بورھان شێخ ڕەئوف
فەلوجە ئەو شارەی کە ٦٠ کم لە بەغدادی پایتەختی عێراقەوە دوورە کە دانیشتتوانەکەی عەرەبی سوونە مەزھەبن و سەر بە پارێزگای ئەنبارە و یەکێکە لەشارە سوونە نشینەکانی عێراق وەکو مووسڵ و تکریت و بەعقوبە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق پێگەو ناوچەی ھەژموونی ئەو ڕژیّمە بوون کە بەشێکی زۆری پێکھاتەی ھێزە سەرکوتکەرەکانی گاردی کۆماری و ئاسایش و ھەواڵگری ناوەندە ھەستیارەکانی حوکمڕانی لەمانە پێکھاتبوون .
بۆیە ھەر لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەم ناوچانە بوونە ناوچەی گەرم و ملیان بە سیستمی نوێ نەداو کووچەو کۆڵانەکانی ئەو شارانەو بە تایبەتی فەلووجە بووە گۆڕەپانی سەخترین شەڕ و پێکادان تا ئێستاشی پێوەبێت لە نێوان چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ھێزەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ھەموو باڵە جیاکانیەوە ھەر لە بەدرو عەسائیبی ئەھلی ھەق و سەرایە سەلام و سەرایا خوراسانی …تد .
لە ھەمان کاتد ا ھەروەکو حکومەتی عێراق دانی پێداناوە بە کۆمەک و ھاریکاری ھێزەکانی ئەمریکاو ڕاوێژو سەرپەرشتی لایەنی ئێرانی کە لە دەرکەوتنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی لە دەروازەکانی فەلووجە خۆی دەبینێتەوە کە ئەمە نیگەرانی عەرەبە سوونەکانی لێکەوتۆتەوە و لەوەش زیاتر بەکارھێنان و نمایشکردنی ڕۆکێتەکانی نمر نمر ی ئێرانی کە بەناوی ئەو پیاوە شیعەیەی عەرەبستانی سعوودیەوە ناونراوە کە لە سعوودیە لە سێدارەدرا کە پێدەچێت ئەم ناکۆکییە ئتنیکی و تائیفیەکانی عێراق وناوچەکە قووڵتر و ئاڵۆزتر بکات .
فەلووجە بۆ سەری مارەکەیە وەکو مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوەو سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ووتی ؟؟
ھەروەکو دەوڵەتی ئیسلامی داعش ڕایگەیاندووە لە مانگی مایسی ڕابردوودا توانیوویانە ٥٢٢ کەس بە تەنھا لە بەغدادی پایتەخت بکوژن کە ھەمووی خەڵکی سڤیل و بێتاوان بوون و ئەو ڕێکخراوە بە شانازییەوە ئاشکرای کردووە کە لە ڕێگەی ١٥ پشتێنی خۆکوژ و ٦ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوە وە ئەنجامیانداوە , ھەروەھا سەرژمێریەکانی کوشتن و بڕین لە عێراقدا باس لەوەدەکەن کە لە سێ یەکی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٠١٦ مانگانە ڕێژەکەی گەیشتووەتە ١٠٨١ کەس لە مانگێکدا بەم شێوە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە تەنھا لە مانگی مایسدا بەتەنھا ڕێژەکە زۆر سەرکەوتووە لە مانگەکانی پێشووتر لە کاتی پەلامارەکانی داعشەوە لە ٢٠١٤ ەوە .
بەڵێ بەغدادی ٢٠١٦ وەکو بەغدادی ٢٠١٣ نەبوو خەڵکی پایتەخت تاڕادەیە ئەمن و ئاسایشیان بۆ فەراھەم کرابوو خوازیاری درێژەدان و بەردەوام بوونی بوون , بۆیە خەڵکی ئەوشارە ھەروەکو لای ھەمووان ڕوون و ئاشکرایە لەسایەی ئەو ئەمنو ئاسایشەدا بیریان لە شتی تازەدەکردەوە دەستیان بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی و کەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان بردو خوپیشاندان و ناڕەزەیی گەورەیان دەربڕی و دواتر لە لایەن ھیزە تائیفیی و میلیشیاکانەوە دەستی تێوەردراو پەلاماری دامودەزگا فەرمیەکانی وڵات درا لە ئێستادا بە ھۆی شەڕی فەلووجەوە خۆپیشاندانەکان تاڕادەیە ک ھەڵپەسێردراوە.
بەغداد کە دەکەوێتە سەر نزیکەی ١٥٠ میلی چوارگۆشە ڕووبەرەکەی دەکەوێتە سەر تۆڕێکی جەنجاڵی ڕێگاوبان کە لە ناوەڕاستی عێراقدایە جگە لو زۆر ڕێگاو بانی تری بچکۆلە کە بە ناوچە گوندنشینەکانی پشتێنی بەغدادەوەی دەبەستێتەوە کە شیعەکان ھەمیشە بە ھەڕەشەی گەورەو سامناکی بۆ سەر بەغدادی پایتەخت دەزانن و فەلووجەش لەو چوارچێوەدا دێتە ئەژماردن .
ماوەتەوە بڵێین لەو کاتەوەی کە باسی ئازادکردنی مووسڵ دووەم گەورە شاری عێراق لە دەستی داعش دەکرا و ھەموو توانا ھێزەکان بۆ ئەوە تەرخانکرا سەرەڕای بوونی ناکۆکی و بۆچوونی جیا لەسەر پشکداری حەشدی شەعبی وپێشمەرگە لە ئازادکردنی مووسڵ , داعش کردەوە تیرۆریستیەکانی لە بەغدادی پایتەخت چڕ کردەوە ھەروەکو لە سەرەتای وتارەکەوە ئاماژەم پێدا حکومەتی بەغداد ناچار بوو ھێزەکانی حەشدی شەعبی بگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگاری لە بەغداد و پاراستنی حوکمی شیعە کە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە ھەمیشە لە پەراوێزدا بوون و لە دوای ٢٠٠٣ ەوە حوکمی عێراق دەکەن و دواخستنی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ بۆ کاتێکی تر .