بورھان شێخ ڕەئوف
تورکیا لە دوای کودەتا شکست خواردووەکەی شەوی شەمەی ڕابردوو ١٥/١٦ تەمووزی ئێستا کە وەکو بوومەلەرزەیەک ئەو وڵاتەی ھەژاند تا ئێستاش کارو کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە وادیارە تورکیای پاش کودەتاکە وەکو تورکیای پێش کودەتاکە نابێت بە تایبەتی دوای لێدوانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا کە وتی (( ئەم کودەتا دیاری خودایە بۆمان )) کەوا دیارە مەبەستی ئەوە بێت ھەموو نەیارانی خۆی لە دامو دەزگاکانی دەوڵەتدا وەدەر بنێت و ڕیشەکێشیان بکات ھەر بە کردەوەش کردەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوەیان سەلماند کە بە ھەزاران کەس لە دادوەران و پلەدارانی سوپاو پۆلیس ومامۆستایان و …تد لەکار لابران و ھەندێکیشیان ڕووبەڕووی دادگاکان کرانەوە ئەمانە لە ناوخۆی تورکیا .
بۆ دەرەوش بینالی یەڵدرمی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ھەڕەشەی شەڕ دەکات لە گەڵ ھەموو ئەو وڵات ولایەنانەی کە لە پشت کودەتاکەو فەتحوڵا گولەنەوەن .
ھەرچەندە دەنگدانەوەی کودەتاکە تائێستا بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی بارودۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە پرۆسەکانی لێکۆڵینەوەو گرتن ولێپێچینەوە لە ھەموو ئەوانەی بەشداری کودەتاکە یان گومان لە بەشداریکردنیان ھەیە بەردەوامە بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرا نیەو تا ئێستا لە ژێر عابادایە کێن ئەو وڵات و لایەنانەی لە و دیوای سنوورەکانەو کۆمەک و پشتیوانیی کودەتاکەیان کردووە .
ھەرچەندە ھەموو ئەو ھەواڵ و لێکدانەوانە لە سەر ئەو بابەتە کراون من لەسەرچاوە عەرەبی و ئیسرائیلی یەکان خوێندومەتەوەو ھیچیان بەڵگەو دۆکۆمینتی سەلمێنراو نیین بەڵکو شیکردنەوەی سیاسین کەحەزمکرد خوێنەری کوردیش لێ ی بێبەش نەبن .
١. سەرچاوەیەکی ھەواڵگری عەرەبی بە ماڵپەڕی برایتبارت ی ئیسرائیلی وتوە کە تورکیا لەو باوەڕدایە کە کە وڵاتانی عەرەبی دەستیان ھەیە لە کودەتاکەدا بە تایبەتی ھەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعوودیەو میرنیشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی لەبەرئەوەی ئەردۆگان و حکومەتەکەی پشتیوانی ئیخوانەکانی میسرو سەرۆکی لەکارلابراو موحەمەد مرسی یان دەکرد .
لەلایەکی ترەوە تورکیا لێکۆڵینەوەو بە دواداچوون بۆ ئەو ھەواڵە دەکات کە گوایە ھەفتە ی ڕابردوو فەتحوڵا گولەنی سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەت و دوژمنی سەرسەختی ئەردۆگان وتۆمەتباری سەرەکی کودەتاکە بە قسەی ئەردۆگان کە لە ولایەتی بانسلڤینیای ئەمریکا نیشتەجێ یە سەردانی ئەبوزەبی کردووەو ئاگاداری نەخشەی کودەتاکە بووەو دواسەرنج و بڕیاری لەسەرداوە بە وتەی ھەمان سەرچاوە.
ھەروەھا ھەمان سەرچاوە ئاماژە بە سەنتەری دەحلان دەکات کە سەنتەرێکە لە لایەن موحومەد دەحلان لێپرسراوی پێشووی دۆسیەی ئەمنی دەسەڵاتی فەلەستینی بوو لە غەزە و ئێستا ڕاوێژکاری ئاسایشی موحومەد زایدی جێنیشینی میری ئیمارات و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسرە کە سەنتەرێکە دژ بە ڕایەڵەو ڕێکخستنەکانی ئیخوان کاردەکات بۆیە تورکیا لە ھەوڵی ئەوەدایە ڕاستی ئەو ھەواڵانە بسەلمێنێ لەوکاتەدا تورکیا ھیچ نەرمی چاوپۆشی یەک لە ئیمارات و سعوودیەو میسرناکات .
ھەر سەبارەت بە ئیمارات ڕۆڵی میدیاکانی ئەو وڵاتە بوو کە کەناڵی سکای _نیوز ی عەرەبی کە لەو وڵاتە ەوە پەخش دەکات و ئەوان سپۆنسەرین یەکیک بوو لەو کەناڵانە کە بۆیەکەم جار ھەواڵی کودەتاکەیان پەخش کردو ئاماژەیان بەوەدا کە دۆخێکی نائاسایی لە تورکیا ڕوویداوە فڕۆکە کان بە ئاسمانی ئەنقەرەو ئەستەمبوڵ دەخوولێنەوە و داخستنی پردی بوسفۆرو ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەم بەیانی سوپا لەسەر گرتنە دەستی دەستەڵات لە پێناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە بووە سەرچاوەیەک بۆ
زۆربەی کەناڵەکانی عەرەبی و میسری ومیدیاکانی تریش .ھەروەھا کەناڵەکە بەوەشەوە نەوەستا لەسەر حسابەکەی لە توێتەر ھەندێک ھەواڵی تری بڵاوکردەوە لەوانە خۆشحاڵی خەڵک بە دابەزینی تانکەکان بۆ سەر شەقامەکان و ھەواڵی داواکردنی مافی پەنابەری ئەردۆگان لە ئەڵمانیا و ھەروەھا ھەواڵی ئەوەی ئەردۆگان لە شوێنێکی پارێزراودایە .
٢. حسابی موجتەھید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر کە بە حسابێکی نزیک لە بنەماڵەی ئالسعود ناسراوە بە ناوی خوازراوەوە دەجریوێنێ لە جریووەیەکدا دەڵێت بەرپرسانی باڵا لە سعوودیەو ئیمارات ئاگاداری کودەتاکەی تورکیا بوون بە ماوەیەکی زۆر پێش ڕوودانی .
٣. موحەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ھەروەکو لە ماڵپەڕی ساسە پۆست دا ھاتووە بە دووری نازانێت کە عەرەبستانی سعوودیە ڕۆڵی ھەبووبێت لە کودەتاکەدا ھەروەکو لە دانیشتنێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ئاماژەی پێدا وتی ھەندێک وڵات کودەتاکەی تورکیایان پێ خراپ نەبووە لەوانە سعوودیە .
٤. میسر دەنگ بە بەیانێکی ئەنجوومەنی ئاسایش نادات سەبارەت بە سەرکۆنەکردنی کودەتاکەی تورکیا , ھەروەکو دیارە ھەر لە ٣ تەمووزی ٢٠١٣ ەوە تورکیا پشتیوانی لە سەرۆکی لە سەر کار لابراوی میسر دەکات و ڕژێمی ئێستای میسر بە کودەتاچی ناودەبات و ھەروەھا ئەردۆگان لە دوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدان بۆ مورسی تووڕەیی نیگەرانیەکانی خۆی نەشاردەوەو سەرسوڕمانی خۆی لە بێدەنگی ڕۆژئاواییەکان دەربڕی لە ئاست ئەوەی لە میسر ڕوودەدات و وتی میسرسزای لە سێدارەدان بەسەر سەرۆکێک دا دەدات کە لە ٥٢% دەنگەکانی بە دەستھێناوە .
٥. ناکۆکیەکانی ئیسرائیل و تورکیا
ئالۆن لیئیل باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەنقەرە لە ھەڤپەیڤنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل خوازیاربوو کە نموونەیەکی نوێ لە تورکیا ببینێت وەکو سیسی لە میسر ھەروەھا زیاتر دەڵێت ئیسرائیل ١٤ سەعات چاوەڕوانی کرد تا ئاکامی کودەتا شکستخواردووەکە ئاشکرا بوو وێنەکە تەواو ڕوون بووەوە ئینجا ھەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند .
ھەروەھا لیئیل زیاتر یش دەڕواو دەڵێت جەماوەری ئیسرائیل خوازیاری ئەوەبوو ئەردۆگان بڕوخێت و سیسیەکی نوێ دەسەڵات بگرێتە دەست لە تورکیا چونکە ئیسرائیلیەکان سیسیان خۆشدەوێت و دەتوانن ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن ھیوادارن تورکیاش وەکو میسری لێبێت.
لەلایەکی ترەوە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ھا ئارێتسی ئیسرائیلی لە کاتێکی پێشووتردا ئاماژە بە لێدوانێکی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل یائیر جۆلان دەکات کە وتوویەتی بوونی سەرۆکی ئێستای تورکیان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و پارتی دادو گەشە پێدان لە دەستەڵات لە تورکیادا مایەی سەرئێشەو کێشەی زۆر و ئالنگاری گەورەن بۆ ئیسرائیل کە ئەمە یەکەمجارە لێدوانێکی ئاوا لە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە بدرێت .
٦.ئایا فەرەنسا ئاگاداری کودەتاکە بوو ؟
لە ١٣ تەمووز ٢٠١٦ دا فەرەنسالە بەیانێکدا ڕایگەیاند کەوا باڵوێزخانەکەی لە ئەنقەرە و ھەموو نێردە دبلۆماسیەکانی لە تورکیا دادەخات و ھەروەھا ئاھەنگەکانی ڕۆژی نیشتمانی ١٤ تەمووز کە بڕیاربوو سازبدرێت لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئەزمیر ھەڵوەشێنرایەوە لە بەر ھۆکاری ئەمنی بەبێ ئەوەی وادەیەک دیاری بکرێت بۆ دەست بەکاربوونەوەیان .کە پێشتر کونسڵیەی گشتی فەرەنسالە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاندبوو کە ھەڕەشەی ترسناک ھەیە لە سەر ئاھەنگی ١٤ تەمووز .
٧. ماوەتەوە ڕۆڵی ئەمریکا لە کودەتاکەدا ھەرچەندە ھەر پاش چەند سەعاتێکی کەم لە ڕوودانی کودەتاکە ئیدارەی ئۆباما ڕایگەیاند کە ئەوان پشتیوانی لە حکومەتی ھەڵبژێراوی خەڵک دەکەن بەڵام ( لیام ئینجدال ) نووسەرو وانەبێژو ڕاوێژکار ئیستراتیجی دەڵێت بزوتنەوەکە ی فەتحوڵاگولەنی تۆمەتبار بە نەخشەداڕێژەرو جێبەجێ کاری کودەتاکە لە لایەن تورکیاوە بزوتنەوەیەکە دەستکردی ئاژانسی ھەواڵی ناوەندی ئەمریکایەو لەلایەن ئەوانەوە دەجووڵێنرێت .لە ھەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەرەوە ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات چونکە ئەمریکا وەڵامی داخوازییەکانی تورکیای نەدایەوە بە ڕادەستکردنەوەی گولەن بەتورکیا چونکە تورکیا بەڵگەی سەلمێنەرو ڕوونی پێشکەش نەکردوون لە سەر تێوەگلانی گولەن بە کودەتاکەوەو باس لە گەڕانەوەی یاسای لە سێداردان دەکەن ھەر بەو ھۆیەشەوە وەزیری دادی تورکیا سلێمان سۆیلۆ ڕای گەیاند کە ئەمریکا لە پشت کودەتاکەوەیە .
ھەرچەندە گولەن زۆر بە توندی ھەمو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و خۆی بە یەکێک لە قوربانیەکانی کودەتاکانی پێشووتری تورکیا دادەنێت و دەڵێت من لەو باوەڕدام کە دەبێت گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە ڕیگەی سندوقەکانی ھەڵبژاردنەوە بێت , ھەروەھا گولەن نیگەرانیەکانی خۆی نەشاردەوە لەوەی کە ئەم کودەتایە وەکو سیناریۆیەک و فێڵێکی سیاسی بەکاربێت بۆ ڕاوەدونانی لایەنگرانی گۆڕینی شانۆی سیاسی بۆ بەرژەوەندی ئەردۆگان خۆی .