بورھان شێخ ڕەئوف : ئەگەرچی بێش کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ تەموزی ڕابردوو لە تورکیا ئەردۆگان دەستی بە زنجیرەیەیەک بەخۆدا چوونەوە پاشگەزبوونەوە لەو سیاسەتانەی ڕابردووی کردبوو بەوەی داوای لێبووردنی لە ڕوسیاکرد لە بەرامبەر خستنە خوارەوە ی فڕۆکە سیخۆی ٢٤ ەکەی ھەروەھا لە گەڵ ئیسرائیلیش ھەمان ھەنگاوی نا .
ئێستاش لەدوای کودەتاکە بە شێوەیەکی خێراتر وەخۆ کەوتووە سەرەڕای دەستگیرکردنی ھەزاران کەس لە چین و تۆێژەجیاوازەکانی ئەو وڵاتە وەدەرنانی ھەزاران کەس لە سەرکارلە دامو دەزگاکانی حکومەتی تورکیادا کە پێناچێت ئەو ژمارە زۆرە بەشداری کودەتاکەیان کردبێت .
بەڵی دوای ھەموو ئەو کردارانەی ئەردۆگان لە دوای کودەتا شکستخواردوەکە کە بووە مایەی ڕەخنەو گلەیی و گازندەی زۆری ئەورپیەکان و ئەمریکیەکان کە بە سەرکوتگەرو پێشێلکەری مافی مرۆڤ وەسفیان کرد و ھەڕەشەی ئەوەی لێدەکەن کە دەرگاکانی یەکێتی ئەوروپای بە ڕوودا دابخەن کە ساڵانێکی درێژە لە ھەوڵی ئەوەدان تورکیا ببێتە ئەندام لەو یەکێتیەدا ھەروەھا ھەڕەشەی ھەڵوەشانەوەی ڕێکەوتننامەی واژۆکراو دەربارەی پەنابەران .
ھەموو ئەوانە سوڵتان ئەردۆگانیان زۆر نیگەران کردووە کە ھەموو دەرگاکانیان بەڕوودا کڵۆم داوە ئامادەنین پێشوازی لێبکەن و تەنانەت دوای کودەتا شکستخواردووەکە ھیچ سەرۆکێکی ڕۆژئاوایی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشی لەتەکدا ئەنجام نەداوە وەکو سەرچاوەکان باسی دەکەن بۆیە ئەردۆگان بە پەلە خۆی کردا بە ڕوسیادا بە فلادیمیر پۆتینی دەگووت برادەر ھەر چوار خولەک جارێک لەو چاوپێکەوتنە درێژەی لەتەک ئاژانسی تاسی ڕوسی کردی .
ئەردۆگان و پوتین لەسەرچی ڕێککەوتن ؟
لەو کۆبوونەوە داخراوەی نێوانیاندا کە زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند کە لە ئاکامی ئەو ھەنگاوە خێرایانەی دەنرێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە بواری ئابوری و سیاسی و سەربازی پێدەچێت ڕەنگدانەوەی گرنگی ھەبێت لە سەر قەیرانی سوریاو ھاوپەیمانی تر لە ناوچەکانی ترو بە تایبەتی قەوقاز.
بەڵام گرنگترین دووخاڵ کە دزەی کردووە بۆ ڕۆژنامەکان تا ئێستا لەسەری ڕێککەوتون ئەمانەن :-
١. ڕوسیا خوازیاری ئەوەبوون لە سوڵتان کڵۆم دانی سنوورەکانی سوریا و تورکیا لە ھەموو کۆمەک و پشتیوانیەکانی ماڵی و سەربازی بۆ ھەموو تاقم و گروپە تیرۆریستیەکان لە سوریاو ھەوڵنەدان و ھەنگاونەنان بۆ گۆڕینی ڕژێمی حوکم لە سوریا وھەروەھا وەدەرنانی ھەموو شۆڕشگێڕانی شیشانی و قەوقازی لە تورکیا.
٢. لە بەرامبەریشدا سوڵتان خوازیارە لە مۆسکۆ کە بەڵێنێکی فەرمی بداتێ کە ھیچ کۆمەک و پشتیوانی و ئاسانکاریەک نەکات بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی بە درێژایی سنووری سوریاو عێراق و لە باشوری خۆرھەڵاتی تورکیاش. لابردنی ھەموو سزا ئابوری کۆت و بەندەکانی بەردەمی و پەلەکردن لە ڕاکێشانی ھێڵی غازی سیلی تورکی .
ھەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە لەوەناچێت وا ئاسان بێت بەڵام لێدوانەکانی بن عەلی یڵدرمی سەرۆک وەزیرانی تورکیا کە وتی سوریاو وڵاتانی ناوچەکە پێشکەوتنی جوان بە خۆیانەوە دەبینن و ھەروەھا داخوازی مەولود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ڕوسیا کە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دژبە داعش ئەنجام بدەن و ھەروەھا لێدوانەکانی ئەردۆگان بۆ ئاژانسی تاسی ڕوسی کەوتی نامەوێت سوریا لەبەریەک ھەڵوەشێتەوە لەھەمانکاتیشدا وتی بەڵام لەسایەی بەشار ئەسەدا ئەستەمە ھەروەھا سەرادانیکردنی شاندێکی تورکی کەلە سێ لایەن پێکدێت لە سوپاو ھەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە بۆ مۆسکۆ بۆ کۆبوونەوە لە تەک ھاوتا ڕوسیەکانیان بۆ باسکردنی دۆخی سوریا .
وادیارە ئەردۆغان خۆی یەکلایی کردۆتەوە لەگەڵ بۆچوونی ڕوسیاو ھاوپەیمانەکانێتی بۆ قەیرانی سوریا کە لەناوبردنی تیرۆرە بە یەکجارەکی کە ئەمەش لەلایەن تاقمە تیرۆریستەکانەوە وا بە ئاسانی تێپەڕنابێت کە گەلێک خانەی نووستویان لە تورکیا ھەیە و تەقینەوەکانی ئەستەمبووڵ وئەنقەرە شاھیدن .
ماوەتەوە ھەڵوێستی ڕژێمی ئەسەد تائێستە ھیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە پێدەچێت لە کەناڵە تایبەتەکانی مۆسکۆەوە ئاگاداربکرێنەوە و ڕای خۆیان ئاشکرا بکەن .
ھەرچەندە جارێ زووە ھیچ شتێک بڵێم لەسەر ئەم کۆبوونەوە گرنگەی نێوان قەیسەرو سوڵتان بەڵام لەوانەیە زۆر ھاوکێشەو ھاوپەیمانێتی لەناوچەکەدا گۆرانکاری بەسەردابێت .