بورھان شێخ ڕەئوف
دوێنی ١٢/٩ /٢٠١٦ کە ئیمێڵەکەمم کردەوە یەکێک لەو نامانەی کە وێبسایتی ( المێدر ) ئیسرائیلی بە زمانی عەرەبی بۆی ناردبووم ئەو ناونیشانەی سەرەوە بوو کە بە داخەوە تووشی شۆکی کردم چونکە لە دووساڵی ڕابردوودا لە گەرمەی شەڕو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە چەندین وتارو بەرنامەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن زۆر بە پۆزەتیف و باسی ئەزموونی ئەو بەشەی کوردستانم کردوەوە ئاماژەم بە لێبوردەیی و ھەڵوێستی جوانمەردانەی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە کەمینە ئتنیکی و ئاینیەکان کردووە .
ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکە باس لە ھەواڵێکی سەرنج ڕاکێشی ڕادیۆی ئیسرائیل دەکات کە جەنگاوەرە کوردەکان کە کەمینەیەکی کوردن لە سوریا خاوەنی سۆزو لایەنگری زۆری ئیسرائیل و جیھانیشن تاوەکو ئێستا لە بەرئەوەی لە ڕابردوودا کەمینەیەکی زوڵم لێکراوو ژێردەستە بوون و تەنانەت توێژێکی بەرینیان مافی ھاووڵاتیبوون و ھەڵگرتنی ڕەگەزنامەی سوریشیان نەبوو.
بەڵی ھەواڵی ڕادیۆکە باس لەوە دەکات کە شەڕڤانەکوردەکان ھیچ جیاوازیەکیان لە گەڵ چەکدارانی داعش و ڕژێمی سوریا نیە لە ھەڵسووکەوت لە گەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە لەو شوێنانەی حوکمڕانی دەکەن چ بە بەکار ھێنانی ئەشکەنجەو ئازارو کوشتن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ .
ھەرچەندە ڕادیۆکە پشت بە لێدوانێکی چەکدارێکی پێشووتری سوپای ئازادی سوریا دەبەستێت ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەو لایەنە بەوەناسراون ھێزێکی شۆڤێنی و دژ بە مافەکانی کوردن لە سوریا ناکرێت بە ئەو لێدوانە بە ھەند وەربگیرێت بەڵام پێویستە لە لایەنە بەرپرسەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ڕابردوودا چۆن سەرنجی ھەموو جیھانیان بۆلای خۆیان و کێشەی ڕەوای کورد ڕاکێشا بۆ ئێمەی چاودێرانی دۆخی ئەوێ جێگەی شانازی خاڵی ڕوون گەش بوون ئێستاش بە دوداچوون ولێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئەو ھەواڵە بکەن و ئەگەر کرداری واش ڕویدابێت ئەنجامدەرانی سزا بدرێن .
ئەگەرچی ماڵپەڕەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا سۆزو پێزانی گەلی جوولەکەی بۆ کورد نەشاردۆتەوەو باس ھاوکاری کورد دەکات لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ جوولەکان کە لە عێراق و سوریاوە دەرباز بن بۆ ئیسرائیل و ئێستاش کورد نەوت بە ئیسرائیل دەفرۆشێت .