دیـدارنانەکەلی
وا دەزانم دوێنێ بوو، درەختی باخچەی ماڵەکەم چاند. ئەوەی بیری لای تینی خۆر و تێنویەتی ئەو دارەبوو ھەر من بووم، ئەوەی بۆ گەشەکردن و مەزن بوونی ، زەویەکەی دەکێڵا، خۆڵەکەی ھەڵگیڕ و وەرگێڕ دەکرد ، بە دروستبوونی سێبەرەکەی خۆشحاڵ دەبوو بەتەنھا ھەرخۆم بووم، کەس نەبوو یارمەتیم بدا لە ھەڵکێشانی ئەو درک و گیاو گۆرانەی لە چواردەوری دەبوونە ھۆی لاوازبوونی درەختەکەم.
دڵنیام کەس چاوەڕێی ھەڵکردن و بەباڵاکردنی نەبوو جگە لەخۆم.
کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچوو درەختێک ئاوا زوو لە چاوتروکانێکا وێنەی خۆی نیشان بدا.
ھەرچەند ئەو درەختەی من ناشتم دارێکی بەرھەمداری بەروبوم نەبوو
پتر لە درەختەکانی دیکە باخچەکەمی داگیرکردبوو،ھێندە بە پاشماوە و بەئەرک بوو رۆژانە پێویستی بە خاوێنکردنەوەی باخچەکە بوو.
بەڵام لەبەر ئەوەی چاوەڕێ ی حەسانەوەبووم، ئارەقەم رشت بۆ دروست بوونی سێبەرەکەی. پتر لە درەختی دیکە ئاوم دا.
کە ویستم بچمە بەر سێبەرەکەی و تاوێک لەبەری بحەسێمەوە،
بینیم کە ئەو درەختەی رۆژانێک رەنجم بۆی داوە، لاربۆتەوە خەریکە لە قەدیەوە دەشکێت، چونکە بیرم بۆ ئەوە نەچوبوو کە بە لاری خەریکی باڵاکردن و گەشەکردنە، بیرم بۆ ئەوە نەچوو ئەو درەختەی پتر لەھەر درەختێکی دیکە باخەوانیم بۆی کردووبوو ھیندە ناحەز شێوە دەگرێت
ئێستا رۆژانە لێی وورد دەبمەوە، ھەست دەکەم بێ باکە لە خزمەتەکانم
پێویستی بە ئاودان و خاوێنکردنەوەی من نەماوە، ھەرچەندیش قەدەکەی ئەستووردەبێت مەترسی شکانی بەھۆی ئەو لاربوونەوەیە زیاتر دەبێت
لەبەرچاوم رۆنە ئەو درەختەی لەگەڵ تەمەنی من دروست بوو، گەشەی کرد، ھەڵکشا بەرەو ئاسمان،زەمەنێک رەنجم بۆی کێشا بەھۆی زۆری لاربوونەوەی دەشکێت، دەکەوێتە سەر زەوی، چەندە قەدی زلتر دەبێت باڵای لاری بڵندتر دەبێت ھێندە مەترسی شکان و کەوتنی زیاتر دەبێت،
ئەمڕۆ ھێندە لە ئەگەری کەوتنی مەترسیم نیە، ھیندە مەترسیم لەوەیە لە کەوتنی بشکێتەوە سەر یەکێک لە منداڵە ساوایەکانم و زامداری بکات و خوێنی برژێنێت. بۆیە خۆزگەم دەخواست نەمناشبایە، ئەگەر ناشتیشم رێک و راست با کە ھێندە مەترسیم لێی نەبایە.