بورھان شێخ ڕەئوف
دەوڵەتی تورکیای نوێ لە دوای ڕووخان و ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانیەوە لە ساڵی ١٩٢٣ وەکو دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە دروشمی یەک نەتەوەو یەک وڵات و یەک ئاڵا نکووڵی لە ھەموو پێکھاتەکانی تری ئەو وڵاتە دامەزرا ,ھەرچەندە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانیدا کە ئیمپراتۆریەتیەکی ئیسلامی بوو ھەرلە سەدەی شانزەوە٢٥ میرنیشینی کورد بە ھۆی ئیدریسی بتلیسیەوە کە لە کۆشکی عوسمانی کریکردووە گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک لە گەڵ دەوڵەت کە کوردەکان جۆرێک لە سەربەخۆییانھەبێت لە بەرامبەردا باج و لەکاتی جەنگدا یارمەتی سەربازی بدەن . لە ھەمانکاتدا بەڵگەیەکی مێژوویی تر کەلەسەدەی شانزەدا باسی پەیوەندی کوردو عوسمانی دەکات فەرمانێکی سوڵتان سلیمانی قانونیە بەناوی ((حوکمی شەریف )).
بەڵام ئەوەی گرنگەو جێگەی ھەڵوێستە لە سەرکردنە سەردەمی کۆماری تورکیای عیلمانی و بەناو دیموکراسیە کە دوای چوار سەدە نکووڵی کردنە لە گەلانی ئەو وڵاتە کە کورد وەکو پێکھاتەیەکی گەورەو گرنگ و ئەرمەن و عەلەوی و شەرکەس و ئەوانی تریشن کە لە دەستووری ئەو وڵاتەدا باسێک لە بوونیان نیەو بۆیان نیە بە زمانی دایکی خۆیان بئاخفن و بنووسن وبخوێنن و حاشا لە بوونیان دەکرێت .
بۆ ڕوونکردنەوە و سەلماندنی ئەو ڕاستیەش پێمباشە پشت بە دوو نووسەری خاوەن ویژدان و مرۆڤدۆستی تورک ببەستم کە ئەوانیش د.ئیسماعیل بێشکچی و جەنگیزچاندار ن .
١.سەرەتا بیرمەندو تێکۆشەریگەورەی تورک د.ئیسماعیل بێشکچی کە دۆستێکی دڵسۆزو ئازاو نەترسی کوردەو ھەر لەو کاتەی کە خزمەتی سەربازی دەکرد لە ولایەتەکانی بدلیس و ھەکاری ساڵەکانی ١٩٦٢_ ١٩٦٤ کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەنازۆڵ ناسرابوو کوردو کوردستانی ناسی کاتێک چووە ناو ئەو شارانەوە وەکو جیھانێکی تازەی دۆزیبێتەوە وەھا بوو بینی گەلێک زمان و کەلتوورو جل و بەرگ و مێژووو جوگرافیاو ھەموو شتەکانی لە تورک جودایە ھەرلەو کاتەوە ئیتر بێشکچی مرۆڤ و بیرمەند لە و بارودۆخە تاریک و پڕ لە نابەرابەریەدا چوو بە گژ ھەموو ئەو ئایدیولۆجیای شۆڤێنی فەرمی دەوڵەتی تورکیادا ھەموو ژیانی خۆی بەخت و تەرخانکرد بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو نەزمە نەگریس و ناڕەسەنەی دژ بە کورد و ھەمو گەلانی تری تورکیا .
لە وڵاتێکدا کە وشەکانی کوردو کوردستان قەدەغەبوون سزاو زیندان و برسی کردن و لێپێچینەوەی یاساییان لەسەر بوو بێشکچی وەکو لێکۆڵەرێکی ڕەسەن و پاک و خاوەن ڕەوشتێکی بەرز و دیموکراسیخوازێکی بێنەزیر ژیانی خۆی تەرخانی بەرەڤانی لە حەقیقەتی بوونی کورد کرد ھەموو ئەو کۆسپ و سزاو یاسا ناڕەواو قەرەقووشیانە نەیان توانی بێشکچی سارد و پەشیمان بکەنەوە لەوەی کۆڵ لەو خەباتە بدات کە لە ئاکامدا زیاتر لە دەجار زیندانی کراو حەڤدەساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەربرد لەو پێناوەدا , ھەرچەندە زۆر وتەو ھەڵوێستی جوانتری ھەیە دەربارەی کورد بەڵام لێرەدا ھەر بواری ئەوەندە ھەیە .
٢.جەنگیز چاندار ڕۆژنامەوان و خاوەنی کتیێبی شەمەندۆفەری میزۆپۆتامیا یەکێکی ترە لەو نووسەرەی بە ھەڵوێست و ویّژدانانەی کە باسی کێشەی کوردی بە ئینسافەوە کردووە و بە ئەندازیاری دروستکردنی پەیوەندی کورد و دەوڵەتی تورکیا ناسراوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دوای ئەوەی خەریکی خوێندنەوەی کتێبە بە پێزەکەی بووم پێم باشبوو ھەندێ لە سەرنج وبیروڕاکانی بخەمە ڕوو بۆ پشتڕاسکردنەوەی وتارەکەم .
جەنگیز چاندار کە ئەوکات یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا تورگۆت ئۆزال دەبێت لە ھەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کورد بەتایبەتی بەرێزمام جلال و دەوڵەتی تورکیادا دەبێت دەڵێت لەناو ئۆتومبیلەکەی سەرۆکداویستم بڵێم جەلال تاڵەبانی تەلەفۆنی کرد یەکسەر قسەکەی پێ بڕیم و بە دەستی چەپی باڵی ڕاستی منی گوشی و وتی دواتر قسە لەسەرئەوە دەکەین بە پەنجە ئاماژەی دەستی ڕاستی بۆ یاوەر سەربازییەکەی کرد کە لە کوشنی پێشەوەی ئۆتومبێلەکە دانیشتبوو کە پلەی سەربازی ڕائید بوو وتی دواتر قسە لە سەر ئەوە دەکەین نەیھێشت قسە بکەم .
جەنگیز دەڵێت سەرم سووڕما سەرکۆماری تورکیا کە لەکاتی جەنگی کەنداو ببووە دەوڵەتمەدارێکی نێودەوڵەتی بە ئەندازەیەک لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا نزیک بوو کەبەناوی بچووکەوە بانگی یەکتریان دەکرد لەگەڵ ئەوەی کە سیفەتی فەرماندەی گەورەی ھەیە دەترسا لەوەی کەلە تەنیشت یاوەرەکەیدا کە پلەی ڕائیدی ھەیە بکەوێتە ناو قسەو باسێک کە تێیدا ناوی سەرکردەیەکی کورد دەھێنرێت , تورگۆت ئۆزال کەسێکی زۆر بەھێز بوو بەڵام کاتێ بابەتەکە کە پەیوەندی بە مەسەلەی کوردەوە ھەبوو تەنانەت ئەویش لە بەر ھەڵوێست و پێگەی سوپا نەیدەتوانی بە ئاسانی خۆی لە باسێکی زۆر سادەش بدات .
لە ئێستاشدا حکومەتەکەی بیناڵی یڵدرمیش ھەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات لە دوا سەردانیدا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان خۆی لەوە پاراست ناوی ھەرێمی کوردستان ببات کە ھەرێمێکی یاسایی و دەستوورییە و وڵاتان مامەڵەی فەرمی لە گەڵدا دەکەن و قەوارەیەکی فەرمی و دانپێدانراوە لە ڕووی نێوەدەوڵەتیشەوە و ئەو بە ئیدارەی باکوری عێراق ناوی برد و لە دوا لێدوانیشیدا بیناڵی یەڵدرم سەبارەت بە کێشەی کورد لە باکوری کوردستان وتی شتێک نیە لە تورکیا بەناوی کێشەی کورد بەڵکو کێشەی تیرۆر ھەیە .
ئەمەیە نکووڵی کردنی حکومەت و شەقام و سوپا لە تورکیا لە حەقیقەتی بوونی کورد لەو وڵاتەدا .