دارا خونچە: وەها دێتە بەرچاوان مرۆڤەکان ئێستا لە سەراسەری جیهان فرە رەشبین بن.. هەر کەسەک دەیگری یەک باوەش خەم و ئازاری پڕ لە سفتوسۆ هەڵدەڕێژی و خۆی وەها نماش دەکا کە چەوساوەترین و وەستیاترین کەسی نێو کۆمەڵە – هەڵبەتە جێی نیگەرانیی و هەڵوەستە لەسەرکردنە کە ژنان زۆر کەمتر دەتوانن لەو خۆدەربڕنە بەشدار بن -!
وێدەچی و رێی تێدەچی ئەو دیاردەیە لە نێو زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان تا رادەیەکی چاک راست و بەجێ بی.. چونکە بێجگە لەوەی دەگەڵ سەرجەم گەلانی دیکەی جیهان هەمان ئامانج و خەمی هاوبەش و ناوکۆییان هەیە.. کێشە نەتەوەیی نیشتیمانییەکانیشیان (کورد و تورکمان و کلد و ئاشوور و سریان و عارەب و ئەرمەن) رێگرەکی فرە گەورەیە لە وەدواخستنیان لە کاروانی ژیان و سەردەمانەکی دوور و درێژە لە نێو هەژاریی و شەڕ و توندوتیژیی و کاولکاریی دەژین.. سەرەڕای ئەوەش حیزبەکان و سەرکردەکان هێندەی ئاسمان و رێسمان لە گەل دوورن؛ حیزب و دامودەزگەکان کارگەی دروستکردنی پارە و گەندەڵکاریین، سەرۆک و سەرکردەکان کۆلەوار و سەرکوتگەر و قۆرخکەرن، ئەوەی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێشکەتنخوازیی هەیە لە مەژیی بەرپرسەکاندا نییە!
ئەمن وەهای دەبینم ئەو دیاردەیەی (خۆدەڕبڕین)ە بەو شێوەیەی ئاماژەم پێیدا بەڵگەی ئەوە نییە کە مرۆڤەکان لە سەردەمی ئێستا خەم و ئازاریان پتر و سەختترە و ئیدی بەرانگژبوونەوە ئەستەمتر دەبی و مرۆڤەکان دەستوەسەرتر دەبن.. بەڵکە ئەو ئازار و خەمانە لە نێو هەمان ئەو سیستەمە چەوسێنەرە گشتگیرەی پێشان و ئێستای جیهان وە پێی پێشڤەچوونی ژیانی سەردەمەکان تەنێ جۆرەکەیان دەگۆڕێن و وە هەمان پلەی خۆیان لە هەڵچوون و داچوون دان نەک پتربوون و کەمتربوونیان.. لێ هۆکاری ئەو خۆدەربڕینە زۆر رەشبین و سەختەی دەیبینین هەر ئەوەیە کە ئێستا مرۆڤەکان لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی دوور و درێژیان ئامانجگەلەکی زۆریان وەدەستهینایە و دەتوانن ئاسانتر و فرەتر و رۆشنتر خۆدەرببڕن.
ئیدی ئەمن زۆر گەشبینم بەوەی کە ئەو خۆدەربڕینە وە تایبەتییش لە رێی میدیای پێشڤەچوو و بەرفراوندا هەر پتر و پتر دەبی و ئیدی مرۆڤەکان هێندە هۆشیارن کە چیدی دەسەڵاتداران نەتوانن وە ئاسانیی درێژە وە دڕندەیی و سیستەمە چەوسێنەرەکەیان بدەن و زۆر وە خێرایی دەسەڵاتە دژە مرۆییەکانیان پووچ ببنەوە و لەو نێوەشدا سەرۆک و سەرکردە گەندڵکارەکانی کوردستان یان پایدۆزی لێ بکەن یان ملکەچی گەل ببن و کوردستان وە سەرخۆیی خۆی بگا و خەڵکەکەشی پێ وە پێی گەلانی دیکەی جیهان تەکان وە رەوڕەوەی بەرەوپێشەوەچوونی ژیان بدەن.