نووسینی : بورھان شێخ ڕەئووف
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر پرۆژەو بانگەواز و وتارو پێشنیارو بیروڕا خرانە ڕوو دەربارەی قەیرانە قورس وگورچکبڕەکانی ھەرێمی کوردستان کە ھەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەری بە پەلەو پێشنیاری بە جێ و خەمخۆری و بە دەربەسیان پێوە دیارە بۆ دۆخی نەخوازراوی ھەرێمی کوردستان .
بەلام حەزدەکەم ئەوە بە بیری خوێنەران و ھەموو لایەنە بەر پرسەکانیش بێنمەوە کە چۆن پزیشکەکان ناتوانن چارەسەری دەردو نەخۆشیەکان بکەن تاوەکو جۆری ڤایرۆس و بەکتریاو ھۆکارو ماکی دەردو کۆڤانەکان نەدۆزنەوە ناتوانن چارەسەرو تیمار بۆ دەردەکان دەستنیشان بکەن .
بۆیە ئاواش بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانانە کە ڕەگو ڕیشەی مێژووییان ھەیە و ھەموویان دەر ئەنجامی کەڵەکە بوونی کەموو کوڕیەکانی حوکمڕانی کوردن لە دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ ەوە تاوەکو ئەمێستا ,
ئێستاش ناتوانین چارەسەری گونجاو بۆ ھەموو ئەو دەردو مەینەتیانە بدۆزینەوە کە بەرۆکی تاک بە تاکی ئەم ھەرێمەی گرتووەتەوە بێئەوەی قامک لە سەر ھەموو فاکتەرو دیاردە نەگەتیفەکانی داکشانی سیاسی کە زانستی سیاسەت دیاری کردوون دانە نێیین کە لە خوارەوە یەک بەیەک دەیانخەمە ڕوو و بە گیانێکی وەرزشیانەوە دان بە ھەڵەو کەموو کوڕیەکاندا نەنێین زۆر ئەستەمە ئەم قەیرانانە بگوزەرێنین و بچینە قۆناغێکی تری گەشەکردنەوە .
دیاردە نێگەتیفەکانی داکشانی سیاسی لە کۆمەڵگادا :=
١. ھەڵبژاردنی ساختەو چاوپۆشی لە یاساو بڕیارەکان .
٢. خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئامێز بە بەکارھێنانی توندو تیژی .
٣. ئاژاوەی نەیاران چالاکی ژێرزەمینی و ھێرشی چەکدارانە .
٤. گەندەڵی سیاسی بۆ بەرژەوندی تایبەت .
٥. پەرت و بڵاوی پارتە سیاسیەکان ,
٦. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان .
٧. پیرۆزکردنی سەرکردەکان .
٨. مەزنکردن وپیاھەڵدانی ئایدیۆلۆجی فەرمی حوکمڕانەکان .
٩. بە سیاسی بوونی ھێزە چەکدارەکان بوونی ھێزی چەکداری نایاسایی .
١٠. ملکەچبوونی فەرمانبەران بۆ ھێڵی پارتی دەستەڵاتدار,
١١. گەندەڵی فراوان و خراپ بەڕێوەبردن ,
١٢. بە سنتراڵبوونی بڕیارەکان .
١٣. زیندانیکردنی بە کۆ .
١٤. دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆ .
١٥. نەبوونی شەفافیەت لەکاری حکومەت و بەرپرسیار نەبوونی حوکمڕانان بەرامبەر بە خەڵک .
١٦. سەروەر نەبوونی یاساو سەربەخۆ نەبوونی دەستەڵاتی دادوەری .
بەڵی ئەو خاڵانە لەلایەن نووسەرێکی ئێرانی نووسراون بە ناوی د. عەبدوڕەحمان عالم لە کتێبی بنەماکانی زانستی سیاسەت کە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی وەکو بنەمایەکی گشتی بۆ ھەموو گەلان بەڵام بە ووردبوونەوە لێیان زۆربەیان لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا بوونیان ھەیەو فاکتەری سەرکی قەیرانەکانن .