کارزان کۆیی
ئەم گوتارەم بەزمانێکی سادە نوسیووە ، بەڵام شی کردنەوەیەکی کورتە و لێوان لێوە لەڕاستی و بەدەرە لەمجامەلەکردنی هەموو حیزبەکان . وە ئەم شی کردنەوەیە م لەتێروانینی هیچ لایەنێکەوە سەرچاوی نەگرتوە وەک خودی خۆشم بێ بەری وبێ منەتم لە هەموولایەنەکان بەبێ جیاوازی بەگەورەو بچوکیانەوە ، وە تەنها مەبەستیشم بەرژەوەندی ئەم نیشتیمانەیە لەم وتارەدا . ئێمە گەر ژیرانە بڕوانینە ڕوداوەکان و هەڵوێستی لایەنەکان ، دەبینین لایەنەکان تەنها شەڕی پلەو پۆست وپارەیان کردوەو دەی کەن . نەک بەرگری لەمافی ڕەوای هاوڵاتیان . لەبەر ئەوە بێ گومان بن ویلایەتی سەرۆک درێژ دەکرێتەوە . وەئەوەی کرا و دەکرێ تەنها (کاوێژکردن بوو نەک سازان) . بەڵام هیوادارم لە دوای ئەم درێژ کردنەوە یە ( شوانی مەڕەکانمان نەبنەوە شەریکی قەصابەکان ) و حیزبەکان ئەزمونێ لەم گوتارە وەربگرن تا جارێکی دی لەئاستی درێژکردنەوەی سەرۆکی هەرێمدا ، خۆڵ نەکەنە چاوی میلەت و بەرامبەر سەرۆکی هەرێم بەهگبەی بەتاڵەوە دەستە وەستان نەوەستن و دوڕیانێک بدۆزنەوە لەداهاتوودا بۆ ئەم گرفتانە. بێ گومان کەسێ نیە لەئێمە بتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکی پارتێکەو پارێزگاری تەنها هەولێرو دهۆکە. وە بۆ مانەوەی پارتەکەی دەست بەرداری ئەو پۆستە نابێ چونکە پێگەی پارتەکەی بەستراوە بەمانەوەی خۆیەوە وەک سەرۆکی هەرێم . وە بەهۆی ئەم سیستەمە سیاسیە سەقەتەوە کە زۆرێک لە حیزبەکان چەندین ساڵە لەپێناوی نەبڕینی بوجەو دزی و مشە خۆری خۆیان قبوڵی هەموو شتێکیان کردوەو بونەتە پاشکۆی حیزبی دەسەڵات . لەم دۆخەدا کە سیستەمی کۆیلەبونی تیا بەرجەستە کراوە کەس نیە بتوانێ ببێتە بەدیلی سەرۆکی هەرێم . گەر بشبێت وەک سەرۆک کۆمارە نووستوەکەی بەغداو وەزیرە بێ دەسەڵاتەکانی ئەم هەرێمە دەبێ . من تەنها دەپرسم سەرۆکایەتی هەرێم لەسەری ڕەشە، سەری ڕەشیش وەک دەبیسترێ موڵکی سەرۆکە نەک سەرۆکایەتی هەرێم ئایە سەرۆک ئەو موڵکەی ڕادەستی سەرۆکی نوێ دەکا ، یا لەنێو ئەنجومەنی وەزیران کابینەیەکی سەفەری بۆ درووست دەکا . بەدیلی چی لەم دۆزەخستانە و لەم هەرێمە بێ یاسایەدا هەر وا زوو بیرتان چوەوە ! ئەوە کاک کۆسرەت نەبوو جێگری سەرۆکی هەرێم بوو ئەفسەریکی پلە نزم لە دێگەڵە نەی هێشت بچێت بەودیودا. ئەوە وەزیری پێشمەرگە گۆڕان خوازەکە نەبوو دەمانچەی بەخشیە ئەو گیان لەسەردەستانەی بەشداریان کرد لەکۆبانی ، کەچی فرمانەکەی بستێ نەڕۆیشت . لای کەسمان شاراوە نیە باکەسیش خۆی نەگەوجێنێ ئەم حکومەتە حیزبیەی کە نوقمی قەیران بووە بەشەق وقوڕمیشی تەنها حیزبێک دەڕوا بەڕیوە ، لەبەرامبەردا زۆرێک لە لایەنەکان تەنهاو تەنها خەریکی ڕزگار کردنی کورسی سەرۆکن . چونکە زۆرێک لە و حیزبانە لەمێژە بونەتە چۆلەکە پاساری پارتی و و پارتیش دان و ئاویان دەداتێ . هەر ئەم هۆکارەش بووە فاکتەرێ هەر دەسکەوتێک کەبە خۆڕاگری میلەت وخوێنی پێشمەرگە بەرجەستە بێ پارتی خۆی بەخاوەنی بزانێ . جونکە ئەم چۆلەکانەو زۆرێک لەمەسینە هەڵگرو کۆیلەکان سەری ڕەش و بارزانیان کردە کە کەعبەو مەرجەع . ئیدی مافی پارتیە گەر خۆی بەمیراتگری کوردایەتی وشۆڕشەکان بزانێ ببێتە دەمڕاست و بڕیار دەر لەم هەڕێمە . بێ زوویر بون من متمانەم بەهیچ دەسەڵات و بەرپرسێکی شاخ نەماوە کە هەمێستا بەژداری لەحکومەتدا دەکا .ئەوە هەر ئەوانە نەبوون لە دوای یەک ساڵ لەدروست بوونی پەرلەمانە فیفتی بەفیفتیەکە . شەڕی خۆکوژی حسک وپارتی و پارتی گەلی یان قەومان ، دواتر شەری بزوتنەوەوەی ئیسلامی ویەکێتیان دروست کرد ، لە 1/5/1994 یشدا شەڕە خوێناویەکی پارتی و یەکێتی یان بەرپاکرد کە هەموو بەرپرس و سەرکردەکان بەگەورەو بچوکەوە دەستیان سوور بوو بەخوێنی یەکترو کوردستانیان دابەش کرد بەسەر زۆنی زەردو سەوزدا. هەمێستاش گەر ڕاست گۆیانە بدوێین شتێک نەماوە بەناوی حکومەت و یاساو پەرلەمان. خەڵکی بەشەرەفی ئەم هەرێمە خۆی خۆی دەبا بەڕیوە . چونکە وەک دەبینین هیچ حوورمەتێک بۆ یاساو پەرلەمان و حکومەت و دەنگی خەڵک دانەنرا لەلایەن حیزب و حکومەتەوە. بەویژدانەوە دەڵێم ئەم حکومەتە بۆتە پەناگاو داڵدەری گەندەڵکاران و ئەکتیڤ ترین دەسەڵاتە بۆ دزی و شکاندنی شکۆی یاسا و فروشتنی سامانە سروشتیەکان بە شێوەیەکی نایاسایی تیرۆر کردنی حەقیقەت وئازادیەکان و بڕینی مووچەو قووتی خەڵک و پێشمەرگە . لاتان سەیر نەبێ ئەم حیزبانەی کە ئەم حکومەتەیان پێک هێناوە و سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە لەنێو خۆیاندا دابەش دەکەن خوشیان خۆیان دابەش کردووە بەسەر چەند جەمسەرێکی جیاوازەوەو لەژێر ڕکێف و ڕێنمای هەواڵگیری ئەواندا کار دەکەن . ئەم قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی کە ئەم هەرێمەی تەنیوە بە شەڕی داعش و کێشەی ناوەندیشەوە دەرئەنجامی ئەو خۆ تەسلیم کردنەی لایەنەکانە بەجەمسەرە جیاکانەوە بۆ مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان . ئەی ئەوە ئێمەی دانا نەبووین سەنگەرمان لە PKK گرت و بەتیرۆریست ناو زەدمان کردن و تورکی فاشیی و ڕەگەز پەرستمان بەدۆستی خۆمان دانا ، ناحەقم مەگرن گەر بڵێم ترسناکترین حکومەت ئەم حکومەتەی ئێمەیە بۆ نائارامی دەرونی تاکەکانی ئەم هەرێمە . ئەوەتا قەیران بەقەیرانێکی تر دادەپۆشێ .بەدروشمی نەتەوەیی پینەی گەندەڵیەکانی دەکات و جارێکی دی کوردستان لەت لەت دەکات ودەیەوێ چەکی خۆکوژی بۆ یەک هەڵگرینەوەو دەستمان سوور بێتەوە بەخوێنی یەکتر . گرفتی حیزبی دەسەڵات وحکومەت و بەرپرسان ئەوەیە ڕەوشتیان نیە چونکە سیاسەت بێ ڕەوشت ناکرێ .لەبری ئەوەی ئەم هەرێمە بەرەو پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت بەرن بەرەو دکتاتۆریان برد وسەریان لەهەمولایەک شێواند ئەی ئەوە نیە زۆرێک لەلایەن گرانی حیزبەکان بەلایەن گرانی حیزبێکی تر دەڵێن ئێوە کۆیلەن لەکاتێکدا سەرکردایەتی حیزبەکەی خۆی کۆیلەی ئەو حیزبەیە !! حیزبەکانی ئەم هەرێمە بەهەر هەمویانەوە بۆ مەرامی خۆیان خەڵکانی بێ لایەنی زاناو ژیریشیان تیرۆرو ڕسوا کرد ، بەبۆچونی ئەوان لەم ( هەرێمە کەس شەریف نیە تەنها ئەوانە شەریفن کەسەر بەحیزبەکانن ) ئەی ئەوە نیە هەرچی بەرپەس و دەسەڵات دارانی ئەم هەرێمەیە بە پەرلەمانیشەوە هەمویان سەر بە حیزبێکن. وەکەسی بێ لایەن هیچ پۆستێکی پێ نادرێ . هەرئەم هۆکارەش بوە فاکتەرێ حکومەت نەی توانی لە هیچ کام لەسیستەمەکاندا سەرکەوتووبێ وەک سیستەمی سیاسی ئابووری هتد…. تەنها لەسیستەمی هەڵخەڵەتاندنی میلەت وچەتەگەری ئابوریدا سەرکەوتوبو .
هەرچەند هەمێستا زەمینەیەکی لەبار نیە بۆ چاکسازی چونکە سیستەمی سیاسیمان سیستەمێکی تاک لایانەیە ، نەک سیستەمێکی دامەزراوەیی ، بەڵام لایەنەکان دەتوانن لەدوای ئەم قەیرانە چەند هەنگاوێ بنێن بۆ سەپاندنی سیستەمێکی دامەزراوەیی گەر نەخەسێنرێنەوە ، چونکە دەمێکە دەبینین هەمویان پێشنیار دەکەن و داوا دەکەن بەڵام کاری لەسەر ناکەن . من هیوا دارم لایەنەکان لەدوای ئەم قەیرانە کار لەسەر ئەم چەند خاڵە بکەن .
وەک دەزانین ئەم هەرێمە دابەش بووە بەسەر دودەڤەرا دەڤەری زەردو سەوز، دەبێ کار لەسەر ئەوە بکرێ دەڤەرەکان ڕزگار بکەین لە حیزبی بوون وە بەحیزبی نەکرێ لەبری زۆنی زەردو سەوز ناو بنرێ (دەڤەری ڕەش و سپی ) . لەهەر دەڤەرێک دیموکراسیەت پەیرەو کراو یاسا پێشێل نەکرا ناوی ئەو دەڤەرە بنرێ دەڤەری سپی بەپێ چەوانەشەوە ناو بنرێ دەڤەری ڕەش . ئەمەش دەبێتە هۆکارێ تا هیچ حیزبێ خۆی نەکاتە قائدی موطلەق و خاوەنی ئەم دەڤەرانە ، وە دەبێ کار بکرێ بۆ ئەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و دەزگا باڵاکان دابەش بکرێ بەسەر هەر چوار پارێزگاکەدا تا حیزبەکان خاک و جەماوەرو پێگەیان وەک فشار بەکار نەهێنن بۆ خۆ سەپاندن وەک ئەوەی بینرا . دەبێ کار لەسە بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆو بکرێ ، گەرنا تاماوین دەبێ چاوەڕوانی شەڕیکی براکوژی تر بین یا دوو ئیدارەیەکی تر. بۆ ڕێگرتن لە دەسکەوتی حیزبەکان لەکاتی خۆ تەسلیم کردنیان بە جەمسەرە جیاکانەوە ، دەبێ کاری جدی بکرێ بۆ بە نیشتیمان کردنی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا ،وە ئاشکرا کرنی داهاتەکان بەتایبەت سەرپەرشتی کردن وچاودێری فرۆشتنی داهاتی نەوت لەلایەن لیژنەیەکەوە لە پەرلەمانەوە پێک بێت بەمەرجێ هەموو لایەنەکان نوێنەریان هەبێت لەو لیژنەیەدا. وە ئەوەی گرنگە دەبێ لەکاتی هەوڵ دان بۆ چارەسەری قەیرانەکان دەسەڵات نەدرێتەوە بەو بەرپرس و سیاسەت بازانەی کە خۆیان بەشێک بوون لەقەیرانەکان . چونکە زۆربەی بەرپرسەکانمان کە سیاسەت بازو ئەڵقە لەگوێی حیزبەکان بوون لەحکومەتدا دەسەڵاتیان بەکار هێنا بۆبەرژەوەندی حیزبەکانیان لەبری ئەوەی ژیانێکی ئاسوودە بۆ گەل فەراهەم بکەن میلەتیان برسی کرد . زۆرێک لەحیزبەکانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هێورکردنەوەی دەنگی نارەزایی هەمیشە بەچەند بیانەویەک خەڵکیان چەواشە دەکرد ، وەک پاراستنی یەک ڕیزی و دوژمنی دەرەکی وهتدد…. وە دڵی هەموانیان ئاسوودەو بێ دەنگ کرد بە گەورەترین دروشمی نەتەوەی و بریقەدار ئەویش دروست بونی دەوڵەتی کوردی بوو ، کەلەڕاستیدا دروست کردنی دەوڵەتی کوردی تەنها پرۆسەیەک بوو بۆ پتەو کردنی ئیماراتی حیزبیان . وە بەبۆچونی من کەس لە دنیادا شایستەی کوشتن نیە تەنها ئەو بەرپرس و بەچکە بەرپرسانە نەبێ کەخیانەت لە نیشتیمان دەکەن ، بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی کە خیانەت و دزی و ڤیلاکانیان چاویان سوو بووە و لەخۆیان ناپرسن ئەرێ هەر ئەم میلەتەبوو لەنەوەکاندا گوڵبارانیان دەکردین ، بۆ هەمێسیا بەرد بارانمان دەکەن ؟ وەدەبێ (حکومەتیش ئەوە باش بزنێ کە هیچ ئازارێک بەژان نیە وەک ژانی ئەو ئازارەی کە حکومەتی خۆت پێت ئەگەیەنێ) وە ئەوەی من لەم قەیرانەدا تیا ڕاماوم نازانم بێ دەنگیە یا نەزانی بزوتنەوەی گۆڕانە . چونکە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە هەمەلانەیەی بۆ دابەش کردنی پۆستەکان کرا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وسەرۆکی حکومەت دیاری کرا هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوت نامەیە بەواتای هەڵوەشاندنەوەی هەردوو پۆستە واتە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە و دەبێ بە تەوافق جارێکی تر پۆستەکان دابەش بکرێتەوە . بەڵام ئەوەی جێگەی ڕامانە سەرۆکی حکومەت هەر سەرۆکی حکومەتەو بزوتنەوەی گۆڕانیش فزەی لێ نایە و باسی ناکا .
لەکۆتایدا ئەو مافە بەخۆم ئەدەم بەڕێزەوە پرسیاری ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی پارتی و لایەنگرانی بکەم ، گەر پارتی لەسلێمانیش وەک هەولێر باڵا دەست بوایە ( N.R.T)و K.N.N))ی ئاو دیوی کوێ دەکرد؟
facebook.com/awaolives