بورھان شێخ ڕەئوف
لە سەرەتای ئەم مانگەوە و لە کاتێک کە سەرۆکی تازەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ دەستی بە دەرکردنی فەرمانە کارگێڕییەکانی کرد و یەکێک لەو فەرمانانە قەدەغەی چوونی ھاوڵاتیانی حەوت وڵاتی موسڵمانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو بۆ ئەمریکا
ھەربۆیە ھاوکات لەچوند شوێنێکی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانی ناڕەزایی و توندوتیژی لێکەوتەوە کە لەوانە سووتاندنو پەلاماردانی مزگەوتی مووسڵمانەکانو (کەنیس ) یەھوودەکان.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ھەڵوێستی جوولەکەو کریستیانەکانی ئەو وڵاتەیە بەرامبەر بە موسڵمانەکان لە دوای دەستدرێژی بۆ سەر مزگەوتەکەیانیان لێرەدا پێمباشە ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەندیپەندیتی بەریتانی بکەم کە دەڵێت جوولەکەکان لە شاری ڤیکتۆریای ولایەتی تەکساسی ئەمریکا کلیلی پەرستگاکەی خۆیان واتە (کەنیس ) یان داوە بە موسڵمانەکان بۆ ئەوەی ئەرکە ئاینیەکانیانی تێدا بەڕێوە ببەن .
ڕۆژنامەکە زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێت شاھید ھاشمی کە دکتۆرێکی پسپۆڕەو بەرپرسی سەنتەری ئیسلامی ڤیکتۆریایە وتی ھیچ شتێکی لە ناکاو کتوپڕ نەبوو بۆمان ھەڵوێستی جووەکان چونکە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ کۆمەڵگای ئێرەدا زۆر باشە و ھەروەھا ھاشمی وتی سەرەڕای کۆمەک و دەستپێشخەری جووەکان بەڕێوەبەرانی سێ کەنیسەی کریستیانەکانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ کردنەوەی کەنیسەکانیان بۆمان بۆ بەجێھێنانی ئەرکە ئاینیەکانمان .
لە ھەمانکاتدا ھاشمی دەڵێت نەک ھەرکۆمەکی کەنیس ی یەھودی و کەنیسەی کریستیانەکان بەڵکو زۆر خەڵکی تریش لە دانیشتووانی شاری ڤیکتۆریا کۆمەکیان کردین بە شێوەیەک کە لە ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی بەخشین و یارمەتی بۆ بنیاتنانەوەی ناوەندەکەمان لە سەر تۆڕی ئەنتەرنێت زیاتر لە یەک ملێۆن دۆلاریان کۆکردەوە ئەمە لە کاتێکدا لەو شارەدا تەنھا نزیکەی سەد موسڵمان دەژین .
لە لایەکی ترەوە لە ٢٠ / ی ئەم مانگەد ا شوبات ٢٠١٧ کاتێک گۆڕستانێکی جووەکان لە شاری سانت لوێس لە ئەمریکا بەر شاڵاوی تێکدان کەوت کۆمەڵگای موسڵمانان لەوێندەرێ لە ھەڵمەتێکی ھاوپشتی و کۆمەکی جووەکان لەماوەی کەمتر لە سێ سەعات زیاتر لە ٢٥ ھەزار دۆلاریان کۆکردنەوە بۆ چاککردنەوەی گۆڕەکان لە ھەمانکاتدا ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی دژی ڕق و کینەوە توندوتیژی و خوازیاری تۆلیرانس بوون واتە لێبووردەیی و پێکەوەژیان بوون .
ئێستا لە دوای ئەو ھەوڵ و ڕاپۆرتانە دەکرێت بپرسین ئەرێ خێرە لە ئەمریکاو ئەوروپا دەکرێت ھەموو ئایین وئاینزاکان بە یەکەو بژین وبە دەم ئێش و ئازاری یەکدییەوە بچن ولێرە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین خوێن لە نێوانیاندا بڕژێت ؟
خێرە لێرە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین ماکی ئەم دەردە چیە کە یەکتر ناخوێنینەوە و یەکتر دەسڕینەوە دەبێت ھۆکارو عیلەتەکانی چی بن ؟
دەبێت بپرسین کاتی ئەوە نەھاتووە لە ئاستەکانی باڵادا ھەر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بگرە تا وڵاتانی زلھێزی وەکو ئەمریکا بەریتانیا و ڕووسیا و چین و ھندستان توێژینەوەی زانستی قووڵ و درێژی بۆ بکەن و یارمەتی گەلانی ناوچەکە بدەن کە لە م تونێلی مەرگ وکارەساتینەبڕاوەی خوێن ڕشتن دەربچن ؟