نووسینی :بورھان شێخ رەئوف
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کە ناسراوە بە ( داعش ) بە پێچەوانەی ھەموو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی ترەوە بووەتە بە ھێزترین و زەنگینترین ھێزی تیرۆریستی لە ناوچەکەو جیھانیشدا , چونکە ڕووبەرێکی فراوانی خاکی گرنگترین پێگەی لە بندەستدایە لە ڕووی جێۆپۆلۆتیکی و جیۆ ئابوریەوە کە ڕووبەرەکە ی ھێندەی خاکی شانشینی یەکگرتوو ی بەریتانیا و وڵاتانی کەنداو جگە لە عەرەبستانی سعودیەو عەمانە , ھەروەھا ھەندێ لێکۆڵینەوە و چاودێران سەرمایەی دەوڵەتی ئیسلامی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار ی ئەمریکی دەخەمڵێنن ,
جگە لەوانەش ئەو ڕێکخراوە سڵ لە ھیچ شتێک ناکاتەوە لە ڕەفتارو کرداری نابەجێ و ناڕەواو کە بە گوێرەی یاسا تاوانەو دەچێتە خانەی تاوانەوە وەکو کوشتن و بڕین و ڕفاندن و ڕێ بڕین و بە بارمتە گرتن و ھەموو جۆرەکانی فڕوفێڵ و ساختەچێتی و ترساندنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان لە موسڵمان و کەمینە ئتنیکی و ئاینیەکانی تریش لە پێناو بە دەستھێنانی پول و پارە ھەر ئەوەیشە وای کردووە کە زۆر چاودێرو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە تووشی سەرسووڕمان بن لە تواناکانی ئەو ڕێکخراوە کە بە تەمەنێکی کورتی کەمترلە پێنج ساڵ ببێتە ھێزێکی خاوەن ھەژموون و توانای ماڵی و سەربازی و خاکێکی فراوان لە عێراق و سوریا .
گەشەی خێراو فراوانبوونی ھەژموونی داعش دووفاکتەری سەرکین جگە لە چەند سەرچاوەیەکی تری لاوەکی کە لە خوارەوە باسیان دەکەم فاکتەری یەکەم ئابووریە کە بوونی نەوت و کانزای سروشتیە لەو شوێنانەی کە لە بندەستیاندایە و کۆنترۆڵکردنی و فرۆشتنی بە ڕێگەی قاچاغ وبە داھاتە زۆر زەوەندەکەی کردەوە تیرۆریستیەکانیانی پێ ئەنجام دەدەن کە بووەتە ھۆی ھیزوو سامێکی گەورە بۆ ڕێکخراوە دڕندەو تیرۆریستەکەیان ,
فاکتەری دووەم سیاسیە کە ئەمیش دوو لایەنی لێدەبێتەوە یەکەمیان نەبوونی دەوڵەتێکی بە ھێزی خاوەن دامەزراوەو داموزگای فەرمیە کە بتوانێت بەگژ داعشدا بچێتەوەو لە ڕەگو ڕیشە ھەڵی بکەنێت و دووەمیان نەبوونی ئیستراتیجیەتێکی تۆکمەوھاوبەش و نەخشە بۆ داڕێژراوە لە لایەن ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی یەوە بۆ بنەبڕکردن و خنکاندنی داعش کە وەکو پەتایەکی کوشندە بە ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە ھەڕەشەشە بۆ ھەموو جیھان .
لەلایەکی ترەوە زۆربەی لێکوڵەرەوان و چاودێران لەو بڕوایەدان کە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) یەکێکە لە زەنگینترین و بە تواناترین ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە جیھاندا و چونکە سەرچاوەی جۆراوجۆرو فراوانی داھاتی ھەیە کە ئەو لێکۆڵەرو سەرچاوانە گرنگترینیان لەم خاڵانەدا دەستنیشان دەکەن کە تا ئێستا پێداگیری لەسەر ڕاستی و دروستیان نەکراوەتەوە چ لە عێراق بێت و چ لە سوریا :-
١.کۆمەک و یارمەتیە داراییەکانی دەوڵەمەندەکانی کەنداو کە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە یونیوی ٢٠١٤ باس لەوەدەکەن کە زۆرکەسایەتی لە وڵاتانی کەنداو عێراق وسوریا یارمەتی چالاکیە تیرۆریستیەکان دەدەن لەوانە ٢٨ کەس لە عەرەبستانی سعودیەو ١٢ لە عێراق و ٥ لە کوێت ژمارەیەکی تریش لە ئیماراتی عەرەبیو بەحرین و قەتەر .
٢.پارەی خێرو زەکات کەلە ساڵانی ڕابردوودا زۆر مینبەرو کەناڵی ئیسلامی بانگەوازی ئەوەیان کردووە کە خێرو زەکاتەکانیان بگەێننە ڕێکخراوە جیھادیەکان لە عێراق و سوریا.
٣.کۆمەکی وڵاتانی کەنداو لە سەرەتادا بە تایبەتی سعودیەو کوێت و قەتەر و بەحرێن یارمەتی ئۆپۆزەسیۆنی سوریایان دا دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەد بەڵام لە دوییدا یارمەتیەکان کەوتە دەستی گروپە تیرۆریستیەکان کە ئێستا ئەوە نەماوە دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ برینی ھەموو کۆمەکێک بۆ بەرەی نوسرەو داعش .
٤.کۆمەکی نێو دەوڵەتی ھەروەکو لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ھاتووە لە زیاتر لە ٣١ دەوڵەتی جیا جیاوە لە کەنداو و تورکیا و ئوسترالیاو ولوبنان وباکستان و جەزائیرو سودان وسویدو ھۆلەنداو تایلاند وبەنغلادش و شوێنی تریش بە ناوی خوازراوو بە فەرمی چالاکی خۆیان دەکەن .
٥.داھاتی رزگارکردنی ڕفێنراوە بیانیەکان کە ئەوەش داھاتێکی زۆر و زەوەندە لە ڕێگەی ڕفاندنی ڕۆژنامە نووسان ودیبلۆماتکارانی ڕۆژئاواییەوە دەستی دەکەوێت کەساڵانە خۆی لە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دۆلار دەدات .
٦. تاڵان و دزینی شتومەک و کەرەسەی ئەو شوێنانەی دەستی بە سەردا دەگرن وەکو نەخۆشخانەو چێشتخانە و فەرمانگەکانی ئاوو دامەزراوەکانی کارەبا و …………
٧.داھاتی بەتاڵان بردنی نەوت و شوێنەوارو مادە ھۆشبەرەکان و چەک و تەقەمەنی وبازرگانی کردن بە مرۆڤ و کە سارچاوە ئاگادارەکان ئەمەش ڕۆژانە لە ٢ _ ٤ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنن .
٨.کۆمەک و بەخشیشی لایەنگرانی ڕێکخراوەکەیان کە ھەرچیان ھەبێت دەیبەخشنە ڕێکخراوەکەیان وەکو ئەرکێکی ئاینی .
٩.ترساندن وتۆقاندن و بەھانە پێگرتن بە ھاووڵاتیان و بە تایبەتی جوتیاران و لێسەندنی باج وسەرانەو وەرگرتنی جزیە لە کەمینە ئاینی و مەزھەبیەکان .
١٠.تاڵان و دزین لەوانە تاڵانکردنی بانکی موسڵو بردنی دەیان ملیۆن دۆلار .
١١.دەستگرتن بە سەر بەرھەمی دانەوێڵەو کشتوکاڵیەکان و وەکو ھەندێ سەرچاوە دەڵێن نزیکەی سێ یەکی بەرھەمی دانەوێڵەی عێراق لە بندەستی داعشدایە .
١٢. دەستگرتن بە سەر کانەکانی ئاڵتون لە موسڵ .