نوسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ئەمە جاری دووەمە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لە دوای کۆبوونەوەکانی ساڵی پار لە گەڵ سەرکردەکانی کەنداو لە کامپ دیڤید لە ئەمریکا ئەنجامدرا ئەمجارە لە ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە گرێ دەدرێت . لە دۆخێکی جیاوازتردا لەوەی پار چونکە دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەشێکی زۆری ئەو خاکانەی کە داگیری کردبوو لە عێراق و شام لێ ی سەنراوەتەوە و عەرەبستانی سعوودیەش بە درووستکردنی ھاوپەیمانی ئیسلامی ھاوپەیمانی عەرەبی و یارمەتیدانی ھێزەکانی شەرعیەت لە یەمەن بۆ گەڕانەوەی دەستەڵاتی حکومەت بۆ زۆربەی ناوچەکانی ژێر دستەڵاتی کودەتاچیەکان .
لە ساڵی ڕابردوودا کە ڕێکەوتنی (٥+١) لە گەڵ ئێران واژۆکرا بووە مایەی نیگەرانیەکی فرە بۆ کەنداوییەکان لەم کۆبوونەوەی لووتکەدا سەرۆک ئۆباما دڵنییایی تەواوی پێدان و وتی ڕێکەوتنەکە لە بواری ئەتۆمی مانای ئەوەنیە ئێمە چاوپۆشی لە کردەوەکانی ئێران دەکەین لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەکو سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و بەحرین و شوێنەکانی دی ,
ھەروەھا دووپاتی ئەوەی کردەوە کە گومان و سەرنجی زۆریان ھەیە لە ڕەفتارو جموجووڵەکانی ئێران بە تایبەتی ئەوەی تایبەتە بە ڕۆکێتە دوور ھاوێژەکانی لە ھەمان کاتدا ئەگەر سەرنجی بەیانی کۆتایی کۆبوونەوەکە بدەین زیاتر باس لە مەترسیەکانی ئێران دەکات بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە بە یارمەتیدانی گروپە تیرۆریستەکان و حزبوڵای لوبنان و پێشمەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لە گەڵ ئێراندا ئەوەیە کە بەڵێنی ئەوەبدات دەستھەڵگرێت لە دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە.
لەلایەکی ترەوە عەرەیستانی سعوودیە توانی لە ماوەی ڕابردوودا حزبوڵای لوبنان وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت ولە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ئیسلامیشدا لە ئەنقەرە سەرکۆنەی بکا کە ھێزێکی سەربازی گرنگی ھەیە و بەشداری شەڕو ئاڵۆزیەکانی سوریایە و لە لوبنانیش ڕۆڵێکی دیاریان ھەیە لە ڕووداوو پێشھاتەکانی ئەو ولاتەدا و دۆستی نزیکی ئێرانن .
ئەگەرچی کۆبوونەوەکە لە میدیاکاندا بە لووتکەی کەنداو و ئەمریکا ناوی برا بەڵام سەرکردایەتی لایەنی کەنداو لە لایەنە شا سەلمانی پادشای عەرەبستانی سعوودیەوە کرا و ھەرچەندە ئەوەی تێبینی کرا کە لە فڕۆکەخانە لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما پادشا ی ئەو وڵاتە ئامادەی مەراسیمەکە نەبوو بەڵکو ئەمیری ناوچەی ریاز پێشوازی لێکرد بەڵام خۆی پێشوازی لە سەرکردەمانی وڵاتانی کەنداو کرد کە بۆ ھەمان مەبەست ھاتبوون بۆیە ھەندێک لە چاودێران بۆ نیگەرانیەکانی پێشووتری عەرەبستانی دەگێڕنەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ( ٥+١) و ساردی پەیوەندی عەرەبستان و حزبی دیموکراتی ئەمریکا کە ئەمان سعوودیەکان زیاتر پەیوەندیان لە گەڵ کۆماریەکان خۆشترە .
لە ھەمان کاتدا کۆبوونەوەی لووتکە کۆتایی بە کارەکانی ھێنا بە بڕیاردانی شەش دەستپێشخەری ئاسایش کە ئەوانیش ڕاھێنان و مانۆڕی سەربازی ھاوبەش کە لە ئازاری ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دەدرێت و گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگری و دامەزراندنی سیستەمی ڕادارو بە ئاگاھێنانەوەی خێرا دژ بە ڕۆکیتی بالیستی ودەستپێشخەری ئاسایشی زانیاری و ھاریکاری دەریایی .
بەڵی لە دوای ئەو ڕاگەیاندنی دەستپێشخەری و پێداگیری لە سەر پاراستنی ئارامی و بەرژەوەندی وڵاتانی کەنداو لە لایەن ئەمریکاوە جارێکی تر ئەو بۆچوون و پێشبینیانەی ھەندێک لە چاودێرانی دۆخی ناوچەکە دەڕەوێنێتەوە کە پێیان وابوو ئەو سێ بنەما گرنگەی کە پەیوەندیەکانی عەرەبستانی سعوودیەو ئەمریکا ی لە سەر بنیات نرابوو لە ھەشتا ساڵی ڕابردوودا ئێستە ھیچ فاکتەرێکیان بوونی نەماوە تاکوەکو پەیوەندیەکانیان درێژەپێبدەن ئەوانیش ئەمانەن :
١. بەرگرتن بە شەپۆلی کۆمۆنستی و سۆڤیتی جاران .
٢. بەگژاچوونەوەی ڕژێمە نەتەوەیی عەرەبیەکانی جارانی وەکو میسری عەبدولناسروعیراقی سەدام و لیبیای قەزافی و سوریا کە دژایەتی ئیسرائیلیان دەکرد.
٣.نەوت کە ئەویش ئیستا وەکو جاران نەماوە
ئەگەر لە بۆچوونی ئەو چاودێرانە زیاتر وردبینەوە پێدراوەکانیش ئاماژەی ئەوەمان پێ دەدەن کە لە ئایندەی زۆر نزیکدا نا بەڵام لە قۆناغێکی تردا دەکرێت ڕۆڵی عەرەبستانی سعوودیە لە قاڵب بدرێت ھەرچەندە ئیستە ئەو وڵاتە لە ھەوڵی ئەوەدایە ڕابەرایەتی جیھانی عەرەبی بکات لە دوای ئەوەی ڕژێمە نەتەوەییە توند ڕەوەکان کەپێشتر ئاماژەم پێکردن بەر شەپۆلی گۆڕانکاریەکان کەوتن و میسریش لە دۆخێکی ئابوری وادا نیە جڵەوی ڕابەرایەتیەکە بگرێتەوە دەست .
ئاماژەکان بە کورتی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە سەرۆک ئۆباما پاشگەز بووەوە لە سرەواندنی گورزی سەربازی ئاسمانی بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد لە سووریا لە دوای ئەوەی ھێڵی سووری بەزاند وو چەکی کیمیاوی دژی ئۆپۆزەسیۆن بەکار ھێنا و ھەروەھا واژۆکردنی ڕێکەوتنی (٥+١) لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ھەروەھا ئەو گفتوگۆ درێژەی سەرۆک ئۆباما لە گەڵ گۆڤاری ئەتڵانتیک سازی دابوو کە تێیدا عەرەبستانی سعوودیە تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی وەھابی توندڕەو و ھەروەھا ئاماژەکردن بەوەی کە ١٥ لەو ١٩ کەسەی ھێرشەکانی ١١ سبتەمبەریانلە ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکرد سعوودی بوون نەک ئێرانی و ھەروەھا داواکردن لە سعوودیە کە پێکبێت لە گەڵ ئێران و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بەش بکەن لە نێوان خۆیاندا , لە کاتێکدا سعوودیەکان چاوەڕوانی پێچەوانەی ئەمە بوون کە خۆیان بەتەنھا دەمڕاستی ھەرێمەکە بن .
خاڵێکی تر کە زۆر ھەستیارە ئەو پرۆژەی یاسایەیە کە لە کۆنگریسی ئەمریکا ھەردوو پارت دیموکرات و کۆماری پشتگیری لێدەکەن ئەویش ئەوەیە کە کەسوکاری قوربانیەکانی ١١ سبتەمبەر دەتوانن سکاڵا لە سەر عەرەبستانی سعوودیە تۆماربکەن لە دادگاکانی ئەمریکا داوای قەرەبوو لەو وڵاتەبکەن بە بیانووی ئەوەی ئەو وڵاتە پشتیوانی تیرۆری کردووە , ھەرچەندە سەرۆک ئۆباما بەڵێنی ئەوەی داوە کە ڤیتۆی ئەو یاسایە بکات بەڵام وەکو ئاشکرایە لە دوای چەند مانگێکی تر ئۆباما کۆشکی سپی بەجێدێڵێت و کێ دەڵێت سەرۆکێکی تر پابەندی ئەو بەڵێنە دەبێت ؟
لە ھەمانکاتدا سعوودیەکانیش ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو ٧٥٠ ملیار دۆلارەی کەلە بانکەکانی ئەمریکادایە بکشێننەوە ئەوەش گورزێکی گەورەیە بۆ ئابووری ئەو وڵاتە .