەمتر لە پڕۆژەکانیان خەرج بکەن و زۆرترین قازانج وەدەست بخەن!
● لەبارچوونی منداڵان و گرنگیی نەدان وە ژیانی تایبەتییان.. نەخۆشکەتنی ژنان لە کاتی باردارییان وە هۆی کار و ماندییبوون و نەسانەوە و نەبوونی پێداویستییە مادیی و تەندروستییەکان و نەبوونی کەش و بارودۆخەکی لەبار و ئارام لە رووی دەروونییەوە.. رۆژانە ژنان و منداڵانەکی یەکجار زۆر رووبەڕووی مەرگ دەکەنەوە!
● دەکرێ لە رێی وەکاربردنی دەستکەوتە زانستییەکان و خەرجکردنی توانستە مادییەکان رێ لە زۆربەی هەرە زۆری کارەساتە سروشتییەکان کە لە(ئاو و ئاور و با) پەیدا دەبن بگیردرێ و ژیانی مرۆڤەکان لە مەترسیی هێرشی ئاژەڵە دڕندەکان و زیندەوەرە زیانبەخشەکان دوور بخرێتەوە.. کەچی دەسەڵاتداران دەربەستیان نین و زۆر جار خودی خۆیان هەلی روودانی ئەو کارەسات و مەترسییانە دەڕەخسێنن و ڤایرۆس و میکرۆبی نەخۆشییەکان بڵاودەکەنەوە.. ئیدی رۆژانە خەڵکانەکی یەکجار زۆر بەو هۆیانەوە گیان لەدەست دەدەن!
● ئیدی و… ئیدی و… هتد!
لێ دەسەڵاتداران وە تایبەتییش حیزبەکان و دامودەزگە سیخوڕییەکانیان هەرگیز دەستبەرداری ئەو جۆرە تیرۆرە بێ دەنگە نابن چونکە مان و ژیانیان لەسەر ئەوە بەندە، هەمیشە لە کۆششی ئەوە دان خەڵک لەخشتە ببەن و خۆیان وەها پیشان بدەن کە دەیانەوێ تیرۆری ئیسلامیی لەنێو ببەن و زۆر جاریش وە شێوەیەکی زۆر تاکتیکبازانە شەڕیشیان دەکەن! ئاخەر لە کن هەر کەسەکی هۆشیار ئاشکرایە کە هیچ رێکخراوەیەکی تیرۆریستی ئیسلامیی نییە لەو جیهانە لە سەرەتای دروستبوون و وەهێزبوونیدا دەستی ئەوان وە تایبەتییش دەسەڵاتدارە دڕەندەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی تێدا نەبی، لێ هێندەک جار کە هاوکارییەکانیان لەسەر دەبڕن و شەڕیان دەکەن ئەوە تەنێ لە پێناو ئەوەیە کە ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان لە شەڕەکە وەربدەن تا نەتوانن بپەڕژێنە سەر ئەوەی بەرانبەر تیرۆری دەولەتیی کە لەسەرێ ئاماژەمان پێی دا رابوەستن و هەر خەریکی بەرانگژبوونەوەی ئیسلام و کارە تیرۆریستیەکانی بن.. ئیدی ئەوانیش هەمیشە جلەوی بەڕێوەبردنی ژیان هەر لە دەست خۆیاندا بی و وە ئارەزووی خۆیان خەڵک بچەوسێننەوە.
دیارە وەکاردبردنی ئیسلام وە پلەی یەکەم لەو جۆرە تیرۆرە ئەوە نییە کە وڵاتە زلهێزەکانی رۆژاوا دینی دیکەیان هەیە و دژی ئیسلامن.. چونکە دینەکان لە کن ئەوان هیچ جوایەزییەکیان نییە و کاربەدەستە گەورەکانیان هیچیان بڕوایان وە دین نییە و گرنگ ئەوەیە بتوانن دین وەرکار ببەن جا هەر دینەک بی.. بەڵکە ئەوە توندڕەویی ئیسلام و خودی دەقە نووسرایەکانی ئیسلامن کە لە دەقەکانی هەر دینەکی دیکە لەبارتر و ئاسانترن لەو بارەوە وەرکارببردرێن و وەک ڤایرۆس بەربدرێنە گیانی گەلان، لەو نێوەشدا ئەو گەلانەی ولاتەکانیان سەربەخۆیی نیشتیمانیی و نەتەوەییان لاواز و شلۆقە یان وەک کوردان کە هیچ سەربەخۆییەکیان نییە دەبنە باشترین پێخۆری ئەو تیرۆرە ئیسلامییە.. وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی داعش (دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام) وەکار دەبەن و وە درێژایی سنووری رۆژوا و باشووری کوردستان هەر لە عفرین و کۆبانێوە تا دەگاتە خانەقین و مەندەلی.. یەک شەڕی زۆر دڕندانەیان هەڵگیرساندییە و موسڵمانە رەسەنەکان رێک وەک ئیسلامەکەی محەمەد و خەلیفەکانی پێش چاردە سەدە کوردان و باوەڕدارانی دینەکانی دیکە کوشتوبڕ دەکەن!
_______________________________
* تیرۆرکردنی هەر کەسەک هەر تیرۆرە و پێویستە هەموومان دژی بین، لێ دەسەڵاتە وە ناو دیموکراسییەکەی فەرەنسای لانکەی شارستانیەت کە لەو رۆژانە کۆمەڵە هاوڵاتییەکی خۆیان لە پاریس تیرۆر کران لە ماوەیەکی زۆر کەم بکوژەکانیان ئاشکرا کردن و لەنێویان بردن، کەچی ئەوە دوو ساڵە سێ سیاسەتمەداری کوردی باکوور (ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز) لە پاریس تیرۆر کرانە.. هێشتا دۆسیەکەیان هەر بای لێدەدا و پیلانی پشت تیرۆرکردنەکەیان ئاشکرا نەکرایە!!! بێ گومان ئەوە تەنێ خولیای رەگەزپەرستیی و ملهوڕیی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پیشان دەدا، ئیدی پێویستە کوردان چیدی وە هومێدی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەسەڵاتدارنی وڵاتان و وە ناو سەرکردەکانی کورد نەبن و ماف و ئازادییەکانیان تەنێ لە رێی خەباتی خۆیان و پشبەستن وە خەڵکانی ئازادییخوازیی وڵاتان – نەک دەسەڵاتدارەکانیان – وەدەست دێن.