نووسینی :بورھان شێخ ڕەئووف
وشەی فیدراڵ لە وشەی لاتینی ( Foeds) وەرگیراوە کە بە واتای پەیمان یان ڕێکەوتن دێت . فیدراڵ کاتێک پێکدێت , کە چەند وڵاتێکی سەربەخۆ ڕێکدەکەون کە دەوڵەتێکی نوێ پێکبھێنن , یان کاتێک یەکە ئیدارییەکانی بەشێک لە وڵاتێکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی تاک فۆرم ڕەزامەندی سەنتەر بۆ ئۆتۆنۆمی خۆیان بە دەستدێنن .
کاتێک دەوڵەتێکی تاک فۆرمی خاوەن خاکێکی بەرفراوان بیەوێت لە ڕێگای پەسەندی جۆراوجۆرەوە بیەوێت یەکێتی خاک و گەلەکەی بپارێزێت یان کاتێک بەشێک پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە خولیاو ئارەزوو ی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێۆەبەریان ھەبێت ئەوا چەمکی فیدراڵیەت دێتە ئاراوە حکومەتی سەنتەر پرسەکانی ھاوبەندی بەرژەوەندییە گشتیەکان بۆ خۆی گلدەداتەوەو پشکەکانی دیکە بە ھەرێمە ئۆتۆنۆمەکان دەدات لە ھەمان کاتدا ئەو دۆخە بەھۆی دەستوورێکەوە دێتە ئاراوە و ڕێکدەخرێت کە پشککەکان و دەسەڵاتەکان لە نێوان سەنتەرو ھەرێمەکاندا دابەشدەکات و ناکرێت ئەم دابەشکردنە یەکلایەنە بێت .
بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرا پێچەوانەی ھەموو بۆچوون و یاساو دەستوورەکانی جیھان و مرۆڤایەتی و بوو کە گەلێک بە ھەموو بنەما و تایبەتمەندییە کانی خۆیەوە نکووڵی لە بوونی دەکرا لە کۆماری عەرەبی سووریادا و بگرە بە شێکی زۆریشیان مافی ھاووڵاتیبوون و پێناسەی ئەو وڵاتەشیان نەبوو ئیستاش لە دوای شۆڕش و ڕووداوەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە بەشێکی زۆری خاکەکە بە خوێن و فیداکاری ئازادکردوەو پارێزگاری لێدەکات بە گەواھی یارونەیارلە جیھاندا .
لە چەند ساڵی ڕابردوودا خۆبەڕێوەبەریەکی دیموکراتیانەیان دامەزراندبوو بە ھاوبەشی لەگەڵ پێکھاتەکانی تر لە سەر سیستمی کانتۆنەکان ئێستاش لە دوای گۆڕانکاریە تازەکانی ئەو وڵاتە لو کۆبوونەوەیەکی چەند ڕۆژیدا ئەنجوومەنی دامەزراندن ھەرێمی ڕۆژئاوای لە باکووری سووریا ڕاگەیاند لە کاتێکدا دانیشتنەکانی کۆنگرەی جنێف ٣ دەستیپێکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووریا بە بێ بەشداریکردنی نوێنەرانی کورد لە ڕۆژئاوا بە فشاری ھەندێک لە لایەن و وڵاتانی ئیقلیمی لە کاتێکدا کورد یەکێکە لایەنە کاریگەرەکانی قەیرانەکە .
تائێرە ئاساییە بەڵام ئەوەی نا ئاساییەو جێگەی سەر سووڕمان و گاڵتە پێکردنە کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریایە کە فیدراڵی بە سەرچاوەی مەترسی و دابەشبوون و ناسەقامگیری ناوچەکە دەزانن لە کاتێکدا نیوەی جیھان زیاتر بە سیستمی فیدراڵی بەڕێوەدەبرێت ,
ھەروەکو لە ڕابردوودا ناوچەکە و گەلانی تر ڕۆژھەڵاتی ناوین لە سایەی ڕژێمە شمولی و تاک فۆرمەکاندا زۆر لە ژیانێکی شەرافەتمەندانەدا ژیابن و ھیچ کێشەیەکیان نەبووبێت و ھەموو ئەو جەنگ و ماڵوێرانی نادادپەروەری و خوێن ڕشتن و بە فیڕۆدانی سامان و داھاتی وڵاتەکانیان لە پێناوی تواندنەوەی گەلانی بندەست و نکووڵی کردن لە مافەکانیان لە پێناو یەکپارچەیی خاکی نیشتمان و سەرکردەی تاک وتەنھا و بێ وێنەو بێ نەزیر و سڕینەوەی ھەموو جیاوازیەکان لە نەتەوە و ئایین و ئاینزاو لە قاڵبدانیان لە یەک نەتەوەو کەئاکامەکەی ئەوە بوو کە ئێستا دەیبینین ھەموو ناوچەکە لە شەڕو ململانێیەکی قووڵ و سەرتاپاگیردایە کە ڕۆشن نیە تاکەی و چی دەبێت کۆتاییەکەی .
لە ھەمانکاتدا ئەگەر لە ئەزموونی گەلانی تر وردبینەوە کە یەکبوون و یەکگرتنی ئارەزوومەندانەیان ھەڵبژاردووە واتە ڕێزگرتن لە جیاوازیە ئتنیکی و نەتەوەیی و ئاینی و ڕۆشنبیر ی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و بوونی ناوەندی جیاجیا ی بڕیارلە نێوان سەنتەرو حکومەتە لۆکاڵیەکان چ بە سیستمی کۆنفیدراڵی یان فیدراڵی بێت و لە پێناو ئاشتی و دادی کۆمەڵایەتی یەکسانی نێوان ھەموو پێکھاتە جیاوەزەکان گەیشتنە ئەو شارستانیەت و ئارامی و سەقامگیریە ی کە ھەمووان لێ ی بەھرەمەندن .
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان یەکێتی و یەکپارچەیی لە نێوان گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی ڕۆژئاوا بکەین دەبینین ڕۆژئاواییەکان بە ڕێزگرتن لە جیاوازی یەکیانگرت و سوودمەندبوون بەڵام ڕۆژھەڵاتیەکانی لای خۆشمان لەتوپەت بوون و ماڵوێران بوون بە سڕینەوەی یەکتر .
بۆیە لە ئێستاشدا کە سیستمی فیدراڵی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنرێت ھەمان بۆچوونی جاران لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەو دراوسێ وە دووبارەدەکرێتەوە بێئەوەی کەڵک لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو وەربگیرێت فیدراڵیەت بە جووداخوزی و خیانەت و دەستی دەرەکی و کفرو ئاژاوەو دووبەرەکی و گەلێ شتی تریش ناوزەد دەکەن .
ھەرچەندە لە ڕاستیدا فیدراڵیەت ڕێگای ئاشتی و پێکەوە ژیان و ئارامی و سەقامگیری و یەکبوونی ئارەزوومەندانەوە دادپەروەریە .