کازیوە ساڵح
٢-٤
ئەکرێت ڕۆژگاری ئەمڕۆ ناوی بنرێت ڕۆژگاری پەناهەندە و کۆچبەر. ژمارەی زۆری پەنابەران بووە بە لەمپەر لە بەردەم خزمەتکردنی دروستدا. بەڵام هەبوونی شوێن و کامپ بۆ پەناهەندە مەرجی تەندروستی و یاسایی تایبەت بە خۆی هەیە. کتێبی تەندروستی پەناهەندە و میتۆدی دۆخی فریاکەوتن- ئێمرجنسی- کە لە لایەن ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوورەوە لە ساڵی( ١٩٩٧)دا چاپکراوەو و لە لایەن زیاتر لە (٦٠) شەست کەسەوە نووسراوە، وە کتێبی ژینگە، وێنەی نەخشە ، دیموگرافیا و سیستمی زانیاری لە کامپی پەناهەندەکاندا کە لە لایەن(٢١ ) بیست ویەک کەسەوە نووسراوە لێژنەی باڵای مافی پەناهەندە لە نەتەوە یەکگرتووەکان سالی (١٩٩١ ) بڵاویکردەوەتەوە. هەردوو کتێب لە سەر کۆمەڵێک فاکتەر کۆکن کە لە کامپی ئاوارەدا پێویستە بوونی هەبێت لەوانە: .
١- هەموو کامپێک پیویستە ئۆفیسێکی بەڕیوەبردنی تێدا بێت کە کاری پەناهەندەکان دادوەرانە و بێ جوداوازی ڕاپەڕێنێت و زمانیان بزانێت ولە کولتوورو داب و نەریتییان تێ بگات. .
٢- هەموو خێزان و تاکێک شوێنی خەوتنی بۆ دابین بکرێت، لە کامپدا زۆربەی کات لە قۆناغی یەکەمدا دەوارە نەک خانوو، بەڵام بە پێی مەرجەکانی پێوانە و گەورەیی شوێنی دەوار نابێت بۆ کەسێک لە ٣.٥ سێ مەتر ونیوی چوار گۆشە کەمتر بێت، بەم پێی خێزانەکان بە پێی ژمارەیان پێویستە دەواری گەورەتر و زیاتریان بە سەردا دابەش بکرێت و شوێنی زیاتریان پێ ببەخشرێت .
٣- سەرشۆر وتەوالێت و شوێنی شمەک شتن پێویستە لە هەموو کامپێکدا هەبێت ، بە مەرجێک هەر بیست کەس ئاودەست یان تەوالێتێکی و سەرشۆریەکیان بۆ دروستکرابێت و ٣٠ سی مەتر دوورتر نەبێت لە دەوارەکانی ئەو ژمارە دەسنیشانکراوەوە. سەر شۆرو تەوالێتی ژنان و پیاوان جیاواز بێت.
٤- ئاو و ئاوەڕۆ ، یەکێک لە مەرجەکان هەموو کامپێک ئاوی تەندروستی تێدا بێت ، دووری بۆری ئاو لە ١٥ پازدە مەتر زیاتر نەبێت لە هەر دەوارێکەوە. هەموو ٢٥٠ دوو سەد وپەنجا کەس خاڵێک یان تەنکەرێکی ئاو گواستنەوەیان بۆ تەرخان بکرێت کە گەورەیەکی بەشی پێداویستی ئەو ژمارە خەڵکە بکات. .
٥- هەبوونی کلینک، نەخۆشخانە و شوێنی کوتان بۆ هەموو ٣٠٠٠سێ هەزار هەتا ٥٠٠٠ پێنج هەزار پەناهەندە، وە هەبوونی هەموو دەرمانی پیویست لە سەنتەرەکەدا.
٦- هەبوونی سەنتەری دابەشکردنی خۆراک و هەبوونی سەنتەری چارەسەری خۆراکی .
٧- هەبوونی ئاسایش و پاراستنی ئاسایش وژیانی هاولاتیانی پەناهەندە لە کامپەکاندا و هەبوونی لیژنەی پاراستنی ئاشتی لە نێو کامپەکاندا بۆ پاراستنی ئاشتی وهێمـنی ناوخۆی کەمپەکان وهەبوونی خاڵی پشکنین بەر چوونە ناو کەمپەکان لە پێناو پاراستنی ژیانیاندا.
٨- دابینکردنی شمەکی کۆمیونیکەیشن ، وەکو لانی کەم دابەشکردنی رادیو بە سەر ماڵەکاندا بۆ ئاگادار بوون لە جیهان ودانەبڕانی یەکجارەکیان. .
٩- هەبوونی قوتابخانە و سەنتەرەکانی ڕاهێنان بە تایبەت ڕاهێنانی دەروونی بۆ ئەو کەسانەی پیوسیتیان پیەتی و خوێندەوار بوونی منالانی ناو کامپ مەرجە. .
١٠- هەبوونی بازاڕ و دوکان ، ئەکرێت حکومەتی لۆکاڵ دوکانی نێو قوتابخانە(کانی) کامپەکە ڕێگە پێ نەدات، بەڵام لە نێو کامپەکاندا بە گشتی بوونی دوکان وبازاڕ پیویستی گرنگی کامپەکانن و پێویستە هەبن.
١١- هەبوونی شوێنێکی گەورە بۆ هاتنی میوان بۆ نیو کامپەکان و بینی خێزانەکان.
١٢-ڕاگرتنی پاکژی، هەبوونی ئاوەڕۆی تەندروست و داپۆشراو بۆ ئەوەی نەبێت بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس ومیکرۆب، هەروەها جگە لە دابەشکردنی تەنەکەی خۆڵ و هەبوونی حاویەی خۆڵ و شوێنی تایبەت لە دووری دەوارەکان وپاکردنەوە هەفتانەی زبڵ تێکەرەکان، هەر یەک لەم دوو پرۆژەیە پێویستە هەموو مەرجەکانی تەندروستی تێدا بە دی بکرێت.
١٣- لە نێوان هەموو ٣٠٠ سێ سەد مەتڕیکدا بۆ هەموو ٧٥ حەفتاو پێنج کەس ئاگرکوژێنەوەیەک هەبێت و شوێنی تایبەتی بۆ دابینکرابێت. .
١٤- لە نێوان هەموو دەوارێک وئەوی دیدا ٢ دوو مەتر بۆشایی و دووری لە یەک بهێڵدرێتەوە. ئەمەش تەنها بۆ مەرجی ئاسایشی ژیان نیە وەکو پاراستینیان لە کەوتنەوەی ئاگر ، بەڵکو پاراستنی سایکۆلۆژیشیانە بەوەی هەست بکەن لە گەڵ هەموو نەهامەتیەکانیشدا تایبتمەندی -پرایڤەسی- خۆیان تا ئاستێک پاراستووە.
١٥- دەسنیشانکردنی شوێنێکی تا ڕادەیەک دوور لە دەوارەکان وەکو گۆڕستان.
١٦- دابینکردنی شوێنی خوداپەرەستی بە بێ جیاوازی ئاین و باوەرەکان.
١٧- دەوار کە بە نێشتەجێ بوونی کاتی دەژمێردرێت پیوسیتە بگۆڕدرێت بە کابینە، ماڵی پلاستیکی پاش قۆناغی ئێمرجنسی ، واتە پەناهەندە نابێت بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ نموونە ساڵێک لە ژێر دەواردا بژی.
١٨- پزیشکی دەروونی مەرجی هەموو کامپێکە ،چوونکە لە هەموو دۆخێکدا پەناهەندە زیاتر تووشی گرفتی دەروونی ئەبن. ئەگەر ئەو کامپانە ژنی زۆرەدەستەگیرەیی -دەسدرێژی سێکسی- تێدا بوو ، سەنتەری دەروونی تایبەتی سایکۆلۆژی و ڕاهێنانەوە و تایبەت بە مەسەلەی دەستدرێژی ژنان بە پێی تەمەنەکان و کولتورەکانیان مەرجن. .
١٩- هەبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە ، پاس ، ئۆتۆمبیل بۆ گواستنەوەی خەڵک لە کامپەکانەوە بۆ دەرەوەی کامپ.
٢٠- ڕەخساندنی هەلی کار ئەگەر شوێنکە گونجاو بوو بۆ کار، گەر نا دابەشکردنی ئابوونەو خۆراک بە سەر پەناهەندەکاندا.
ناکڕێت پێمان وابێت ئەو شمەک و پێداویستیانە تەنها لە لایەن رێکخراوانەوە دابین بکرێت کە لەم نووسینەدا ناویان هاتووە ، یان بە تەنهالە لایەن رێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانەوە ئەکرێت بە ئەرک. ئەمە ئەرکی ئەو وڵاتەشە کە ڕێگە بە پەناهەندە ئەدات، ئیتر پەناهەندەی ناوخۆ بێت یان دەرەکی، کۆمەڵێک ئەرکی ئابووری و مەعنەوی دەکەوێتە سەرشان و هەروەها بەڕێوەبردنی کارەکان و کامپەکەشی ئەبێت بە ئەرکی ئەو. زۆر جار نەبوونی پێداویستیەکان وەکوئەوەی لە مەرجە نێو دەولەتیەکاندا و ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانراوە پەیوەندی بە خراپی بەڕێوەبردنی کامپەکانەوە هەیە . خزمەتی ڕێخکراوە نێو دەوڵەتیەکانیش بۆ هەر کامپێک کەوتوەتە سەر بەڕێوەبردنی دروست لە گەیاندنی کێشەکان و پێداویستەکانیان بەو شیوەی تەبا بێت لە تەک کولتووری ئەو رێکخراوەی پێشنیازی بۆ ئەکەن، نەک کولتووری وڵاتی داواکار. کولتووری داواکردنی هاوکاری جیاوازە لە کولتووری نووسینی نامەیەک یان ئەتەکێتی نووسینی ڕاپۆرتێک. ناوچەیەک یان وڵاتێک کاتێک جێگەی ئاوارە ئەکاتەوە مەرج نیە بتوانێت بەڕێوەبردنێکی دروست بکات ، یان بزانێت ئەرک و مافەکانی چیە ئەگەر لە دەرەوە ڕانەهێنرا بێت. ئەو کەم و کوڕییانەی لە کامپی ئێزیدیەکاندا بینیم گەواهی ڕاستی ئەو قسانە ئەدەن.
سەرچاوە
• Beaudou A., Cambrézy L., Zaiss R.) 2003( Geographical Information system, environment and camp planning in refugee hosting areas Approach, methods and application in Uganda Final report، institute de recherché pour le development.
• Médecins Sans Frontières, Refugee Health: An approach to emergency situations, Macmillan, Oxford: 1997.