هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە کۆمەڵ بەپێی گۆڕانکارییە هەمەلایەنەکان و ئاستی پێشکەوتن قۆناغ بەقۆناغ کراوە و هەر قۆناغەش پێناسەی خۆی هەڵگرتوە و هەرگیز ناتوانرێت دیاردەو گۆڕانکارییەکان لە قۆناغەکانی گۆڕان و گەشەکردن بسڕدرێتەوە، بە درێژایی سێ چارەکە سەدە لە کۆمەڵی کوردەواریدا یەک دەسەڵات یان یەک پارت مەیدانی چالاکی نەتەوایەتی خەباتی کۆنترۆڵ کردووە، تا ئەو دەمەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1975 / 6 / 1 دامەزرا و هاتە گۆرەپانی چالاکی نەتەوایەتی و داهێنانی شێوازەکانی خەبات و زەمینە خۆشکردن بۆ دامەزراندنی چەندین پارت و رێکخراوی تر بەشداری کۆڕی خەبات بکەن بە چەندین بیر و باوەری جیاوازەوە، ئیتر قۆناغی پاوانخوازی لە مەیدانی خەباتی نەتەوایەتی و شۆرشی چەکداریدا باوی نەما و قۆناغی فرە حزبی و بەرەیی سەریان هەڵدا و هەمووان و هەر لایەک هێندەی توانایی هزری و ئەزموون و پتەوی بیروباوەڕ بەشداربوون لە بزاڤی رزگاری نەتەوایەتیدا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمێستا کە مۆمی چل ساڵەی دامەزراندن و خەباتی بێ وچان و پڕ سەروەری دادەگیرسێنێت، لە یەکەم شەهیدی پەتی سێدارەی خنکاندنەوە، لە یەکەم شەهیدی بەرەنگاربوونەوەی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول و بێ هیواییەوە تا بە تەواوی پێشمەرگە جەربەزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، بە هەموو ئەو سەرکردە شەهیدانەی پێناسەی یەکێتیان کردە حزبێکی دەگمەن و بێ وێنە لە ژمارەی شەهیدانی سەرکردەدا .. بە هەموو ئەو خاوەن رۆحە پاکانەی هەمیشە لە ناوماندا دەژین، ئەوان ئەمرۆ و لەم یادە پڕ شکۆیەدا ئاسوودە و ئارامتر دەبن، ئاسوودەتر دەبن کاتێک دەبینن چەکەکانیان هێشتا بەدەست هاوخەبات و نەوەکانی ئەمڕۆ و پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەیە، لەباتی شەختەی چیاکانی کوردستان تۆزی گەرمیان و ئارەقەی تەوێڵی ماندوو نەناسی هەڵۆکانی گەرمیانیان لەسەرە، ورەی بەرزی پۆڵاییان، دڵسۆزی و گیانبازییان لە جەستەی پێشمەرگەی سەنگەرەکانی پێشەوەی دژ بە تیرۆریستانی داعشدایە، ئەوەتا نابینن لە دوا ئاماری بەرەنگاربوونەوەدا لە ژمارەی شەهیدانی سەنگەرەکانی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەدا بەشی شێر بەر پێشمەرگەکانی حزبی شەهیدان و سەروەران، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوتووە .. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .. ئەم ژمارە زۆرەی شەهیدانمان لە نەشارەزایی و بێ ئەزموونی پێشمەرگەکانی یەکێتییەوە نەهاتووە، ئاخر ئەم پڵنگ و شێر و بێشانەی گەرمیان و بە درێژایی سنوورەکانی کوردستان بوونەتە بەربەستێکی پۆڵایین و راناکەن و نابەزن و هەرگیز سەنگەرەکان چۆڵ ناکەن، ئەوانە سەروەری و سەرفرازی بۆ خۆیان و میللەتی کورد و حزبەکەیان تۆمار دەکەن، ئەوانە نەوەکانی ( مام )ی گەورەن، دەیانەوێت باوک و سەرکردەی شایستەی بێ هاوتا، بیرمەند و داهێنەری قۆناغە نوێیەکانی خەبات، دڵخۆش کەن و لە یادێکی وەک ئەمڕۆدا چل مۆم و چل چەپکە گوڵ و بەرهەمی پەروەردەکردنی چل ساڵی خەبات، پێشمەرگایەتی و بەرخۆدان پێشکەش بە مامی مەزن و بلیمەتی باوەڕ پێکراوی هەموو جیهان بکەن.
لە ساڵوەگەڕ و یادی چل ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کە چەتر و شکۆمەندی و پارێزەر و ناسنامەی هەمووانە و بەرهەم و تێکۆشانێکی زانستی و فەلسەفی بوو لە باشووری کوردستان، بووە دەرئەنجامێک بۆ هۆکارە خۆیی و بابەتیەکانی ئەو دەمە، ئەمڕۆش ئەو چل ساڵە پرشنگدارە بۆخۆی دەبێتە وەرچەرخانێکی تری گەشەکەردن و تۆکمەیی و یەکگرتن، ئەزموونەکانی ( مام )ی رابەری کوردایەتی لە چل ساڵی خەباتدا بەرامبەر فرە مینبەری و جیاوازی بیر و راو چۆنیەتی مامەڵەی دروست لەگەڵ هەموو شێوازەکانی کارکردندا، دەبێتە ئەو هێز و وزە و تواناو رۆشناییەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بتوانێت بگات بەو ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزراوە و ئەرکەکانی خۆی و دوا پەیامی خۆی لە رزگاری و ئازادی نەتەوایەتی و بە دیموکراسی کردنی کۆمەڵ و بڕینی قۆناغە سەختەکانی خێڵەکی و پاوانخوازی و بە شارستانیکردنی کۆمەڵی کوردەواری بە جێ بگەیەنێت.
لە دوا رازاندنەوەی گەردانەی پڕ یاقووتی یادی چل ساڵە بۆ گەردنی بەرزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێم: تۆ هاتیت و هەموو باڵندەکان فێری فڕین بوونەوە .. تۆ هاتیت و هەموو ئەو هیوایانەت ژیاندەوە کە سیس بوون و زەرد بوون و لە لێواری مەرگەساتی هەرەسێکی نەخوازراودا بە دیار ناڵەی میللەتێکەوە هەڵکوڕمابوون .. تۆ هاتیت و وتت چیا چەکمە .. چیا پشتمە .. تۆ هاتیت و ئێمەش لە ئامێزی تۆدا خۆمانناسی و باڵامان کرد، ئێمەت کردە سوارچاکێک هەرگیز نەگلێت، بووینە هەڵۆیەکی چنگ پڕ لە گڕ، لە رێی تۆوە داگیرساین و بووینە مۆمێک تا بسووتێین بۆ کوردستان، تۆ هاتیت و بە ئێمەت گوت تەنیا میللەت تواناکانمە، بیر و باوەڕیشم بەرخۆدانمە.
hsarhang@yahoo.com