نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ( AKP) کەلە سەرە تای ئەم سەدەیەوە واتە لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە حوکمڕانی تورکیایە کە بەتەنیا کابینەی حکومەتی پێکدەھێنا و ا جاری سێھەمە کە کابینەی حکومەت بە تەنیا پێکدەھێنێت ھەرچەندە لە دوا ھەڵبژاردندا لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردوو نەیتوانی بەتەنیا حکومەت پێکبھێنێت بەڵام نەچووە ژێر باری حکومەتی ئیئتلافی و پەنای بۆ ھەڵبژاردنی پێشووەخت برد .
ئەویش بە بەرتەسککردنەوەی دیموکراسی و خووڵقاندنی بارودۆخێکی بارگاوی بە ترس و تۆقاندن و پەلاماردانی نەیارانی سیاسی خۆیان لە کورد وچەپەکان و بەکەڵک وەرگرتن لە نەژاد پەرستە تورکەکان لە ئاکامدا توانی لە ھەڵبژاردنی پێشووەختەدا لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ٢٠١٥ دا ئەنجامەکان بگۆڕێت و جارێکی تر حکومەتیان بە تەنیا پێکھێنا.
لە ئێستادا کە وابۆ بیست مانگ دەچێت د. ئەحمەد داودئۆغلو کە سەرۆکی پارتی دادو گەشە پێدان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتەیە بکە بە یەکێک لە بیرمەندە کانی پارتەکە ناسراوەو خاوەنی دەیان کتێب و لیکۆڵینەوەیە کە دیارترینیان ( قووڵایی ئیستراتیجیە ) کە لە ڕابردوودا زۆرجار دەنگۆی ئەو بڵاوکراوەتەوە کە ململانێ و ناکۆکی لە نێوان ئەردۆغانی سەرۆک کۆمارو و داود ئۆغلو دا ھەیە بەڵام حاشایان لێدەکرد .
ئەگەرچی دەستووری تورکیا ڕێگا نادات سەرۆک کۆمار حزبی بێت و لایەنگری لە ھیچ لایەنێک بکات بەڵام ئەردۆغان لە ڕابردوودا بۆ چەندین جار دەستووری پێشێلکردووەو وەکو ئەوەی لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی پار لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا کردی و قورئانێکی گرت بە دەستیەوە و شار بەشار گەڕا و دواتر سەرۆکایەتی کردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە زۆر کەم لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ڕووی داوە , بەڵام ئەوەی ئیتر ناتوانن نکووڵی لێبکەن دەرکەوتنی ناکۆکیەکانە بە ئاشکرا لە میدیاکاندا کاتێک داود ئۆغڵو لە وڵاتی قەتەر بوو سەرقاڵی کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی بوو لەوێندەرێ ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پارتەکەی بڕیارێکی دەرکرد کە زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پارتەکەی کەمکردەوە لەوانە دەسەڵاتی دانانی لێپرسراوەکانی پارتەکەی بۆ ھەرێمەکانی ئەو وڵاتە لە سەرۆکی پارت واتە داوئۆغلو ئەستاندەوە .
لە ھەمانکاتدا بڵاو بوونەوەی ستوونێک لە یەکێک لە سایتەکاندا لە لایەن نووسەرێکی نەناسراوەوە لە سەر کاروکردەوەکانی داود ئۆغلو دژ بە ئەردۆغان کە ھەندێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە نووسەرەکە کەسێکی زۆر نزیکە لە ئەردۆغان لە ناو حیزبدا , لە ھەمانکاتدا جیاوازی تێڕوانینەکانیان لە سەر گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی فاکتەرێکی تری ناکۆکیەکانە لە نێوان ئەردۆغان و داود ئۆغلو کە ئەمە یەکەم جاریش نیە لە ناو ئەکەپەدا ململانێ ی وا سەرھەڵبدات پێشتر لە گەڵ عەبدوڵاگویل ی سەرۆک کۆماری پێشوویش ڕوویدا.
ئیستا ئیتر ھیچ گومانێک نەما لەسەر ناکۆکیەکانی لە نێوان ئەو دووانەدا لە دوای ڕاگەیاندنی داود ئۆغلو کە دەست لە سەرۆکایەتی پارتی دادو گەشە پێدان دەکێشێتەوە و بە دەست لەکار کێشانەوەی لە سەرۆکایەتی حیزب ئۆتۆماتیکی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیرانیش دەبێتەوە .
خاڵێکی تری ناکۆکیەکانی نێوانی ئەو دووانە ئەو ڕێکەوتنە بوو کە لە نێوان تورکیاو یەکێتی ئەوروپا واژۆ کرا لە نێوان داود ئۆغلو و مێرکل سەبارەت بە ڕێگرتن لە ڕۆیشتنی پەنابەران کە ئەرۆدۆغان پێ ی باش نەبوو دەیوویست وەکو کارتێکی فشار بە کاری بھێنێت .
بەڵام ئەوەی کەلە ئەنجامی ئەم باسەدا بۆمان دەردەکەوێت وادیارە لە ھیچ دۆسێیەکدا تەباو گونجاو نەبوون لە سەرکووتکردنی گەلی کورد و حاشاکردن لە مافە ڕەواو بەرھەقەکانیان نەبێت .