بورھان شێخ رەئوف
مەبەست و ئامانج لە بنیاتنانی ناوچەی ئارام لە سوریا یان لە ھەر شوێنێکی دی پاراستن و پارێزگارییە لە خەڵکی سڤیل و ئاوارەو لێقەوماوە , ھەروەھا بڕیاری دامەزراندنەکەی پشت بە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت بە دیاریکراوی بەشی حەوتەم لەو بەیاننامەیە کە دەسەڵات دەدات بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی کە ھێز بەکاربھێنێت بۆدابینکردنی ئاسایش و ئاشتی جیھانی ھەروەکو چۆن لە ساڵی ١٩٩١ ناوچەی دژەفڕینی بۆ کوردستانی باشوور دامەزراند بە بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایش .
بیرۆکەی بنیاتنانی ناوچەی ئارام لە سوریا شتێکی تازە نیەوە لە چەند ساڵی ڕابردووی قەیرانی سوریادا زۆر جار خراوەتە بەرباس بەڵام ئیدارەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئۆباما بە ھەموو شێوەیەک دژی دەوەستا لە بەر چەند فاکتەرێک لەوانە تێچووی زۆری ئەو پرۆسەیە و پێویستی ناردنی ھێزی سەربازی زۆرو سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین کە ئەمەش بوار بە فڕینی ھیچ فڕۆکەیەکی ڕوسی و ئێرانی نائەدا کە ئەمەش ئەگەری ئەوەی ھەبوو ببێتە ھۆی پێکادان لە گەڵ فڕۆکەکانی ئەو وڵاتانەدا تێوەگلانی ئەمریکا لە قوڕو لیتاوی سوریا کە ئۆباما خۆی لێ لادەدا .
گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ گۆڕەپانی سوریا
لە دوای ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا لە ناوچەکەدابەجۆرێک لە جۆرەکان پاشەکشەی کردبوو بە گشتی و لە سوریا بەتایبەتی ھاوپەیمانی ڕوسی و تورکی ئێرانی ببوون بە کارەکتەری ڕاستەوخۆی ڕوداوەکانی سەر گۆڕەپانی سوریا کە دواترینیان کۆنگرەی (ئەستانە )بوو بۆ ئاگربەس و دواتر چارەسەری قەیرانەکانی سوریا بۆیە ئیدارەی نوێ ی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە ھەوڵی وەرگرتنەوەی ڕۆڵی کاراو پێشەنگی ئەمریکایە لە ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە لە چەند ڕیگایەکەوە یەکێک لەوانە بنیاتنانی ناوچەو پەناگەی ئارامە بۆ ئاوارە و قوربانیە کانی دەستی تیرۆرو شەڕو ململانێکانی سوریا لە ناو خاکی سوریادا ھەر چۆ ن لە کاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو .
ناوچەو پەناگەی ئارام
لە دوای دەست بەکاربوونی لە ٢٠ کانوونی دووەم ٢٠١٧ دۆناڵد ترامپ یەکێک لەو بابەتانەی کە مەبەستی بوو جێبەجێ ی بکا ناوچەی ئارام بوو لە سوریا بۆیە فەرمانی بە وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە کرد کە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا پلان و بەرنامەی پێویست دابنێن بۆ بنیاتنانی ئەو ناوچانە لە سوریا ووڵاتانی دراوسێ ی کە ھەمووئەو ئاوارەو لێقەوماوانە بگرێتە خۆ بەڵام ھیچ باسێکی لە شوێن و جێگەو کێ سەرپەرشتی و بەڕێوەی دەبا ناکا لە لایەکی ترەوە سەرۆک ترامپ لەو بڕوایەدایە کە ئەوروپاھەڵەیەکی گەورەی کرد کە بواری دا کە ملیۆنەھا ئاوارەی سوریا بچنە ئەڵمانیاو وڵاتانی تری ئەوروپاوە لە لایەکی تریشەوە ئەو کارتی فشارە ی لە دەستی تورکیا دەردەھێنا کە ھەڕەشەی ئەوروپای پێدەکات ھەمیشە کە ڕیگری ناکات لە شاڵاوی ئاوارەکان بەرەو ئەوروپا کە لە بەرامبەردا داواکاری ماڵی و کردنەوەی دەرگای وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە ڕووی ھاوڵاتیانی تورکیادا .
بڕیاری ئەمریکاو پارەی سعوودیە و ئیمارات
دوای ئەنجامدانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لە نێوان پادشای عەرەبستانی سعودیەمەلیک سەلمان و سەرۆکی ئەمریکا ترامپ کرا ھەرچەندە لە کاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا ترامپ زۆر لێدوانی زبرو نیگەرانکەری ئاراستەی عەرەبستان کردبوو بەڵام وەکو دەرکەوت ترامپی کاتی بانگەشە ترامپی ناو کۆشکی سپی نەبوو بۆیە ھەر زوو زۆرێک لە تێڕوانینەکانیان لە سەر ڕوداوەکانی ناوچەکە جووت و تەبا بوون بە تایبەتی ھەڵوێستیان لە سەر ھەژموون و دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی لە عێراق و سوریاو لوبنان ویەمەن بۆ یە ھەر خێرا عەرەبستان و دواتر ئیماراتیش قایل بوون بە پێدانی فاتوورەی ناوچەی ئارام .
ھەڵوێستی ڕوسیا و ئێران و تورکیا وڕژێمی سوریا
ڕاگەیاندنی فەرمانەکەی ترامپ بۆ وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە بۆ ناوچەی ئارام لە سوریا ھەروەکو وتەبێژی کرملین وتی بۆ ئێمە مایەی حەپەسان و سەرسووڕمان بوو چونکە لە کاتی پەیوەندی تەلەفۆنی ھەردووسەرۆکدا واتە پۆتین وترامپ ھیچ ئاماژەیەک بە ناوچەی ئارام نەدراوە تەنھا باسی پەیوەندی ھەردوو وڵات و لەناوبردنی توند ڕەوی تیرۆری داعش کراوە ھیچ ھەماھەنگیەک نەکراوە بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام و کاردانەوەو لێکەوتەکانی .
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێرانیشەوە ھەیە ھەندێ لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئێران زەرەرمەندێکی گەورەی ئەم کردەوە دەبێت بەوەی کە دەبێت ھێزەکانی خۆی و حزبوڵایش دەبێت لە سوریا پاشەکشە بکەن .
تورکیا تەنھا وڵات بوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا خوازیاری ناوچەی ئارام بوو لە ناوخاکی سوریادا بەڵام لە ئێستادا بە ھۆی گۆڕانکاری لە یارییەکەدا ئەو جدییەتەی جارانی پێوەدیار نەماوە و چاوەڕوان و چاودێری میکانیزمی جێبەجێ کردنی دەکات .
حکومەتی سوریاش ئەم ھەنگاوە دژ بە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی و بە پەناگەیەک بۆ گروھەتیرۆریستەکان دەزانێت .ھەرچەندە جارێ فۆرم و میکانیزمی ئەو ناوچانە بەدەر نەکەوتووە و تا ٩٠ ڕۆژەکە تەواو نەبێت نازانرێت ئەو ناوچانە لە چ شوێنێکی سوریا یان وڵاتانی دراوسێ ی سوریا دادەمەزرێن بەڵام بۆ کورد بە بڕوای من گرنگیەکی تایبەتی دەبێت و وەکو چۆن لە باشوری کوردستان ناوچەی ئارام و دژە فڕین بووە ھەرێمی فیدراڵی کوردستان لە عێراقدا پێدەچێت لە سوریاش بە ھەمان ئاکاردا بڕوات و کورد ی ڕۆژاوا لە ھەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکە بپارێزێت .